راگه‌یه‌ندراوی رێکخراوی خه‌بات،ی شۆڕشگێڕی کوردستان به‌بۆنه‌ی ٢٢ی رێبه‌ندان، ٣١ه‌مین ساڵی سه‌رکه‌وتنی شۆرش له دژی رژیمی شایه‌تیی
به نێوی خودای به‌خشنده‌ی میهره‌بان
خه‌ڵکی ئازادییخواز و خه‌باتگێڕی کوردستان!
جه‌ماوه‌ری راپه‌ڕیو له دژی دیکتاتۆریی!
سبه‌ینێ، ٢٢ی رێبه‌ندان، سی و یه‌ك ساڵ به‌سه‌ر رووخاندنی رژیمی پاشایه‌تیی ئێران و سه‌رکه‌وتنی راپه‌ڕینی گه‌وره و مێژوویی خه‌ڵك له دژی ئه‌و رژیمه دیکتاتۆره تێده‌په‌ڕێ. له ٢٢ی رێبه‌ندانی ساڵی ١٣٥٧ی کۆچیی- هه‌تاوییدا خه‌ڵکی تینووی ئازادیی له ئێران و کوردستان له شۆڕشێکی جه‌ماوه‌ریی ئازادییخوازانه‌ی به‌ربه‌رین و که‌موێنه‌دا سیستمی دووهه‌زار و پێنجسه‌د ساڵه‌ی پاشایه‌تیی و داموده‌زگای سته‌مکاری په‌نجاساڵه‌ی بنه‌ماڵه‌ی خۆسه‌پێنی (په‌هله‌ویی)یان تێکه‌وه‌پێچا، به‌ڵام به‌داخه‌وه زۆری نه‌برد ده‌سته‌یه‌ك هه‌لپه‌رستی ره‌گه‌زپه‌رستی ده‌سه‌ڵاتویستی ئاکاردزێو به درۆ و خاپاندن خه‌رمانی خه‌باتی خوێنی خه‌ڵکیان هه‌ڵگرته‌وه و، ئامانج و ئه‌نجامه‌کانی راپه‌ڕینی پڕشکۆی نه‌ته‌وه‌کانی ئێرانیان به قازانجی خۆیان قۆزته‌وه.
ئیتر تاقمی تازه به‌ده‌سه‌ڵاتگه‌یشتوو له لوتکه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌وه به گشت هێز و وزه و داموده‌زگایانه‌وه زۆر بێبه‌زه‌ییانه و نامرۆڤانه که‌وتنه وێزه‌ی گیان و ژیان و ماڵی خه‌ڵك و، ئاشی تاوان و سته‌میان وه‌ڕێخست. کۆماری به‌نێو ئیسلامیی ئێران له ماوه‌ی سی ساڵی ته‌مه‌نی خۆیدا جگه له شه‌ڕ و ماڵوێرانییه‌کان و کپکردنی ئازادییه‌کان و پێشێلکردنی مافه‌کان و بڵاوکردنه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵییه سیاسیی و ئابووریی و کۆمه‌ڵایه‌تیی و ئه‌خلاقییه‌کان و ئه‌تککردنی که‌رامه‌تی مرۆڤه‌کان و ژاراوییکردنی ژینگه‌کان و ده‌یان ده‌رد و ژانی دیکه ، چیدیکه‌ی بۆ خه‌ڵکی کوردستان و ئێران و ناوچه‌که و جیهان پێنه‌بووه.
ئازادییخوازانی تێکۆشه‌ر!
ئه‌مڕۆ له‌کاتێکدا یادی ٣١ه‌مین ساڵی راپه‌ڕینی ١٣٥٧ی هه‌تاویی له دژی رژیمی شایه‌تیی ده‌که‌ینه‌وه که رژیمی ئێستای ئێران به یه‌کێك له دژوارترین قۆناغه‌کان و سه‌ختترین ساته‌کانی ده‌سه‌ڵاتیدا تێده‌په‌ڕێ. خه‌ڵکی تینووی ئازادیی له سێ ده‌یه‌ی رابردوودا له ئاست و شێوه و بواری جۆراوجۆردا به هه‌موو تواناوه رووبه‌ڕووی ئه‌و رژیمه دیکتاتۆره بۆته‌وه و خه‌باتی رزگارییخوازانه‌ی خۆی درێژه‌پێداوه و له‌و پێناوه‌شدا دنیایه‌ك قوربانیی داوه.
له پاش به‌نێو هه‌ڵبژاردنه‌کانی هه‌شت مانگ له‌وه‌پێشی خولی ده‌یه‌می سه‌رکۆماریی رژیم و ساخته‌کاریی له ده‌نگه‌کاندا و به‌گژیه‌کداچوونی به‌ربژاره‌کان، ده‌رفه‌تێکی دیکه بۆ خه‌باتی مافخوازانه له دژی رژیم، کرایه‌وه. له‌و کاته‌وه بزووتنه‌وه‌یه‌کی ئازادییخوازانه‌ی جه‌ماوه‌ریی له شێوه‌ی خۆپیشاندان و کۆڕ و کۆبوونه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تییده‌ربڕیندا له تاران و چه‌ند شاری گه‌وره‌ی ئێران سه‌ریهه‌ڵداوه. له‌چه‌ند مانگی رابردوودا له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی داموده‌زگا تاوانباره‌کانی رژیم زۆر بێبه‌زه‌ییانه به هه‌موو شێوه‌یه‌ك له هه‌وڵی کپکردنی بزووتنه‌وه ناڕه‌زایه‌تییه‌کان و دامرکاندنی ئاگری تووڕه‌یی خه‌ڵك دابوون، به‌ڵام وه‌ك ده‌بینین ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه به‌پێچه‌وانه‌ی حه‌زی مۆره‌کانی رژیم رۆژ به رۆژ له ئاستی ئاسۆیی و ئه‌ستوونییدا گه‌شه‌ی کردووه و هه‌تا هاتووه به‌رینتر و به‌هێزتر و یه‌کگرتووتر بووه.
وه‌ك دیتمان گه‌شه‌سه‌ندن و په‌ره‌گرتنی بزووتنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ریی ئه‌م دواییانه له بۆنه و رۆژه تایبه‌تییه‌کانی چه‌ند مانگی رابردوودا، داموده‌زگای رژیمی له‌قاند و ده‌سه‌ڵاتیانی خستۆته مه‌ترسییه‌کی راسته‌قینه‌وه، هاوکات ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه وره و باوه‌ڕێکی به‌هێزی به ئازادییخوازان به‌خشیوه که تا سه‌رکه‌وتنی یه‌کجاریی له خه‌بات نه‌وه‌ستن. ئێستا که به‌ره‌و پێشوازییکردن له ٢٢ی رێبه‌ندان ده‌چین، تێکۆشه‌رانی نێو ریزی بزووتنه‌وه‌ی ئازادییخوازانه به‌نیازن خۆپیشاندانی جه‌ماوه‌ریی به‌رفراوان له تاران و چه‌ند شارێکی گه‌وره‌ی ئێران وه‌ڕێبخه‌ن. هه‌ر بۆیه رژیم ده‌زگا و دامه‌زراوه دژه‌ئازادییه ئیتتیلاعاتیی و سه‌ربازییه‌کانی بۆ هه‌موو جۆره رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه‌ك ئاماده‌کردووه و به مه‌به‌ستی سه‌رکوتکردن یان لانیکه‌م کپکردنی بزووتنه‌وه‌که که‌وتۆته‌خۆ.
تێکۆشه‌رانی نێو بزووتنه‌وه‌ی مافخوازانه‌ی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان!
له سێ ده‌یه‌ی رابردوودا رژیمی ویلایه‌تی فه‌قیهـ زۆر دڕندانه و ملهوڕانه کوردستانی کردۆته گۆڕه‌پانی سته‌مکاریی و پێشیلکردنی مافه سه‌ره‌تاییه مرۆییه‌کان و، به هه‌موو شێوه‌یه‌کی دزێو بێڕێزیی به خه‌ڵك و خاك و زیندوو و مردوو و ئاخ و ئاو و ئاسمانی وڵاته‌که‌مان کردووه و، به‌ها پیرۆزه ئایینیی و نه‌ته‌وه‌ییه‌کانمانی ئه‌تك کردووه. له به‌رامبه‌ریشدا کوردستان و خه‌ڵکه خۆڕاگره‌که‌ی بوونه ره‌مزی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی دژمنی دیکتاتۆر و، به پێشکه‌شکردنی ژیان و گیانی رۆڵه‌کانیان چاونه‌ترسانه له به‌رامبه‌ر داگیرکه‌ران راوه‌ستاون. هه‌ر بۆیه ئێستا که بزووتنه‌وه‌ی دژی دیکتاتۆریی ویلایه‌تی فه‌قیهـ په‌ره‌ی گرتووه و تاوی سه‌ندوه، چاوه‌ڕوانیی ده‌کرێ خه‌ڵکی کوردستان، وه‌ك هه‌میشه، هێما و هێزی خه‌باتی رزگارییخوازان بێ و خه‌باته‌که‌ی شوێندانه‌ر و کاریگه‌ر بێ.
خاڵێکی دیکه‌ی جێی سه‌رنج ئه‌وه‌یه که له‌م ساته هه‌ستیاره‌ی که بزووتنه‌وه‌ی دژه‌دیکتاتۆریی پێدا تێده‌په‌ڕێ ناسۆری چه‌ندبه‌ره‌کیی و ده‌ردی لێک‌دابڕان و لێکهه‌ڵبڕانی هێزه سیاسییه‌کانی کوردستان ئازارێکی ئارامنه‌گرتووی خستۆته جه‌سته‌ی بزووتنه‌وه‌ی مافخوازانه‌ی کوردستانه‌وه و، تا راده‌یه‌کی زۆر سست و لاوازی کردووه و، له هه‌یبه‌ت و هێزی که‌مکردۆته‌وه. هه‌موومان ده‌زانین که یه‌کخستنی هه‌ڵوێسته‌کان و یه‌کگرتنی هێزه‌کان و رێکخستنی ره‌وته‌کان و ئاڕاسته‌کردنیان رووه و ئامانجێکی دیارییکراو، بۆ نموونه بۆ له‌نێوبردنی دیکتاتۆریی، بێگومان هه‌م دوژمن ده‌له‌رزێنێ هه‌میش وره و وزه و گوڕ و تین به جوڵانه‌وه‌که‌مان ده‌دا، به‌وه‌ش له سه‌رکه‌وتن نزیکمان ده‌کاته‌وه. زۆر جێی داخه له کاتێکدا که هاوار و ناڵه و ده‌نگی ئازادییخوازیی درز و دڵه‌وی خستۆته دیواری دژی ده‌سه‌ڵاته‌وه، که‌چی له‌نێو بزووتنه‌وه‌ی کوردستاندا ده‌نگه‌کان لێکبڵاوده‌بن و هێزه‌کان په‌رته‌وازه ده‌بن و به‌ره‌کان لێکهه‌ڵده‌بڕێن.
رێکخراوی خه‌بات،ی شۆڕشگێڕی کوردستان له‌گه‌ڵ پیرۆزباییکردن له خه‌ڵکی ئێران و کوردستان به‌بۆنه‌ی یادی سی و یه‌ك ساڵه‌ی سه‌رکه‌وتنی شۆڕش، داواده‌کا خه‌ڵکی کوردستان، به تایبه‌تییش تێکۆشه‌رانی نێو ریزی بزووتنه‌وه، له هه‌ر شوێنێك و به هه‌ر شێوه‌یه‌ك و له کات و شوێنی پێویستدا به هه‌موو هێز و تواناوه خه‌باتی خۆیان له دژی رژیمی سه‌رکوت و تاوان په‌ره‌پێبده‌ن. ئێمه پێمانوایه باوه‌ڕی ئایینیی، هه‌ستی نیشتمانیی، هه‌ڵوێستی ئینسانیی، ویستی ئازادییخوازانه و له هه‌مووشیان گرنگتر و گشتگیرتر خه‌بات له دژی رژیمی دیکتاتۆری ویلایه‌تی فه‌قیهـ ده‌توانێ ببێته چه‌قی کۆبوونه‌وه‌مان و هه‌وێن و هانده‌ری خه‌باته‌که‌مان و رێکخه‌ر و یه‌کخه‌ری بزووتنه‌وه‌ی ئازادییخوازانه‌ی خه‌ڵکی ئازارچێشتووی ئێران و نه‌ته‌وه مافخوراوه‌کانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و رژیمه.
ئێمه له‌و باوه‌ڕه‌داین که به شێلگیرتربوونی بزووتنه‌وه‌ی خه‌ڵکیی و یه‌کخستنی خه‌بات له دژی دیکتاتۆریی، په‌تی ئه‌ستووری تاوانی رژیم له‌پسانه و، به پشتیوانیی خودای گه‌وره و هێزی نه‌وه‌ستاوی خه‌ڵکی ئازادییخوازی ئێران و کوردستان راپه‌ڕینی رێبه‌ندانێکی دیکه به‌ندی دڵی ده‌سه‌ڵات ده‌پسێنێ و زۆر نابا ئاهه‌نگی خه‌نه‌به‌ندانی خێرهێنانی بووکی به‌هاری ئازادیی ده‌گێڕین.
سه‌رکه‌وێ خه‌باتی ئازادییخوازیی له دژی کۆماری به‌نێو ئیسلامیی ئێران!
سه‌رکه‌وێ بزووتنه‌وه‌ی مافخوازانه‌ی کوردستان!
رێکخراوی خه‌بات،ی شۆڕشگێڕی کوردستان
کومیته‌ی ناوه‌ندیی
٢١ی رێبه‌ندانی ١٣٨٨ی کۆچیی- هه‌تاویی
(١٠⁄٢⁄٢٠١٠)ی زایینیی
|