خه‌بات: کاتژمێر دووی پاشنیوه‌ڕۆی رۆژی شه‌ممه ١٣⁄٢⁄٢٠١٠ ی زایینیی کۆبوونه‌وه‌یه‌کی دۆستانه له‌نێوان کومیته‌ی سوئێدی رێکخراوی خه‌بات،ی شۆڕشگێڕی کوردستان و کومیته‌ی سوئێدی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران له شاری (لینشۆپینگ) پێکهات. له‌لایه‌ن رێکخراوی خه‌بات،ی شۆڕشگێڕی کوردستانه‌وه هه‌ر یه‌ك له هاوبیران کاك خه‌لیل عه‌بباسیی و کاك ئه‌نوه‌ر ئارام به‌شدارییان کرد و له‌لایه‌ن حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێرانیش به‌ڕێزان کاك کاکه‌برا ئه‌لیاسیی، به‌رپرسی گشتیی کومیته‌ی سوئێدی (حدکا) و کاك یونس پیرۆته‌سوور، ئه‌ندامی کومیته‌ی سوئێد و به‌رپرسی کومیته‌ی (لینشۆپینگ)ی (حدکا) به‌شداربوون.
له دانیشتنێکی دوو کاتژمێرییدا هه‌ردوولا چه‌ندین ته‌وه‌ر و بابه‌تیان وروژاند و گفتوگۆیان له‌سه‌ر کرد. سه‌ره‌تا هاوبیرانی خه‌باتی باسیان له په‌یوه‌ندیی دێرین و دۆستانه‌ی نێوان رێکخراوی خه‌بات،ی شۆڕشگێڕی کوردستان و حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران کرد و هیوایان خواست که له داهاتوودا لێکنزیکیی و هاوفکریی و هاوهه‌ڵوێستیی له‌نێوان هه‌ردوولا زیاتر و به‌رچاوتر بێ. دواتر باسیان له بارودۆخی کوردستان و بزووتنه‌وه‌ی کورد له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان کرد و ئاماژه‌یان به په‌رته‌وازه‌یی ریزه‌کانی بزووتنه‌وه و گرنگیی زیاتر لێکنزیکبوونه‌وه و هاوفکریی و هاوهه‌ڵوێستیی و هاوکاریی لایه‌ن و هێزه‌کانی نێو بزووتنه‌وه کرد، به تایبه‌تییش له‌م بارودۆخه‌ی ئێستادا که رژیمی به‌نێو ئیسلامیی ئێران له قه‌یرانێکی گه‌وره‌دایه و بزووتنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ریی ئازادییخوازانه له گه‌شه‌دایه، ده‌بێ رێکخراو و هێزه سیاسییه‌کانی کورد له هه‌موو شوێنێك و له هه‌موو بواره‌کاندا هاوفکریی و هاوهه‌ڵوێستیی تا ده‌گایه هاوکاریی به‌کرده‌وه بکه‌نه ئامانجی سه‌ره‌کییان.
دواتر به‌ڕێزانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران له‌گه‌ڵ خۆشحاڵیی ده‌ربڕین له رێکخستنی ئه‌و کۆبوونه‌وه‌یه، تێروانین و بۆچوونه‌کانی شاندی (خه‌بات)یان به‌رزنرخاند و ئاماژه‌یان به لێکنزیکیی هه‌ڵوێست و بۆچوونه‌کانی هه‌ردووك لا کرد و هاوکات روانگه‌کانی خۆیان له‌سه‌ر چه‌ند باس و بابه‌تی دیکه ده‌ربڕی.
له کۆتایی دانیشتنه‌که‌دا هه‌ردوولا له‌گه‌ڵ ده‌ربڕینی خۆشحاڵیی له‌و دانیشنه دۆستانه‌یه هیوایان خواست که په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوان کومیته‌ی سوئێدی(خه‌بات) و کومیته‌ی سوئێدی (حدکا) هه‌روا به‌رده‌وام بێ و گه‌شه و به‌ره‌وپێشچوونی زیاتر به‌خۆیه‌وه ببینێ و له داهاتووشدا دانیشتنی له‌و جۆره درێژه‌پێبده‌ن.
سه‌رچاوه‌ی هه‌واڵ: کومیته‌ی سوئێدی رێکخراوی خه‌بات،ی شۆڕشگێڕی کوردستان
|