|
|
|
|
به‌ریه‌ککه‌وتنی ژیاره‌کان ... گفتوگۆیه‌ک له‌گه‌ڵ (یوهان گاڵتونگ)
وه‌رگێڕانی له نۆروێژییه‌وه: سه‌لاحه‌ددین عه‌بباسیی aso999@hotmail.com
ده‌رباره‌ی به‌ریه‌ککه‌وتنی ژیاره‌کان
- من پرسیارێکم ده‌رباره‌ی کۆمه‌ڵگه‌ی فره
که‌لتور (فره فه‌رهه‌نگ) هه‌یه که زۆر که‌سی دیکه‌ش ئێستا
دهیهێننهگۆڕ: ئایا بواری ئه‌وه هه‌یه کۆمه‌ڵێك یاسا و
رێسای هاوبه‌شی ئه‌خلاقیی دیاریکراو و ته‌واو پێویست،
بدۆزینه‌وه که به‌شێوه‌یه‌ك جێی ره‌زامه‌ندیی هه‌موولایه‌ك
بێ؟! لێره‌دا ”یۆهان گاڵتونگ“ باس له‌و مه‌عریفه جیاوازانه ده‌کا که بۆخۆی له ”خوان(سفره)ێکی که‌لتوریی جیهانیی“ یه‌وه هه‌ڵیبژاردوون. ئه‌و وه‌ڵام ده‌داته‌وه که: - به‌ڵێ! ئه‌مه بابه‌تێکی سه‌ره‌کییه له لێکۆڵینه‌وه له ئاشتیی و له ئاشتیی کرده‌یی و، چه‌ندین وه‌ڵامیشی هه‌یه، به‌ڵام رێگه‌م بده یه‌ك له‌و وه‌ڵامانه بده‌مه‌وه: پار، من سهرڕاوێژکاری ”ئه‌نجومه‌نی ئوروپا“ بۆ کێشه‌کانی نێوان دیان(١) و موسڵمانه‌کان بووم. ئه‌و کاته‌ی من قسه‌کانم ده‌کردن، که بریتی بوون له ئه‌نجامی لێکۆڵینه‌وه‌که‌م له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته،-44-وه‌زیری رۆشنبیریی-44-وڵاتی ئه‌ندامی ئه‌و ئه‌نجومه‌نه ئاماده‌بوون. من شێوه بیرکردنه‌وه‌یه‌ك(تێزێك)م پێشنیار کرد که له چوار لایه‌ن پێكدێت: - لایه‌نی یه‌که‌م [ به‌شی(سفر) یان (-١) ناوێکی گونجاوتره] بریتییه له ده‌مارگرژیی (لێنه‌بورده‌یی) (٢). ده‌کرێ ئه‌مه مانای کوشتن، پاکتاوی نه‌ژادیی، یاساغ‌کردن و وه‌ده‌رنان بدا. من قبوڵی که‌لتوری تۆ ناکه‌م، من قبوڵی ئه‌و که‌سه‌ش ناکه‌م که یاسا و رێساکانی من پێشیل ده‌کا. - لایه‌نی دووه‌م لێبورده‌ییه(٣). بێگومان لێبورده‌یی له ده‌مارگرژیی باشتره، به‌ڵام من له‌وێ دژی لێبورده‌یی قسه‌م کرد. گوتم، لێبورده‌یی ئه‌و مانایه ده‌دات که: من ئه‌وه‌نده گه‌وره‌م که قبوڵ ده‌که‌م تۆش هه‌بی، که‌وابوو وه‌ره و چه‌پڵه‌م بۆ لێده.... مرۆڤ کاتێك له‌م خاڵه باشتر تێده‌گا که لایه‌نی سێیه‌م و چواره‌میش ببینێ. - لایه‌نی سێیه‌م گفتوگۆیه(٤). گفتوگۆ به‌سه‌ر لێبورده‌ییدا زاڵ ده‌بێ. گفتوگۆ ده‌ڵێ که تۆ جیاوازی له من. - چه‌ند خۆشه! من رێزدادهنێم بۆ ئه‌وه‌ی که تۆ له من جیاوازی. من لاپره‌سه‌نم و حه‌زده‌که‌م بزانم تۆ چۆن ده‌ڕوانیه هاوسه‌رگیریی، شه‌ڕ و ئاشتیی یان فڵان و فیسار شت؟! بۆ ئه‌وه‌ی خاڵێکی سه‌ره‌کیی موسڵمانانه وه‌ربگرین، ده‌پرسین: تۆ چۆن ده‌ڕوانیه بازرگانیی؟ ئه‌م گفتوگۆیه به هاوبه‌شیی ده‌وڵه‌مه‌ند ده‌کرێ، له‌و رێگه‌شه‌وه، لێبورده‌یی نه‌ك هه‌ر ده‌بێته هێمایه‌ك بۆ به‌یه‌که‌وه‌ژیانی ئاشتییانه، به‌ڵکو ده‌بێته هۆی دهوڵهمهندکردنێکی هاوبه‌شیش. - لایه‌نی چواره‌م ”فێربوون“ی هاوبه‌شه. زۆر ساده‌یه کاتێك مرۆڤ ده‌ڵێ: ئه‌وه زۆر خۆش بوو! ده‌کرێ ئه‌وه ببێته پێوانه‌یه‌ك بۆ منیش.
خوانی که‌لتوریی - ئێستا تۆ ”فۆرمۆل“ه‌که‌ی من ده‌بیستی. هاوینی رابردوو له کۆبوونه‌وه‌یه‌کی گه‌وره‌دا له”به‌رشلۆنا“ وتارێکم ده‌رباره‌ی ئه‌م ”فۆرمۆل“ه پێشکه‌ش کرد. یه‌کێك له به‌شه‌کانی گردبوونه‌وه‌که ده‌رباره‌ی نێوبژیکردن بوو، که من تێیدا که‌سی سه‌ره‌کیی بووم. به‌شێکی دیکه ده‌رباره‌ی که‌لتور و مافه‌کانی مرۆڤ بوو که تێیدا نه‌فه‌ری دووه‌م بووم. ئه‌وکات گوتم: ئێمه تێگه‌یشتنێکی زۆر رهشبینانهمان له دین هه‌یه، بێگومان، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه که تۆ ناچاری هه‌مووی قبوڵ بکه‌ی. ئه‌وه‌ش که تۆ مافی ئاوێتهکردنت نییه، له کاتێکدا که هه‌م خێر(چاکه)ی زۆر، هه‌م شه‌ڕ(به‌د)ی زۆر له هه‌موو دینێکدا هه‌ن. ئه‌زموونی ژیانی من ئه‌وه‌یه که من زۆر له‌وه ئه‌ولاتر چووم، ئه‌ویش به به‌تاڵکردنه‌وه‌ی ئه‌و دوو مه‌رجه. - من چی له دینی جووله‌که فێربووم؟ فێری گفتوگۆ بووم. فێری ئه‌وه‌بووم که راستیی (حه‌قیقه‌ت) ته‌نها راگه‌یاندن(به‌یان)ێك نییه و به‌س، به‌ڵکو راستیی میتۆدێکه و ، گفتوگۆش ئه‌و میتۆده‌یه. هه‌ر ئه‌م هۆیه‌شه وایکردووه جووله‌که‌کان باشترین خه‌ڵکانی فکریی له جیهاندا بن. - من چی له دینی دیان فێربووم؟ من له ”ئۆرتۆدۆکسیی“ فێری گه‌شبینیی و هه‌ستانه‌وه بووم. له ”کاتۆلیکیی“ فێری جیاوازییدانان له‌نێوان گوناهـ و گوناهبار بووم، ئه‌وه که تۆ ده‌توانی له‌گه‌ڵ گوناهبار ئاشتبیهوه ئه‌گه‌ر ئه‌و گوناهباره گوناهه‌که مه‌حکووم بکا و خۆی لێ دوور بگرێ. ئه‌مه ده‌قاوده‌ق خاڵی سه‌ره‌کیی ”دێسمۆند توتو“ Desmond Tutu(٥) له پرۆسه‌ی ئاشترکردنهوهی باشووری ئه‌فریقا بوو.
ئیسلام، به‌رگریی به شمشێر من چ له ئیسلام فێربووم؟! پێش هه‌موو شتێك ئه‌وه فێربووم که خودی وشه‌ی ”ئیسلام“ ده‌یگه‌یه‌نێ: ملکه‌چکردن بۆ ئاشتیی. ئیسلام له بناغه‌دا دینێکی ئاشتیخوازه، به‌ڵام لێره‌دا مه‌رجێکی دووفاقه هه‌یه: بڵاوکردنه‌وه‌ی ئیسلام به شمشێر زۆر به توندیی قه‌ده‌غه و یاساغه، که ئه‌م قه‌ده‌غه‌یه له دینی مه‌سیحییه‌تدا بوونی نییه. له‌لایه‌کی دیکه‌وه ئه‌گه‌ر تۆ له‌به‌ر باوه‌ڕه‌که‌ت هێرشت کرایه‌سه‌ر، ئه‌وکات به شمشێر به‌رگریی له‌خۆت ده‌که‌ی، به‌شێوه‌یه‌ك کاتێك ملیاردێك و سێسه‌د هه‌زار موسڵمان هه‌ستده‌که‌ن له‌لایه‌ن ئیپریالیزمیی رۆژئاوایی، به تایبه‌تیی ئه‌مریکایی،ه‌وه ده‌ستدرێژییان ده‌کرێته‌سه‌ر، ئه‌وه له بنه‌مادا ملوێنێك و سێسه‌د هه‌زار موسڵمان له‌سه‌ریانه تاوبدهنه شمشێر. ئه‌وه ئه‌مه‌یه که ئه‌مڕۆ رووده‌دا. ئه‌مه زۆر له‌وه گه‌وره‌تره که ئێستا ئه‌مریکا به‌نیازه چاره‌سه‌ری بکا. ئێمه جارێ ته‌نها به‌شێکی زۆر بچووکمان له سه‌ره‌تایه‌کی بچووك دیوه. به‌ڵام ئه‌وه‌ی ده‌بێ مرۆڤ تێبینیی بکا ئه‌وه‌یه که لێره‌دا باس له توندوتیژیی بهرگریکهرانهیه(٦) نه‌ك هێرشبه‌رانه(٧). یه‌کێك له دزێوترین ئه‌و واژانه‌ی له گفتوگۆیه‌کی موسڵمانانه‌دا به‌کارده‌برێ، زاراوه‌ی”شه‌ڕی خاچپه‌رستیی“ه، چونکه ئه‌وه مهسیحییهتێکی هێرشبه‌رانه بوو. پێش ئه‌وه‌ی راوێژکاره‌کانی رێی لێ‌بگرن، ئه‌م واژه‌یه سێ جار له‌لایه‌ن ”جۆرج بوش“ه‌وه به‌کارهێنرا. هاوکات، ناوبراو لانیکه‌م ده‌هه‌زار بانگه‌وازکه‌ر(میسیۆنێر)ی دینیی ( بیستووشمه نزیکه‌ی یه‌ك ملوێن ئینجیل)ی له په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ داگیرکردنی عێراق ره‌وانه‌ی ئه‌و وڵاته کردووه. ئه‌م شته زۆر که‌م پێی زانراوه و، ئه‌وه‌ش روونه که ئه‌م شێوه‌یه مهسیحییهتێکی هێرشبه‌رانه‌یه. هیچ شتێك له‌وه خراپتر نییه. - بۆیه، یه‌که‌م شت که من فێری بووم، ملکه‌چکردن بۆ ئاشتییه، ئه‌ویش به‌و دوو نیشانانه‌وه که: تۆ ناتوانی مه‌عریفه‌ی خۆت به شمشێر بڵاوبکه‌یه‌وه به‌ڵام ده‌بێ به شمشێر به‌رگری لێ بکه‌ی. دووه‌م شت که فێری بووم ئایه‌تی-61-ی سووڕه‌ی ”الأنفال“ه(٨). ئه‌م ئایه‌ته زۆر داهێنه‌رانه‌یه. کاتێك رکابه‌ره‌که‌ت هێمای ئاشتیی نیشانده‌دا، ده‌بێ تۆش هه‌مان شت بکه‌ی. ئه‌مه زۆر له مه‌سیحییه‌ت پێشکه‌وتووتره، ئه‌وه که ده‌ڵێ ده‌بێ روومه‌ته‌که‌ی تریشی بۆ راگری. به تێگه‌یشتنی من ئه‌مه‌ی دوایی تاڕاده‌یه‌ك نه‌زانانه و بێده‌سه‌ڵاتانه(ماسۆشیزمی)یه (٩) و هه‌رگیز قنیاتهێنهر نییه. به‌ڵام ئه‌وه که ” ئاشتیی، ئاشتیی لێ په‌یدا ده‌بێ“(Peace shall breed peace ) شتێکی زۆر گرنگه. زۆر جێگه‌ی خۆشحاڵیی بوو کاتێك له‌و گردبوونه‌وه‌ی له باره‌گای رێکخراوی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان هه‌مانبوو، من و ”هانس کونگ“ (Hans Kung ) (١٠) هه‌ریه‌كه‌مان خۆمان بۆ وتارێك ئاماده‌کردبوو. له‌وێدا هه‌ریه‌ك له ئێمه ،سه‌ربه‌خۆیانه و به‌بێ ئاگاداربوون له یه‌کتر، ئایه‌تی-61-ی سووڕه‌ی ”الأنفال“مان هێنا به‌رباس. - سێیه‌م شت که فێری بووم، ”زه‌کات“ه، ئه‌وه که چیت هه‌یه ده‌بێ له‌گه‌ڵ هه‌ژاران به‌شی بکه‌ی. داڕشتن(فۆرموله‌کردن)ێکی جوانه: نابێ دانیشی و جهمهکهت بخۆی تا دڵنیا نه‌بی که دوازده ماڵی ده‌وروبه‌رت رۆزیی و خۆراکی پێویستیان هه‌یه. ئه‌گه‌ر به‌شی پێویستیان نه‌بوو، ده‌بێ ئه‌وه‌ی هه‌ته له‌گه‌ڵیان به‌ش بکه‌ی. ئه‌مه به‌سه‌ر توندوتیژیی پێکهاته‌یی( Strukterell)دا زاڵ ده‌بێ. - ژماره دوو (ئایه‌تی-61-ی سووڕه‌ی ”الأنفال“)به‌سه‌ر توندوتیژیی راسته‌وخۆدا سه‌رده‌که‌وێ: کاتێك رکابه‌ره‌که‌ت هێمای ئاشتیی نیشانده‌دا، ده‌بێ تۆش هه‌روا بکه‌ی. نابێ ئه‌وه به لاوازیی بزانی، ده‌بێ ئه‌وه وه‌ك بانگهێشتن(ده‌عوه‌ت)ێك دابنێی. بێگومان یه‌که‌مین شت سنووردانانه بۆ توندوتیژیی راسته‌وخۆ. به‌ڵام ئه‌وه روون و ئاشکرایه که ئیسلام ”پاسیفیزم“ (١١) نییه. ئێمه باس له ”گاندییزم“ (١٢) ناکه‌ین. - چی له ”هیندویزم“ فێربووم؟ له ”هیندویزم“ فێری ”سیانه‌ی پیرۆز“ بووم. ئه‌مه باس له سێ بنه‌ما ده‌کا: ئافراندن، پاراستن و تووناکردن(له‌ناوبردن). تۆ ده‌بێ هه‌رسێکیان له‌به‌رچاو بگری. واته ئه‌وه‌ی مافی ژیانی نه‌بێ، ده‌بێ توونابکرێ. به‌ڵام ئی تازه‌ی دیکه دروست ده‌کرێ، و کۆششی سه‌ره‌کیی تۆش بریتییه له پاراستن.
- چی له ”بوداییزم“ فێربووم؟! له ” بوداییزم“ فێری پیرۆزیی ژیان بووم. پیرۆزیی ژیان نه‌ك هه‌ر بۆ ژیانی مرۆڤ، به‌ڵکو بۆ شێوه‌کانی دیکه‌ی ژیانیش. - چی له ”تاویزم“ (١٣) فێربووم؟! له ”تاویزم“ فێری ”دووانه‌ی“ی هه‌موو شتێك بووم. فێری ئه‌وه‌بووم که له شتی خێردا که‌مێك شه‌ڕ هه‌یه، له شتی شه‌ڕیشدا که‌مێك خێر هه‌یه، هه‌روه‌ها له خێری شه‌ڕیشدا که‌مێك شه‌ڕ هه‌یه و له شه‌ڕی خێریشدا که‌مێك خێر هه‌یه، به‌م شێوه‌یه چه‌ندین توێژ و ئاستی جیاواز هه‌ن. ئه‌مه باس له ئاڵۆزیی شته‌کان ده‌کا. زۆر به کۆنکرێتیی، ئه‌مه مانای ئه‌وه‌یه که ئه‌گه‌ر تۆ پێشنیارێکی ئاشتییت هه‌یه، ده‌بێ ئاگات له‌وه‌بێ که له‌وانه‌یه له‌و پێشنیاره‌دا توندوتیژییه‌کی تێدابێ که تۆ هه‌ستت پێ نه‌کردبێ.
ئه‌وه‌ی پێویستم بێ، له هه‌ر جێیه‌ك بیدۆزمه‌وه، وه‌ریده‌گرم ئه‌وه‌ی ویستوومه بیخهمهدهست، چه‌ند نموونه‌یه‌کن له‌مه‌ڕ چۆنیه‌تیی ئاوێته‌کردنی که‌لتوره جیاوازه‌کان، تا قوڵیی و فراوانییه‌کی سه‌رسوڕهێنه‌ر له ژیانی خۆتدا وهدهستخهی. له کۆبوونه‌وه‌که‌ی ”به‌رشلۆنا“دا به گوێگرانم گوت که ئه‌م ئاوێتهکردنهی ئێستا باسی ده‌که‌م پێوانه‌یه‌کی باشه، به‌ڵام ته‌نها یه‌ك لایه‌نگری هه‌یه، ئه‌ویش خۆمم. له پشووی کۆبوونه‌وه‌که‌دا، کۆمه‌ڵێك له به‌شداربووان هاتن و پرسیان: چۆن ده‌توانین له ”گاڵتۆنگیزم“دا ببینه ئه‌ندام؟!
- من تێتده‌گه‌م، ته‌واو له‌گه‌ڵتم! - وانییه؟! من وه‌دوای ئه‌و په‌نده فه‌ڕانسه‌وییه ده‌که‌وم که ده‌ڵێ“ ئه‌وه‌ی پێویستم بێ، له هه‌رجێیه‌ك بێ، وه‌ریده‌گرم“. که‌س مافی نییه پێمبڵێ مافت نییه دینه‌کان ئاوێته بکه‌ی، چونکه وه‌ڵام ده‌ده‌مه‌وه: من حاڵی حازر وامکردووه و زۆریش سه‌رکه‌وتووه. گێلیی و نه‌زانییه که باوه‌ڕمان وابێ به‌شێك له مرۆڤایه‌تیی هه‌موو مه‌عریفه‌یان پاوان(ئیحتیکار-“مۆنۆپۆل“) کردووه، هه‌روه‌ك هه‌موو ”نه‌زانیی“ یان ”شێتیی“یشیان پاوان نه‌کردووه. هه‌موو ئه‌وانه زۆر به باشیی دابه‌شکراون، ته‌نیا ئه‌وه‌یه که باشترین له هه‌مووان هه‌ڵبژێری. چه‌ند رۆژێك دوای-11-ی سێپتامبری-2001-، کوڕێکی پێنجساڵه، ناڕاسته‌وخۆ، پرسیارێکی ئاڕاسته‌ی هه‌مووان کرد. که‌ناڵی ته‌له‌فزیۆنیی سی. ئێن. ئێن به‌رنامه‌یه‌کی هه‌بوو. به‌رنامه‌که باسی ئه‌وه‌بوو که: کاتێك منداڵان پرسیاری ئاڵۆز ده‌پرسن، دایك و باوکان چۆن وه‌ڵام بده‌نه‌وه؟! له ستۆدیۆ ده‌روونناسێکی لێ‌بوو، وه‌ڵامی به‌شدارانی ده‌دایه‌وه. دایکێك ته‌له‌فونی کرد و گوتی:” کوڕه پێنجساڵانهکهم پرسیارێکی زۆر ئاڵۆزی لێکردووم: دایه! ئێمه چیمان کردووه که هێنده رقیان لێمانه شتی ئاوا ده‌که‌ن؟!( پرسیارێکی مه‌زنه!). ئێستا چی وه‌ڵام بده‌مه‌وه؟!“ ده‌روونناسی ناو ستۆدیۆکه گوتی:“ وه‌ڵامی کوڕه‌که‌ت ئاوا بده‌وه که: له جیهاندا مرۆڤی شه‌یتانیی(١٤) و مرۆڤی باشیش ( ١٥) هه‌ن و، مرۆڤه شه‌یتانییه‌کان ئێره‌یی (١٦) به مرۆڤه باشه‌کان ده‌به‌ن.“ وه‌ڵامێکی شێتانه‌یه! و سروشتییه ئه‌وه‌ش هه‌مان وه‌ڵامه که به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی ئه‌مریکا ده‌یداته‌وه. ئه‌وه هه‌مان شته که ”بوش“ به دنیادا ده‌گه‌ڕێ و هه‌میشه ده‌یڵێته‌وه. ئه‌وکات که یه‌که‌مین خه‌ڵاتی ”کۆمه‌ڵه‌ی ده‌روونناسانی ئه‌مریکا“م له‌سه‌ر هه‌وڵه دیارهکانم بۆ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کان وه‌رگرت، وتارێکی سوپاسگوزارییم پێشکه‌ش کرد که تێیدا ئه‌و نموونه‌یه‌ی سه‌ره‌وه‌شم هێنایه‌وه. پێشنیاری من ئه‌وکات ئه‌وه‌بوو که ده‌بوو مۆڵه‌تنامه(لیسێنس)ه‌که له‌و ده‌روونناسه وه‌ربگیرێته‌وه و پێشکه‌ش به‌و کوڕه پێنجساڵانه بکرێ.
یۆهان گاڵتونگ له چه‌ند دێڕێک‌دا یوهان ڤینسێنت گاڵتونگ ( Johan Vincent Galtung) پرۆفیسۆر، بیرکارییزان، لێکۆڵه‌ر و کۆمه‌ڵناسێکی به‌نێوبانگی نۆروێژییه. ساڵی-1930-له ئۆسلۆی پێته‌ختی ئه‌و وڵاته له‌دایك بووه. له ئاستیی ئوروپایی و ته‌نانه‌ت جیهانییشدا ناوبانگی هه‌یه. یه‌کێك له‌و که‌سه چالاکانه‌یه که خۆبه‌خشانه بۆ ئاشتیی جیهانیی و بنبڕکردنی شه‌ڕ و ئاژاوه خه‌بات ده‌کا و له‌و بواره‌دا سه‌رپه‌رشتیی ده‌یان گفتوگۆ و پێکهێنانه‌وه‌ی له‌سه‌ر ئاستی جیهان کردووه و ئێستاش به‌رده‌وامه. یه‌که‌م که‌س بووه که ساڵی-1959-دامه‌زراوه‌یه‌کی جیهانیی تایبه‌ت به ئاشتیی به ناوی ” ئه‌نستیتۆی نێوده‌وڵه‌تیی بۆ لێکۆڵینه‌وه‌ی ئاشتیی“ دامه‌زراندووه.
په‌راوێزه‌کان: (١) مه‌سیحییه‌ت (٢)Intolerance (٣)Tolerace (٤)Dialog (٥) قه‌شه‌یه‌کی ئه‌فریقایی بوو که له دژی رژیمی ”ئاپارتاید“ خه‌باتی ده‌کرد. (٦)Defensive Violence (٧)Offensive Violence (٨) ” و إن جنحوا للسلم فإجنح لها و توکل علی ألله، إنه هو السمیع العلیم“ (٩) ئه‌و بیردۆزه‌ی که ده‌ڵێ مرۆڤ چێژ وه‌رده‌گرێ له ژێرده‌سته‌یی و بێده‌سه‌ڵاتیی و ئازاردانی خۆی له‌لایه‌ن که‌سانی تره‌وه (١٠)نووسه‌ر و بیریارێکی دیانی کاتۆلیکی خه‌ڵکی وڵاتی ”سویس“ه (١١) ئه‌و بۆچوونه‌ی که دژی هه‌موو جۆره شه‌ڕ و توندوتیژییه‌که (١٢) گاندیی، رابه‌ری شۆڕشی سه‌ربه‌خۆیی هیندوستان (١٣) کۆمه‌ڵێك نه‌ریت و تێگه‌یشتنی کۆنی فه‌لسه‌فیی و دینیی چینییه‌کانه (١٤) Evil (١٥) Good (١٦) Envy
تێبینیی: ئه‌م بابه‌ته له ژماره (٩٨)ی گۆڤاری تێکۆشان دا بڵاوکراوه‌ته‌وه
|
| ||||||||||||||||||||||||||||||||||
|
|
|
|
All rights reserved khabat.org © 2002 - 2008