|
|
|
|
گه‌شتێک به‌نێو موسڵمانانی (چین) دا
ئاماده‌کردنی: فارووق عه‌بباسیی
”چین“ گه‌وره‌ترین وڵاتی جیهانه له‌ڕووی ژماره‌ی دانیشتووان و، ئێستا ژماره‌ی دانیشتووانی نزیك به ملیاردێك و سێسه‌د و بیست ملوێن(١٣٢٠٠٠٠٠٠٠) که‌سه. به‌هۆی هه‌ڵکه‌وتوویی جوگرافیی ”چین“ و دووریی له ”نیوه‌دورگه‌ی عه‌ره‌بیی“، نووری ئیسلام سێ ده‌یه (سی ساڵ) دوای کۆچی پێغه‌مبه‌ر (دروودی خودای له‌سه‌ر), له مه‌ککه‌ی پیرۆزه‌وه بۆ مه‌دینه, گه‌یشته ئه‌وێ و، یه‌که‌م کاروانی ئیمانداران له‌م وڵاته بارگه و بنه‌یان خست. هه‌ر له‌وێش مزگه‌وتێکیان دروستکرد که ئێستا به یه‌کێك له کۆنترین مزگه‌وته‌کانی جیهان ده‌ناسرێ. له‌م باسه‌دا گه‌شتێك بۆ وڵاتی چین ده‌که‌ین و، هه‌وڵ ده‌ده‌ین تیشکێك بخه‌ینه سه‌ر مێژوو و بنه‌چه و بارودۆخی سیاسیی گه‌لانی مسوڵمان له‌م وڵاته.
ئیسلام چۆن گه‌یشته چین؟ سه‌رچاوه مێژووییه‌کان ئاماژه به‌وه ده‌که‌ن که ئیسلام به چوار رێگه گه‌یشته چین: ١- رێگه‌ی بازرگانیی ئاوریشم. هه‌ر له‌و ڕێگه‌یه‌وه مسوڵمانان، له‌گه‌ڵ کڕین و فرۆشتنی ئاوریشمدا، بیر و هزری ئیسلامیشیان له‌گه‌ڵ خۆیان ده‌برده ئه‌و وڵاته. ٢- ڕێگه‌ی بازرگانیی ئاویی له‌نێوان عه‌ره‌بی نیوه‌دورگه‌ی عه‌ره‌ب و مسوڵمانانی باشووری رۆژهه‌ڵاتی ئاسیا له‌لایه‌ك و وڵاتی چین له‌لایه‌کی دیکه‌وه. هێندێك له‌و بازرگانانه رۆڵی سه‌ره‌کییان هه‌بوو له ناردنی په‌یامی قورئان و ناساندنی ئیسلام به دانیشتووانی ئه‌و وڵاته. ٣- رێگه‌ی ”فتووحاتی ئیسلامیی“ که گه‌یشته سنووره‌کانی چین له ناوچه‌ی ”تورکستانی رۆژهه‌ڵات“ له رۆژئاوای چین. ٤- له هێندێك گێڕانه‌وه‌ی مێژوویی (نادڵنیا)وه هاتووه که خه‌لیفه‌ی رێزدار عوسمانی کوڕی عه‌ففان ساڵی-٢٩-ی کۆچیی- مانگیی (٦٥١-ی زایینیی) وه‌فدێکی به سه‌رۆکایه‌تیی هاوه‌ڵی به‌ڕێز سه‌عدی کوڕی ئه‌بی وه‌ققاس نارده لای پادشای ئه‌وکاتی چین. پادشاش به نامه و وه‌فده‌که‌ی خه‌لیفه عوسمان دڵخۆش ده‌بێ و ڕێده‌دا تا یه‌که‌م مزگه‌وت له شاری ”کانتۆن“ له وڵاتی چین دروست بکرێت.
موسڵمانان له کام ناوچانه‌ی چین نیشته‌جێن؟ له‌نێو زیاتر له-٣٠-ناوچه‌ی به‌ڕێوه‌به‌ریی (ئیداریی)، مسوڵمانان به‌گشتیی له-٣-ناوچه‌ی سه‌ره‌کیی جێگیربوون، ئه‌وانیش: تورکستانی رۆژهه‌ڵات(شینگیانگ)، ”قانسۆ“ و ”نینگشیا“یه. هه‌روه‌ها مسوڵمانانی ئه‌و وڵاته به‌سه‌ر سه‌دان شاری چینیی و ژماره‌یه‌کی زۆر له ناوچه جیاجیاکانی ئه‌و وڵاته، له نێوه‌ڕاست و رۆژهه‌ڵات و باشووردا بڵاوبوونه‌وه. مه‌زه‌نده‌کان سه‌باره‌ت به ژماره‌ی مسوڵمانان له وڵاتی چین جۆراوجۆرن. سه‌رچاوه چینییه‌کان ئاماژه به‌وه ده‌که‌ن که ژماره‌ی مسوڵمانان له-٢٥-ملوێن که‌س تێناپه‌ڕێ، له‌کاتێکدا سه‌رچاوه ئیسلامییه چینییه‌کان ژماره‌ی مسوڵمانان له چین به-١٠٠-ملوێن که‌س داده‌نێن. به‌هه‌رحاڵ، به‌پێی سه‌رژمێرییه‌کانی ساڵی-٢٠٠٦-، مسوڵمانان-١-٢٪-ی دانیشتوانی ئه‌و وڵاته پێکدێنن.
موسڵمانان له‌سه‌ر نه‌خشه‌ی ره‌گه‌زیی چین وڵاتێکی فراوانی په‌رشوبڵاوه و رووبه‌ره‌که‌ی زیاتر له-١٠-ملوێن کیلۆمیتر چوارگۆشه‌یه. هه‌ر بوونی ئه‌و رووبه‌ره فراوانه و ئه‌و حه‌شیمه‌ته زۆره هۆکاری سه‌ره‌کیی بوون بۆ بوونی ژماره‌یه‌کی زۆر نه‌ته‌وه و ره‌گه‌ز و زمانی جیاواز له‌م وڵاته‌دا. له‌و نێوه‌دا ره‌گه‌زی (چینیی- تیبێتیی)ه‌کان، به‌تایبه‌تییش ره‌گه‌زی (هان)، پانتاییه‌کی فراوانیان داگیرکردووه و به‌و وڵاته‌دا بڵاوبوونه‌وه، به‌شێوه‌یه‌ك خه‌ڵکی چین به‌گشتیی وه‌ك هاوڕه‌گه‌ز دێنه به‌رچاو، له‌کاتێکدا له‌په‌نا ره‌گه‌زی (هان) نزیک به-٥٥-که‌مه‌نه‌ته‌وه‌ی دیکه له‌و وڵاته‌دا نیشته‌جێن.
نه‌ته‌وه موسڵمانه‌کانی چین موسڵمانانی دانیشتووی چین به‌گشتیی به‌سه‌ر-١٠-نه‌ته‌وه‌دا دابه‌ش ده‌بن، ئه‌وانیش بریتین له: هه‌وی، ڤیگوور، قازاق، قرگیز، تاجیك، ئۆزبه‌ك، تاتار، دونگشیانگ، باوئان و سالار. ئه‌گه‌ر چاوێك به نه‌خشه‌ی چیندا بخشێنین ده‌بینین هه‌موو ئه‌و نه‌ته‌وانه، به پله‌ی یه‌که‌م، له به‌شی رۆژئاوای وڵات‌دا نیشته‌جێن، به‌ڵام له‌نێو ئه‌و نه‌ته‌وانه‌شدا موسڵمانی دیکه ده‌بیندرێن که له ره‌گه‌زی (هان)ن (ره‌گه‌زی سه‌ره‌کیی چین) و، له ئه‌نجامی تێکه‌ڵاوبوونیان له‌گه‌ڵ موسڵمانانی رۆژئاوای ئه‌و وڵاته‌دا له‌وێ نیشته‌جێ بوون.
ناوه‌نده‌کانی فێرکردنی ئیسلامیی زۆربه‌ی هه‌ره‌زۆری مسوڵمانانی چین سوننیی مه‌زهه‌بن و له‌سه‌ر مه‌زهه‌بی ئیمامی حه‌نه‌فیین، به‌ڵام موسوڵمانانی شیعه مه‌زهه‌ب به رێژه‌ی-١-٢٪-رێژه‌ی گشتیی مسوڵمانانی چین پێکدێنن، ئه‌وانیش له شیعه‌ی ئیسماعیلیی و له نه‌ته‌وه‌ی تاجیکن و، له نزیك سنووری چین و ئه‌فغانستان نیشته‌جێن. له نێو مسوڵمانانی چیندا زۆربه‌ی ره‌وته ئیسلامییه ”ته‌قلیدیی“ه‌کان بوونیان هه‌یه. له ناوچه ده‌شتایی و بیابانه‌کان رێبازه سۆفیگه‌رییه‌کان بڵاوبوونه‌وه، که له‌پێش هه‌مووشیانه‌وه هه‌ردوو رێبازی نه‌قشبه‌ندیی و قادریی به‌رچاو ده‌که‌ون.
موسڵمانانی تورکستان خاکی تورك یان تورکستان، هه‌رێمێکی مێژوویی به‌نێوبانگه له ناوه‌ندی قاڕڕه‌ی ئاسیا. دانیشتووانی تورکستان ماوه‌یه‌کی دوورودرێژی ژیانیان له‌ژێر سێبه‌ری ده‌سه‌ڵاتی ئیسلامییدا به‌سه‌ر برد، تا ئه‌وکاته‌ی به‌شی رۆژئاوای (تورکستانی رۆژئاوا یان ئاسیای ناوه‌ند) له‌لایه‌ن رووسیه‌وه داگیرکرا و به‌شی رۆژهه‌ڵاتیشی(تورکستانی رۆژهه‌ڵات) که‌وته ژێر ده‌ستی چین و هه‌ر ئه‌وکاته‌ش چین نێوی ئه‌و به‌شه‌ی تورکستانی نا "به‌شی نوێ" یان "ئیستیعمارکراوی نوێ"، که به زمانی چینی پێی ده‌گوترێ "شینگیانگ". ئێستا ژماره‌ی مسوڵمانانی تورکستانی رۆژئاوا (کۆماره‌کانی ئاسیای ناوه‌ند) ده‌گاته نزیکه‌ی-٦٠-ملوێن که‌س و مسوڵمانانی تورکستانی رۆژهه‌ڵاتیش-٢٠-ملوێن که‌س.
شینگیانگ رووبه‌ری هه‌رێمی تورکستانی رۆژهه‌ڵات (شینگیانگ)-٥،١-ملوێن کیلۆمیتر چوارگۆشه‌یه. ئه‌م هه‌رێمه، پاش مێژوویه‌کی خوێناویی و پڕ له ئازار، له ئۆکتۆبری-١٩٥٥-ی زایینیی به‌ڕواڵه‌ت خودموختاریی (ئۆتۆنۆمیی)یان به‌ده‌ستهێنا و، هه‌ر به‌پێی ئه‌و حوکمه‌ش دانیشتووانی ئه‌م هه‌رێمه رێگه‌یان پێ درا زمانی نه‌ته‌وه‌ی خۆیان به‌کاربێنن. هه‌روه‌ها هێندێك مافی دینییان وه‌رگرت و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندیی مافی ده‌ستتێوه‌ردانی له کاروباری ئه‌و هه‌رێمه‌دا نه‌بوو، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر زه‌وی روویده‌دا و ئه‌وه‌ی له مافه رواڵه‌تییه‌کاندا هاتبوو جیاوازییان زۆربوو. وه‌ك باسکرا، ژماره‌ی دانیشتووانی هه‌رێمی "شینگیانگ"-٢٠-ملوێن که‌سه. مسوڵمانه‌کا‌نی ئه‌م هه‌رێمه، سه‌ده‌یه‌ك له‌وه‌پێش، زۆربه‌ی هه‌ره‌زۆری کۆی گشتیی دانیشتووانی هه‌رێمه‌که‌یان پێکدێنا، به‌ڵام ده‌وڵه‌تی چین، به‌مه‌به‌ستی که‌مکردنه‌وه‌ی بارستایی دانیشتووانی موسوڵمان له‌و هه‌رێمه، سیاسه‌تێکی نامرۆڤانه‌ی گرته‌به‌ر. ئه‌ویش به هاندان و پاڵنانی دانیشتووانی رۆژهه‌ڵات به‌ره‌و هه‌رێمی "شینگیانگ" به‌جۆرێك که رێژه‌ی موسوڵمانان له‌و هه‌رێمه له-٩٠٪-بۆ-٥٠٪-دابه‌زی. هه‌ر بۆیه ئێستا موسوڵمانان ئه‌و زۆرایه‌تییه پێکناهێنن که بتوانێ یارمه‌تیی سه‌ربه‌خۆیی یا جیابوونه‌وه‌یان بدا. ئه‌و سیاسه‌ته‌ش به سیاسه‌تی (به‌چینییکردنی هه‌رێم) ناسراوه، به مانایه‌کی تر، ده‌وڵه‌تی چین وایکرد ره‌نگی دانیشتووانی ئه‌م هه‌رێمه زیاتر چینییانه بنوێنێ نه‌ك ئیسلامییانه.
به‌رگرییکردن و له‌نێوبردن موسوڵمانان له‌گه‌ڵ گه‌لانی دیکه‌ی چین به ئاشتیی ژیانیان برده‌سه‌ر تا سه‌ده‌ی-١٧-و گرتنه‌ده‌ستی ده‌سه‌ڵات له‌لایه‌ن بنه‌ماڵه‌ی "مانشۆ"وه. ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ش، له‌گه‌ڵ په‌یڕه‌وکردنی سیاسه‌تێکی خوێناویی له‌دژی گه‌لانی چین به‌گشتیی و موسوڵمانان به‌تایبه‌تیی و به‌تایبه‌تییش له سه‌ده‌کانی-١٨-و-١٩-، ماوه‌یه‌کی زۆر به‌رده‌وام بوو. ئه‌وه‌ش پاڵنه‌رێك بوو بۆ هه‌ڵگیرساندنی چه‌ند شۆڕشێك له‌لایه‌ن مسوڵمانانه‌وه، به‌مه‌به‌ستی به‌رگرییکردن له خۆیان، به‌تایبه‌تیش له ناوچه‌کانی تورکستانی رۆژهه‌ڵات و یونان و قانسو. سه‌رجه‌م ئه‌و شۆڕشانه‌ش به کوشتن و گرتن و له‌نێوبردنی به‌کۆمه‌ڵ، له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی چینه‌وه، وه‌ڵامدرانه‌وه که ژماره‌ی قوربانییان به سه‌دان هه‌زار مه‌زه‌نده ده‌کرێ. لێره‌دا ئاماژه به گرینگ‌ترین ئه‌و شۆڕشانه ده‌که‌ین که موسوڵمانان له‌دژی کوشتوبڕه‌که‌ی "بنه‌ماڵه‌ی مانشو" به‌رپایان کرد: - ساڵی-١٧٥٨-له ناوچه‌ی قانسو به‌سه‌رۆکایه‌تیی سه‌رکرده‌ی موسوڵمان "سووسی سان". -ساڵی-١٨٢٥-له شینگیانگ. ئه‌م شۆڕشه دوو ساڵ به‌رده‌وام بوو. - ساڵی-١٨٥٥-له ناوچه‌ی یونان به‌سه‌رۆکایه‌تیی ”سلێمان روودین شو“. ئه‌م شۆڕشه-١٨-ساڵ به‌رده‌وام بوو و تێیدا-٣٠-هه‌زار موسوڵمان بوونه قوربانیی. - ساڵی-١٨٥٥-سه‌رله‌نوێ له ناوچه‌کانی شینگیانگ و قانسو و شنسی. ئه‌م شۆڕشه به‌سه‌رۆکایه‌تیی ”یه‌عقووب به‌گ“ هه‌ڵگیرسا و شاری "کاشگه‌ر"ی کرده بنکه‌ی هه‌ڵایسانی شۆڕشه‌که‌ی. شۆڕشه‌که-٢٠-ساڵ درێژه‌یکێشا و به له‌سێداره‌دان و له‌خاچدانی سه‌رکرده‌کانی شۆڕشه‌که، له‌نێویاندا یه‌عقووب به‌گ، کۆتایی پێهات.
مسوڵمانانی چین له سه‌ده‌ی بیست دا ١- له نیوه‌ی یه‌که‌می سه‌ده‌ی بیستدا: ناوچه موسوڵماننشینه‌کان، له نیوه‌ی یه‌که‌می سه‌ده‌ی بیستدا و دوای تێپه‌ڕاندنی مێژوویه‌کی خوێناویی و پڕ له کوشت و کوشتار له دوو سه‌ده‌ی ڕابردوودا، تاڕاده‌یه‌ك هێمنیی و ئارامیی به‌خۆوه‌دی، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له چه‌ند کۆمه‌ڵکوژییه‌ك بێبه‌ش نه‌بوو، به‌تایبه‌ت له‌نێوان ساڵانی-١٩٣٠-و-١٩٤١-له ناوچه‌ی تورکستانی رۆژهه‌ڵات که تێیدا هه‌زاران گه‌نجی مسوڵمان بوونه قوربانیی. ٢- له سه‌رده‌می شۆڕشه‌که‌ی (ما‌و تسی تۆنگ)دا: کاتێك سه‌رکرده‌ی چینیی (ما‌و تسی تۆنگ) ساڵی-١٩٤٩-شۆڕشێکی کومونیستیی له چین ده‌ستپێکرد، موسوڵمانانی ئه‌و وڵاته هیوایه‌کیان هاته‌وه‌به‌ر به‌وه‌ی بتوانن، له‌سایه‌ی شۆڕشه‌که‌ی ”ما‌و“دا، به هێندێك له مافه زه‌وتکراوه‌کانیان بگه‌ن. ”ما‌و“ تا راده‌یه‌کی زۆر هاوسۆز بوو له‌گه‌ڵ موسوڵمانان و هێندێك له مافه ئایینیی و سیاسییه‌کانی بۆ ده‌سته‌به‌رکردن، به‌ڵام ئه‌و "پێوه‌ندییه باشه" به مردنی ما‌و، ساڵی-١٩٧٦-، کۆتایی پێهات و دیسانه‌وه، له‌ژێر سێبه‌ری ده‌سه‌ڵاتی پاش مردنی ما‌و که به "شۆڕشی رۆشنبیریی" ده‌ناسرێ، موسڵمانان که‌وتنه‌وه به‌ر شاڵاوی گرتن و کوشتن و ئه‌شکه‌نجه‌دان. ٣- پاش مردنی ما‌و: موسڵمانان، له کۆتایی ساڵانی حه‌فتا تا کۆتایی ساڵانی هه‌شتای زایینیی، چوونه قۆناغێکی نوێی تا راده‌یه‌ك ئازاده‌وه. دوای تێکڕمانی یه‌کێتیی سۆڤیه‌تییش ساڵی-١٩٩١-، پێوه‌نیی نێوان موسڵمانانی چین و ده‌وڵه‌ت تا ڕاده‌یه‌ك باش بوو، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ترسی گواستنه‌وه‌ی جه‌نگی نێوخۆ (که له هێندێك له کۆماره ئیسلامییه‌کانی ئاسیای نێوه‌ڕاستدا له‌نێوان ساڵه‌کانی-١٩٩٢-بۆ-١٩٩٧-هه‌ڵگیرسابوو) بۆ نێو مسوڵمانانی چین، باڵی به‌سه‌ر هه‌ردوولادا کێشابوو.
له به‌نێوبانگترین مزگه‌وته‌کانی چین چین، وڵاتێکی پڕ له مزگه‌وته. نه‌ك هه‌ر له هه‌رێمی تورکستان به‌ڵکو له ژماره‌یه‌کی زۆر له شاره‌کانی چین مزگه‌وتی گه‌وره و سه‌رنجڕاکێش به‌رچاو ده‌که‌ون. سه‌رچاوه ئیسلامییه چینییه‌کان ژماره‌ی مزگه‌وته‌کانی وڵاته‌که‌یان به-٤٠٠٠٠-مزگه‌وت مه‌زه‌نده ده‌که‌ن. له به‌نێوبانگترین مزگه‌وته‌کانی چین: مزگه‌وتی "نیوجیه" له شاری په‌کین. مزگه‌وتی "ئیدکا" له شاری کاشغه‌ر. مزگه‌وتی "نیا" له شاری مینفینج. مزگه‌وتی شاری توربان. مزگه‌وتی شاری ئیمین .مزگه‌وتی شاری یانکی.
بۆچی ده‌وڵه‌تی چین رێنادا خه‌ڵکی هه‌رێمی شینگیانگ چاره‌نووسی خۆیان دیاریی بکه‌ن؟ ١- که‌میی ژماره‌ی دانیشتووانی هه‌رێمی شینگیانگ له‌چاو زۆریی و به‌رزبوونه‌وه‌ی به‌رده‌وامی چڕیی دانیشتووانی چین له رۆژهه‌ڵات و نێوه‌ڕاستی ئه‌و وڵاته، وایکردووه ئه‌م هه‌رێمه چڕیی دانیشتووانی به‌ره‌و رۆژئاوا بکشێ. ٢- شینگیانگ ناوه‌ندی گواستنه‌وه‌ی نه‌وت و گازه له ناوه‌ندی ئاسیاوه (پتڕۆڵی ده‌ریای قه‌زوێن) بۆ رۆژهه‌ڵاتی چین. ٣- ده‌وڵه‌تی چین ده‌ترسێ له‌وه‌ی دانی مافی سه‌ربه‌خۆیی به‌و هه‌رێمه هانده‌رێك بێ بۆ هه‌رێمه‌کانی دیکه‌ی وه‌ك (تایوان و تیبێت)یش که داوای ئه‌و مافه بکه‌ن. ئه‌وه له کاتێکدایه که چین به‌شێکی دیکه‌ی وه‌ك هه‌رێمی (هۆنگ کۆنگ) وه‌رده‌گرێته‌وه. ٤- چین ئیددیعا ده‌کا ئه‌م هه‌رێمه چه‌ند سه‌ده‌یه‌کی دوورودرێژ له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئه‌ودا بووه، بۆیه به مافی خۆی ده‌زانێ له دیارییکردنی چاره‌نووسی هه‌رێمه‌که‌دا بڕیاربه‌ده‌ست بێ. ٥- هه‌رێمی "شینگیانگ" ئاڵقه‌ی پێوه‌ندییه له‌نێوان رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاستی ئیسلامیی خاوه‌ن بازاڕ و چینی خاوه‌ن به‌رهه‌مێکی زۆر. ٦- به‌کارهێنانی سه‌رچاوه سروشتییه ده‌ستلێنه‌دراوه‌کانی وه‌ک ئاسن، لۆکه، نه‌وت و به‌روبوومه کشتوکاڵییه‌کان له‌لایه‌ن هه‌رێمی شینگیانگه‌وه.
داواکارییه‌نی موسڵمانانی چین ١- ده‌سته‌به‌رکردنی مافی ئازادییه‌کانی ئایین، راگرتنی هه‌ڵمه‌تی گرتنی گه‌نجانی موسوڵمان و که‌مکردنه‌وه‌ی چاودێرییکردن به‌سه‌ر مزگه‌وته‌کاندا. ٢- وه‌گه‌ڕخستنی یاسای (خودموختاریی)ه‌که‌یان له هه‌رێمی تورکستانی رۆژهه‌ڵات "شینگیانگ"، وه‌ده‌ستخستنی مافه ئایینیی و رۆشنبیریی و سیاسییه‌کانیان، به‌کارهێنانی به‌روبوومه سروشتییه‌کانیان و هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك و وه‌زیره‌کانیان له‌رێگای هه‌ڵبژاردنی ئازاده‌وه. ٣- راگرتنی سیاسه‌تی (به‌چینییکردن) و، سنووردانان له‌به‌رامبه‌ر کۆچکردن بۆ هه‌رێمی "شینگیانگ". پێدانی مافی یه‌کسان له کارکردن و به‌رزکردنه‌وه‌ی ئاستی چاودێریی ته‌ندروستیی و فێرکردن له‌و هه‌رێمه‌دا. ٤- راگرتنی تاقییکردنه‌وه‌ی ناوکیی له هه‌رێمی تورکستان. ٥- به‌رده‌وامبوونی پێوه‌ندییه‌کانی موسوڵمانانی چین له‌گه‌ڵ وڵاتانی ئیسلامیی و دامه‌زراوه فێرکارییه ئیسلامییه ده‌ره‌کییه‌کان.
سه‌رچاوه: پێگه‌ی ئینته‌رنێتیی ئیسلام ئۆنلاین faroq88@hotmail.com
|
| ||||||||||||||||||||||||||||||||||
|
|
|
|
All rights reserved khabat.org © 2002 - 2008