به نێوی خودای به‌خشنده‌ی میهره‌بان
هاونیشتمانانی به‌ڕێز!
خه‌ڵکی سته‌مدیده‌ی کوردستان!
تێکۆشه‌رانی رێگای ئازادیی کورد!
له ئه‌نجامی شه‌ڕی جیهانیی دووهه‌م و داگیرکردنی ئێران له مه‌ودای ئه‌و شه‌ڕه‌دا و که‌ڵه‌وه‌کێشیی نێوان یه‌کیه‌تیی سۆڤیه‌ت له‌لایه‌ك و ئه‌مریکا و بریتانیا له لایه‌کی تره‌وه له‌سه‌ر خاکی ئێران، سه‌رئێشه و گرفتێکی گه‌وره بۆ ده‌سه‌ڵاتی پاشایه‌تیی دروست ده‌بێ. سه‌ره‌نجام نه‌ته‌وه بنده‌سته‌کانی ئه‌و وڵاته، به تایبه‌تی کورد و ئازه‌رییه‌کان، ده‌که‌ونه‌خۆ و هه‌وڵده‌ده‌ن له‌و ده‌رفه‌ته که‌ڵك وه‌رگرن. له‌و ماوه‌دا گه‌شه به بیری نه‌ته‌وه‌یی ده‌ده‌ن و چه‌ند رێکخراو و کۆمه‌ڵه‌ی سیاسیی پێکدێنن و، هه‌روه‌ها چه‌ند گه‌شت و گه‌ڕانیش له شێوه و ئاستی جۆراجۆردا، وه‌ك به‌شێك له دیپلۆماسیه‌تیی سه‌رده‌م به‌ره‌و ناونده بڕیاربه‌ده‌سته‌کان ده‌که‌ن و، له‌و نێوه‌شدا سه‌فه‌رێکی (باکۆ) ده‌که‌ن. شاندێکی کوردیش که پێکهاتبوو له کۆمه‌ڵێك رۆشنبیری کورد و که‌سایه‌تیی ناوداری ئایینیی و کۆمه‌ڵایه‌تیی، (قازیی محه‌ممه‌د)یش له رێزی ئه‌و وه‌فده‌دابوو هه‌وڵیدا سه‌رنجی (سۆڤییه‌ت) بۆ لای پرسی کورد رابکێشێ و پاڵپشتیی ئه‌و زلهێزه‌ی ئه‌و کات بۆ خواسته‌کانی کورد ده‌سته‌به‌ر بکا. له ئاکامی هه‌موو ئه‌و چالاکیی و هه‌وڵانه‌دا له رۆژی دووی ڕێبه‌ندانی ١٣٢٤ی کۆچیی- هه‌تاوییدا دامه‌زراندنی (کۆماری کوردستان) راگه‌یه‌ندرا. له‌و رۆژه‌دا خه‌ڵکێکی زۆر له رۆشنبیر و گه‌وره‌پیاوانی کوردستانی رۆژهه‌ڵات و به‌شێکی به‌رچاو له رووناکبیران و تێکۆشه‌رانی پارچه‌کانی دیکه‌ی کوردستان به‌شدارییان کرد و پێشه‌وا قازیی محه‌مه‌د وه‌ك سه‌رۆککۆماری کوردستان راگه‌یه‌ندرا.
کۆماری کوردستان هه‌ر چه‌ند ته‌مه‌نی له یازده مانگ تێپه‌ڕی نه‌کرد، به‌ڵام ده‌سکه‌وتێکی گه‌وره‌ی مێژوویی ئه‌وه‌نده پڕبایه‌خ بوو که هه‌موو گه‌لی کورد شانازیی پێوه ده‌کا. کۆماری کوردستان له مه‌ودای ته‌مه‌نی کورتی خۆیدا گه‌لێك به‌رهه‌می باییداری هه‌بوون و، سه‌ره‌ڕای په‌ره‌پێدانی بیری نه‌ته‌وه‌یی له هه‌موو به‌شه‌کانی کوردستاندا، بارودۆخێکی هێمنی هێنایه کایه. له ناوچه‌کانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی کۆمار‌دا تێکڕای هاووڵاتیانی کورد هه‌ستیان به ئاسووده‌یی ده‌کرد، له بواریی رۆشنبیریشه‌وه چه‌ندین گۆڤار‌و رۆژنامه و بڵاڤۆك چاپ و بڵاو ده‌کرانه‌وه که خزمه‌تی زۆریان به وێژه و بێژه‌ی کوردیی کرد که رۆژنامه‌گه‌ریی کوردیی ئێستاش قه‌رزداری ئه‌و کۆماره و ئه‌و قۆناغه‌ی مێژووی کورد‌و ئه‌و به‌رهه‌مه پڕبایه‌خانه‌ی ئه‌و سه‌رده‌مه‌یه. دروستکردنی چه‌ندین خوێندنگه و پێکهێنانی رێکخراوه‌کانی لاوان و ژنان و قوتابیان و...، که نیشانه‌ی زیندوویی و چالاکیی چین و توێژه جیاجیاکان بوون، ده‌سکه‌وتگه‌لێکی دیکه‌ی کۆماری کوردستانن.
ده‌سه‌ڵاتێکی کوردیی له‌و چه‌شنه له‌بارودۆخێکی ئاوا هه‌ستیاری مێژوویی‌دا و به بیرێکی ره‌سه‌نی کوردانه‌وه که له مێژووی گه‌لی کورددا که‌موێنه‌یه، جێگای هیوای گه‌له چه‌وساوه‌که‌مان بوو و ده‌بوو تێکڕای کۆمه‌ڵانی مافخوراوی کورد دڵسۆزانه پاڵپشتییان کردبا و به گیان و ماڵ خزمه‌تیان کردبا و له به‌رامبه‌ر زێف و نه‌یاریی و وه‌زه‌ندیی دوژمنانی کورد پارێزگاری‌یان لێکردبا، به‌ڵام به‌داخه‌وه له‌و قۆناغه‌شدا کۆمه‌ڵێك له هۆز و تیره و ده‌ره‌به‌گه‌کان له جیاتی به‌جێهێنانی ئه‌و ئه‌رکه‌یان پاڵیان وه‌دوژمن دابوو و دژایه‌تیی کۆماریان ده‌کرد و له کاتی هێرشی سوپای داگیرکه‌ری ئێران بۆ سه‌ر کوردستان بوونه چاوساغ و پێشه‌نگی هێزی دوژمن و هۆکاری گه‌وره و سه‌ره‌کیی هه‌ره‌سهێنانی کۆمار بوون. هۆیه‌کی کاریگه‌ریی دیکه‌ی رووخانی کۆمار مامه‌ڵه‌ی بازرگانیی نێوان ئێران و سۆڤییه‌ت و رێکه‌وتننامه‌ی دوولایه‌نه‌ی ئه‌و دوو ده‌وڵه‌ته بوو، ئه‌ویش له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه که ئێران به نرخێکی هه‌رزان نه‌وتیان پێ بفرۆشێ و له به‌رامبه‌ردا سۆڤیه‌تیش پشتی هه‌ردوو کۆماری ئازه‌ربایجان و کوردستان به‌ردا.
هه‌ردوو ئه‌و هۆکارانه شیاوی تێڕامان و سه‌رنجدانن، چونکه کورد ئێستاش به‌ده‌ست ئازاری ناته‌بایی و کێشه نێوخۆییه‌کانی ده‌ناڵێنێ و، خه‌مخۆران و ده‌سته‌بژێران و سیاسه‌تمه‌دار و پێشه‌نگانی بزاڤی رزگاریخوازیی گه‌له‌که‌مان به‌تایبه‌ت له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان گیرۆده‌ی ئه‌و ده‌رده‌ن. وادێته به‌رچاو که ده‌رسیان له‌و رابردووه و له‌و بڕگه مێژووییه وه‌ر‌نه‌گرتبێ و ئێستاش ئاستی مه‌ترسیی ئه‌و گرفته‌یان نه‌زانیبێ. هه‌روه‌ها ده‌بێ له هۆکاری ده‌ره‌کیش وردوه‌بین و ئه‌و راستییه بزانین هه‌ر وه‌ك سۆڤییه‌ت له به‌رامبه‌ر به‌رژه‌وه‌ندیی ماددیی خۆیدا گرینگیی به رێز و ماف و که‌رامه‌تی نه‌ته‌وه‌یی گه‌لانی سته‌مدیده‌ی ئێران نه‌دا، هیچ ده‌وڵه‌ت و ده‌سه‌ڵاتێکی تریش که له پێناوی به‌رژه‌وه‌ندیی ئابووریی خۆیدا له بڕگه‌یه‌کی مێژوودا پاڵپشتیمان ده‌کا، ئاماده نییه ده‌ست له ده‌سکه‌و‌ته‌کانی هه‌ڵگرێ و هه‌رکات به‌رژه‌وه‌ندیی ئه‌و ده‌وڵه‌ته پێچه‌وانه بۆوه، به ئاسانیی سیاسه‌تی خۆی ده‌گۆڕێ و جارێکی دیکه‌ش مامه‌ڵه به چاره‌نووسمان ده‌کا.
کۆماری کوردستان هی هه‌موو گه‌لی کورده هه‌روه‌ك هه‌وڵ و هه‌نگاو و سیاسه‌ته‌کانی بۆ هه‌موو کورد بوو له تێکڕای به‌شه‌کانی کوردستان، بۆیه یادی دامه‌زراندنی ئه‌و کۆماره‌ش بۆنه و یادێکی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانییه و رێزگرتن له‌و رۆژه ئه‌رکی هه‌موو رۆڵه‌کانی نه‌ته‌وه‌که‌مان له تێکڕای کوردستانی گه‌وره‌یه.
ئێمه له کومیته‌ی ناوه‌ندیی رێکخراوی خه‌بات،ی شۆڕشگێڕی کوردستان له‌گه‌ڵ رێزگرتن له کۆمار و دامه‌زرێنه‌ران و پارێزه‌رانی به بۆنه‌ی شه‌ستوچواره‌مین ساڵی دامه‌زرانیه‌وه پیرۆزبایی گه‌رم ئاراسته‌ی هه‌موو خه‌ڵکی کوردستان ده‌که‌ین. هیواخوازین بتوانین به هه‌موومان ئه‌و یاده مێژوویه بکه‌ینه هه‌وێنی ته‌بایی و یه‌کڕیزییمان و له ئه‌زموون و مێژووه‌که‌ی په‌ند وه‌رگرین و هه‌ڵه‌کان دووباره نه‌که‌ینه‌وه.
رێکخراوی خه‌بات،ی شۆرشگێڕی کوردستان
کومیته‌ی ناوه‌ندیی
٢ی رێبه‌ندانی ١٣٨٨ی کۆچیی- هه‌تاویی
٢١⁄١⁄٢٠١٠ی زایینیی
|