گفتوگۆی ماڵپه‌ڕی بێستان له‌گه‌ڵ به‌ڕێز مامۆستا عه‌بدولڕه‌حیم مه‌عریفه‌تیی، ئه‌ندامی ده‌فته‌ری سیاسیی رێکخراوی خه‌بات،ی شۆڕشگێڕی کوردستان
بێستان: سه‌ره‌تای گفتوگۆکه‌مان به‌م پرسیاره ده‌ستپێده‌که‌ین. چه‌ند رۆژی دیکه ٣١ ساڵ به‌سه‌ر شۆڕشی گه‌لانی ئێران‌دا تێده‌په‌ڕێ. ئێوه به‌کورتیی پێناسه‌ی ئه‌و شۆڕشه چۆن ده‌که‌ن؟
عبدالرحیم مه‌عریفه‌تیی: سه‌ره‌تا سوپاستان ده‌که‌م که له رێگای ئه‌م وتووێژه‌وه ده‌رفه‌تتان ره‌خساند به‌شێک له سیاسه‌ت و تێڕوانینه‌کانی رێکخراوی خه‌بات،ی شۆرشگێڕ له‌مه‌ڕ پرسه جیاوازه‌کان، بۆ خوێنه‌رانی سایته‌که‌تان روون بکه‌ینه‌وه.
بۆ وه‌ڵامی پرسیاره‌که‌تان و پێناسه‌کردنی شۆرش و راپه‌ڕینی ١٣٥٧ی کۆچیی - هه‌تاویی، ده‌بێ چاوێک به بارودۆخی ئه‌وکات و چۆنیه‌تیی سیستمی حوکم و ده‌سه‌ڵاتی پێشوو و دروشم و داوا و جۆری که‌سایه‌تیی رێبه‌ران و ریزی جه‌ماوه‌ری به‌شدار و ئامانجه‌کانیدا بخشێنین و له‌وێوه ده‌توانین به شێوه‌یه‌کی رێژه‌یی پێناسه‌یه‌ک بۆ شۆرشه‌که بکه‌ین.
دیاره دروشمه‌کان به‌ره‌به‌ره و به چه‌ند قۆناغێکدا له‌گه‌ڵ ره‌وتی گه‌شه‌سه‌ندنی شۆرش ده‌گۆڕان. سه‌ره‌تا به نه‌رمیی داوای چاکسازیی و پیاده‌کردنی یاسای بنه‌ڕه‌تیی وڵات و ئاڵوگۆڕێکی که‌م به‌ڵام گرینگ‌یان ده‌کرد. دواتر وێڕای زیادبوونی گوڕوتینی راپه‌ڕین، دروشمه‌کانیش زه‌قتر و داواکان گه‌وره‌تر بوون و به راشکاویی داوای رووخانی رژیمیان ده‌کرد. کاتێک هیوای گه‌لانی راپه‌ڕیو به سه‌رکه‌وتن گوڵی کرد، دروشمه‌کان بۆ ده‌ستنیشانکردنی ئامانجه‌کانی شۆرش داڕێژران و له‌و قۆناغه‌دا باسی چۆنییه‌تیی سیستمی دڵخوازی جه‌ماوه‌ری راپه‌ڕیویان ده‌کرد که له‌و دروشمانه‌وه ده‌توانین به‌شێک له پێناسه‌ی راپه‌ڕینه‌که دیاری بکه‌ین. هێندێک له خواست و داواکانی خه‌ڵک له‌و قۆناغه‌دا له‌و دروشمانه‌دا ره‌نگیان ده‌دایه‌وه:
برای حفظ قرآن، مردم به ما ملحق شوید.
سکوت هر مسلمان، خیانت است به قرآن.
استقلال، آزادی، جمهوری اسلامی و...
ئه‌گه‌ر واقعبینانه له نێوه‌رۆکی ئه‌و دروشمانه بڕوانین، ئه‌و راستییه‌مان به روونیی دێته به‌رچاو که قورسایی ئاقار و ره‌وت و رێبازی شۆرشه‌که به ئاڕاسته‌ی ئیسلام دا بوو. ئه‌وه‌ش مانای وا نییه که ئینکاری رۆڵ و کاریگه‌ریی په‌یڕه‌وانی فکر و رێبازه ئایینیی و نائایینیه‌کانی تر بکه‌ین له‌و راپه‌ڕینه‌دا. چونکه بێگومان به هه‌وڵی هه‌موو لایه‌ک شۆرش سه‌رکه‌وت.
ئه‌و جمهووری به‌نێو ئیسلامییه‌ش که ئێمه دیتمان ده‌سکه‌وته‌کانی راپه‌ڕینی بۆخۆی پاوان کرد و جارێکی دیکه گه‌لانی ئێرانی چه‌وسانده‌وه، ئه‌و کۆماره ئیسلامییه نه‌بوو که خه‌ڵک داوای ده‌کرد و هه‌ر دوابه‌داوی سه‌رکه‌وتنی راپه‌ڕین و به‌ده‌سته‌وه‌گرتنی جڵه‌وی ده‌سه‌ڵات و له سه‌ره‌تای قۆناغی بنیاتنانه‌وه‌دا، به‌ر له هه‌موو که‌س ده‌ستی له رێبه‌رانی ئایینیی وه‌شاند. راستییه‌کی تریش که ده‌بێ ئاماژه‌ی بۆ بکه‌ین ئه‌وه‌یه که سیستم و نیزامێکی ده‌قاوده‌ق له‌و چه‌شنه نه‌بوو تا خه‌ڵک بۆیان ببێته نموونه و به روونیی تێبگه‌ن کۆماری ئیسلامیی چییه و چۆنه.
بێستان: بۆچوونی جیا سه‌باره‌ت به‌و شۆڕشه ده‌بیستین. هێندێك به شۆڕشی ئیسلامیی ناوده‌به‌ن، کۆمه‌ڵێك پێیان وایه شۆڕشێکی دێموکراسیی دژ به دیکتاتۆریه‌ت و تاکڕه‌ویی بوو و، تاقمێکیش به‌گشتیی به شۆڕشێکی چینایه‌تیی ناوزه‌د ده‌که‌ن. ئێوه (وه‌ك رێکخراوی خه‌بات) له‌گه‌ڵ کام له‌م بۆچوونانه هه‌ن؟
عبدالرحیم مه‌عریفه‌تیی: دیاره ناکرێ به شێوه‌ی ره‌ها شۆرشه‌که بکه‌ینه ده‌سکه‌وتی لایه‌ک و ئه‌م کاره له راستیی دووره و ناشێ به‌شداریی به‌رینی هه‌موو توێژه‌کانی ئه‌وکاتی کۆمه‌ڵگه‌ی ئێران به جیاوازیی بیروباوه‌ڕیانه‌وه له‌ژێر کاریگه‌ریی یه‌ک فکردا بووبێ، به‌ڵام ئاماژه دیاره‌کان زاڵبوونی دروشم و گوتار و لایه‌نی ئیسلامیی ده‌رده‌خه‌ن له هه‌موو قۆناغه‌کانی شۆرشدا تا ده‌گاته دامه‌زران و بنیاتنانه‌وه.
بێستان: له سه‌ره‌تای ده‌سپێکی شۆرش و پاشتریش، چه‌ند حیزب و رێکخراوی سیاسیی، به بیر و رێبازی جیاوه، له کوردستان و ئێران‌دا ده‌رکه‌وتن یان دامه‌زران. ده‌وری ئه‌و حیزب و که‌سایه‌تییانه (به‌تایبه‌ت که‌سایه‌تییه ئایینییه‌کان) له رووخانی رێژیمی شا و، دواتریش له به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی هێرشی کۆماری تازه‌دامه‌زراوی به‌نێو ئیسلامیی ئێران‌دا چ بوو؟
عبدالرحیم مه‌عریفه‌تیی: له به‌ره‌به‌ری راپه‌ڕین و شه‌پۆله سه‌ره‌تاییه‌کانی شۆرشدا، ناکرێ هیچ حیزب و رێکخراوێکی کوردی له کوردستاندا بانگه‌شه‌ی ئه‌وه بکا که رێبه‌ر و رێکخه‌ری ئه‌سڵیی و سه‌ره‌کیی جه‌ماوه‌ری کورد بوو بۆ به‌شداریی له راپه‌ڕینی سه‌رانسه‌ریی گه‌لانی ئێران‌دا. چونکه هه‌رچه‌ند کورد له‌و قۆناغه‌شدا حیزبی سیاسیی هه‌بوو، به‌ڵام له رووی رێکخستن و ئاماده‌بوون له‌نێو جه‌ماوه‌ردا لاواز بوون و له‌گه‌ڵ سه‌رکه‌وتنی راپه‌ڕین به‌شێکی ئه‌ندام و به‌رپرسه‌کانیان ده‌رکه‌وتن و ناسران.
له قۆناغی راپه‌ڕین و خۆئاماده‌کردنی خه‌ڵکی کوردستان بۆ به‌شداریی له‌و راپه‌ڕینه‌دا، بێگومان مامۆستایانی ئایینیی کورد وه‌ک توێژی دیار و رووناک‌بیر و پێشه‌نگی گه‌ل ده‌رکه‌وتن و رۆڵێکی به‌رچاو و کاریگه‌ریان هه‌بوو له هاندان و ئاراسته‌کردنی جه‌ماوه‌ردا و به وتار و کردار وره‌یان ده‌دایه به‌ر خه‌ڵک و وزه و هێزیان به ره‌وتی راپه‌ڕین ده‌به‌خشی و له رێپێوانه‌کاندا له ریزی پێشه‌وه‌ی گه‌ل و جه‌ماوه‌ردا بوون. دوای سه‌رکه‌وتنی شۆرش و هاتنه‌سه‌رکاری کۆماری به‌نێو ئیسلامیی و هێنانه‌گۆڕی داوا ره‌واکانی خه‌ڵکی کوردستان له‌گه‌ڵ حکومه‌تی شۆرش، مامۆستایانی ئایینیی رۆڵی دیاریان هه‌بوو له‌و وتووێژ و هه‌وڵانه‌ی بۆ ده‌سته‌به‌رکردنی مافه نه‌ته‌واتییه‌کانی گه‌له‌که‌مان له ئارادا بوون و ئه‌ندامی کارای شاندی کوردی بوون. دواتر کاتێک رژیم ملی بۆ خواسته‌کانی کورد نه‌دا و زه‌بروزه‌نگ و هێرشی داگیرکه‌رانه‌ی دژی کوردستان ده‌ستپێکرده‌وه، که‌سایه‌تییه ناسراوه‌کانی ئه‌و توێژه پێشه‌نگه‌ی گه‌ل له‌و قۆناغه‌شدا بوونه پێشمه‌رگه و سه‌رکرده‌ی نێو سه‌نگه‌ر و به شێوه‌ی جیاجیا و جۆراوجۆر له‌و خه‌باته‌شدا به‌شداریی چالاکانه‌یان کرد. زۆربه‌ی ئه‌و حیزب و رێکخراوانه‌ش که له‌و قۆناغه‌دا له‌سه‌ر گۆڕه‌پانی خه‌باتی کوردستاندا بوون، هه‌ر کامیان به‌پێی قه‌واره و توانا و لێهاتوویی خۆی به‌شدارییان کرد له رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی داگیرکه‌ردا.
بێستان: له په‌یڕه‌و و پڕۆگرامی رێکخراوه‌که‌تاندا هاتووه که رێکخراوی خه‌بات،ی نه‌ته‌وایه‌تیی و ئیسلامیی کوردستان له خه‌رمانانی ساڵی ١٣٥٩ دا وه‌ك زه‌رووره‌تێکی مێژوویی دامه‌زرا. بفه‌رموون ئه‌م زه‌رووره‌ته له چیدا ده‌بینن؟ پێتان وایه هه‌نووکه ئه‌و زه‌رووره‌ته بوونی هه‌یه؟
عبدالرحیم مه‌عریفه‌تیی: له‌و کاته و له بارودۆخی ئه‌وده‌می کوردستاندا تاقم و گرووپ و باندی جیاواز و نامۆ به کوردستان و پاشماوه‌کانی رژیمی پاشایه‌تیی پێشوو، کوردستانیان کردبوو به گۆڕه‌پانی ته‌ڕاتێن و جموجۆڵی سیاسی و ئابووریی و... خۆیان و زۆربه‌شیان به مه‌یلی خۆیان به‌پێی ده‌سه‌ڵاتیان فه‌رمانڕه‌واییان ده‌کرد و به پێوه‌ری ئاره‌زووه‌کانیان و بۆ داپۆشین و شاردنه‌وه‌ی رابردووی خۆیان تۆمه‌تیان ده‌دا پاڵ هه‌ر که‌س بیانویستایه و بڕیاری له‌سێداره‌دان و کوشتنیان ده‌رده‌کرد. دیاره چه‌ند حیزب و رێکخراوی سیاسی کوردیش له‌سه‌ر گۆڕه‌پانی خه‌بات له تێکۆشان و هه‌ڵسووڕان دا بوون که هه‌رکام باوه‌ڕ و پڕۆگرام و رێبازی تایبه‌ت به خۆیان هه‌بوو و له ده‌لاقه‌ی تێڕوانینی خۆیانه‌وه له پرسی کورد و خه‌باتی نه‌ته‌وایه‌تییان ده‌ڕوانی و خه‌باتیان بۆ ده‌کرد، یان ره‌خنه‌یان لێده‌گرت، یا دژایه‌تییان ده‌کرد. له‌و چه‌شنه بارودۆخه‌ی کوردستاندا کۆمه‌ڵێک له مامۆستا و رووناکبیرانی ئایینیی کورد که بۆخۆیان له‌نێو جه‌رگه‌ی رووداوه‌کاندا بوون و له شۆرش و راپه‌ڕینیشدا به‌شداریی به‌رچاویان ببوو، له دیدی خۆیانه‌وه و له‌سه‌ر بنه‌مای خوێندنه‌وه و تێڕوانینی واقعبینانه‌ی خۆیان و به له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌و راستییه که زۆربه‌ی نزیک به ته‌واوی گه‌لی کورد موسڵمانه و ئیسلام به‌رنامه‌یه‌کی مرۆڤساز و تێر و ته‌واوه و دادگه‌ریی کۆڵه‌که‌ی ئه‌و رێبازه‌یه، هه‌ستیان به بۆشاییه‌کی گه‌وره کرد له گۆڕه‌پانی خه‌باتی کوردستاندا و نه‌بوونی رێکخراوێک که هه‌ڵگری باوه‌ڕ و دینی گه‌له‌که‌مان بێ، که‌له‌به‌رێکی به‌رین بوو له ریزی تێکۆشه‌ران و خه‌باتگێڕانی کوردستاندا. لێره‌دا ئه‌و زه‌رووره‌ته به ئاشکرا خۆی نواند و (رێکخراوی خه‌بات،ی نه‌ته‌وایه‌تیی و ئیسلامیی کوردستانی ئێران)یان دامه‌زراند و ئیسلامیان وه‌ک باوه‌ڕ و دینی ره‌سه‌نی گه‌له‌که‌مان کرده په‌یڕه‌و و پرۆگرامی تێکۆشان و ئه‌و که‌له‌به‌ره‌یان پڕکرده‌وه و وه‌ڵامی ئه‌و پێویستییه گرینگه‌یان دایه‌وه.
ئێستاش دوای تێپه‌ڕینی سی ساڵ به‌سه‌ر دامه‌زرانی ئه‌و رێکخراوه تێکۆشه‌ره‌دا، ده‌بینین تا راده‌ی زانیاریی و پێشکه‌وتنی مرۆڤ گه‌شه بکا، حه‌قانییه‌تی ئه‌و دینه روونتر ده‌رده‌که‌وێ و تا مه‌ودای ئازادیی به‌رینتر بێ، زیاتر گه‌شه ده‌کا و تا رێچکه و رێبازه دوور له دینه‌کان زیاتر تاقی بکرێنه‌وه، مرۆڤه‌کان باشتر ده‌گه‌ڕێنه‌وه سه‌ر رێبازی ره‌سه‌نی ئیسلام و ئه‌و راستییه‌یان بۆ ئاشکرا ده‌بێ که باشترین و گونجاوترین یاسایه بۆ ژیانی مرۆڤ له هه‌موو چاخ و سه‌رده‌مێکدا.
ئێستا بۆخۆمان شاهیدی ئه‌و راستییه‌ین که له‌م سه‌رده‌مه‌دا ئیسلام نه‌ک هه‌ر له به‌رامبه‌ر ئه‌و کێشانه‌دا خۆی به به‌رپرس ده‌زانێ که له مه‌ودای مێژوو و فه‌رمانڕه‌وایی خۆیدا هاتوونه ئارا، به‌ڵکو وه‌ڵامی گونجاوی پێیه بۆ پرسه ئاڵۆزه‌کانی دنیای ئه‌مڕۆ که به ده‌ست و له‌ژێر کاریگه‌ریی هێز و ده‌سه‌ڵاتی نائایینی خوڵقاون.
له پێوه‌ندیی له‌گه‌ڵ ئێران و کوردستانیشدا ئه‌گه‌ر له ساڵی ١٣٥٧ و له سه‌ره‌تای هاتنه‌سه‌رکاری کۆماری به‌نێو ئیسلامییدا، رژیم چه‌ند که‌سێکی کوشتبێ و چه‌ند ئه‌کته‌رێکی کارای له گۆڕه‌پانی به‌ربه‌ره‌کانیی سڕیبێته‌وه، ئێستا به‌شێوه‌ی سیستماتیک خه‌ریکی ره‌گه‌بڕکردنی نه‌ته‌وه‌ی کورد و لێدان و لاوازکردنی مه‌زهه‌ب و رێڕه‌وه ئایینییه‌کانی غه‌یری شیعه‌یه و سته‌می مه‌زهه‌بیی چه‌ند قات زیاتر بووه و نه‌ک هه‌ر شیعه و شیعه‌گه‌ریی بره‌و پێده‌ده‌ن، به‌ڵکوو له هه‌وڵی ئه‌وه‌دان ئه‌گه‌ر هه‌ر نه‌کرا شیعه‌گه‌ریی بچه‌سپێنن له‌نێو گه‌ل و په‌یڕه‌وانی مه‌زهه‌به‌کانی دیکه‌دا، لانی که‌م بتوانن خوڕافات بڵاو بکه‌نه‌وه له نێویاندا و تووشی لاڕێبوون و سه‌رلێشێواوییان بکه‌ن. به‌ڵام به‌خۆشییه‌وه هوشیاریی ئایینیی له‌نێو موسڵمانانی کوردستاندا له ئاستێکی به‌رزدایه و ئه‌و جۆره هه‌وڵانه نه‌ک هه‌ر ئاکامیان نابێ، به‌ڵکوو به زیانی رژیم ته‌واو ده‌بن و سه‌نگه‌ری نه‌یارانی کۆماری به‌نێو ئیسلامیی ئاوه‌دانتر ده‌بێته‌وه.
به‌ڵگه‌ی ئه‌م زه‌رووره‌ته له ئێستادا ته‌نیا ئه‌وه‌نده نه‌بوو که ئاماژه‌مان بۆ کرد، به‌ڵکوو به‌خۆشییه‌وه ده‌بینین به‌شیکی به‌رچاو له‌و لایه‌ن و که‌سایه‌تییانه‌ش که ئه‌و کات دینیان وه‌ک "ئه‌فیوونی میلله‌تان" – که ئه‌و پێناسه له سه‌رچاوه‌وه وشک بووه- پێناسه ده‌کرد، ئێستا واقعبینانه و به راشکاویی راده‌گه‌یه‌نن رێکخراوێکی سیاسیی به باوه‌ڕێکی توندوتیژ و دژی دینیی ناتوانێ له‌نێو گه‌لێکدا که زۆربه‌ی نزیک به هه‌مووی موسڵمانه، جێگه و پێگه‌یه‌کی هه‌بێ و، له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و تێڕوانینه و تێگه‌یشتنیان له‌و راستییه، چاو به سیاسه‌ت و رێبازه‌که‌یاندا ده‌خشێننه‌وه و گه‌ڕانه‌وه به‌ره‌و رێگای راست و ئاوڕدانه‌وه له ویست و خواست و هه‌ستی گه‌ل به زه‌روور ده‌زانن.
له‌ژێر شه‌به‌قی ئه‌و راستییانه‌دا بوو که رێکخراوه‌که‌مان له کۆنگره‌ی چواره‌می خۆیدا پێداگریی له‌سه‌ر باوه‌ڕی دامه‌زرێنه‌رانی خه‌بات و ئیسلام کرده‌وه و وه‌ک ته‌نیا هێزی هه‌ڵگری ئه‌و باوه‌ڕه له گۆڕه‌پانی تێکۆشان‌دا، هه‌ستی به به‌رپرسیارییه‌کی زیاتر کرد و گه‌لی کوردی دڵنیا کرده‌وه که هه‌میشه رێڕه‌وی ئه‌و رێبازه و په‌یڕه‌وی ئه‌و پڕۆگرامه ده‌بێت.
بێستان: رێکخراوی خه‌بات،ی شۆڕشگێڕ تاکه رێکخراوی رۆژهه‌ڵاتی کوردستانه که هه‌ردوو چه‌مکی (نه‌ته‌وایه‌تیی و ئیسلامیی) له به‌رنامه و رێبازی خۆیدا گونجاندووه. پێتانوایه تا چه‌ند پێکه‌وه‌گرێدانی ئه‌م دوو چه‌مکه له بزووتنه‌وه‌ی رزگارییخوازیی نه‌ته‌وه‌ی کورددا سه‌رکه‌وتوو بووه؟ وا هه‌ست ناکه‌ن ئاوێته‌کردنی ئه‌م دوو چه‌مکه زیانی به بزووتنه‌وه‌ی رزگارییخوازیی کورد گه‌یاندووه؟
عبدالرحیم مه‌عریفه‌تیی: ئیسلام وه‌ک ئاینێک که وه‌ک به‌ڕێزترین ئافرێنراوی خودا سه‌یری مرۆڤ ده‌کا و رێوشوێنی ژیانی بۆ دیارییکردووه، دابه‌شبوونی به‌ره‌ی مرۆڤ به‌سه‌ر چه‌ند گه‌ل و نه‌ته‌وه‌ی جیاوازدا به ئایه‌تێک له ئایه‌ت و نیشانه‌کانی خودا ده‌زانێ و هه‌ر جۆره ئینکار و لادانێک له‌و ئایه‌ته به‌زاندنی سنووری قه‌ده‌غه‌کراوه‌کانی په‌روه‌دگاره و حاشا له ماف و ئازادیی و که‌رامه‌تی نه‌ته‌وه‌یی هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ک دژایه‌تییه له‌گه‌ڵ ئایه‌ته‌کانی خودا. ئامانج له‌و جیاوازییه سروشتییه، یه‌کترناسین و داننانه به مافی یه‌کتردا و له روانگه‌ی ئیسلامه‌وه هیچ گه‌ل و نه‌ته‌وه‌یه‌ک به‌رزتر و پیرۆزتر نییه له گه‌لانی تر. که‌وابوو به دیدێکی ئیسلامییانه‌وه ناکرێ وه‌ک دوو چه‌مکی جیاواز سه‌یر بکرێن، تا باس له پێکه‌وه گونجاندنیان بکرێ. به‌ڵکو ئیسلام گرینگیی به هه‌موو به‌ها و پرس و پێویستییه‌کانی مرۆڤ ده‌دا و ره‌گه‌ز و نه‌ته‌وه و جیاوزیی نه‌ته‌وه‌ییش له‌و روانگه‌وه شتێکی سروشتیی و خواکردن و گرینگییپێدانی مرۆڤ به نه‌ته‌وه و به‌ها نه‌ته‌وه‌یی و مافه‌کانی هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ک له بازنه‌ی ئیسلام به‌ده‌ر نییه و هه‌وڵدان بۆ دابینکردن و گێڕانه‌وه‌ی مافه نه‌ته‌وایه‌تییه‌کانی گه‌لێکی مافخوراو و سته‌ملێکراو ئه‌نجامدانی ئه‌رکێکی گه‌وره‌ی دینییه و کورد بۆ وه‌ده‌ستهێنانه‌وه‌ی مافی خۆی پێویستیی به رۆشنبیرییه‌کی ناوچه‌یی و جیهانیی ئه‌وتۆ هه‌یه که گه‌لانی ناوچه به تایبه‌ت داگیرکه‌رانی کوردستان له‌و گه‌لانه‌ن ده‌بێ له رێگای دینه‌وه تێبگه‌ن مافی گه‌لان به تایبه‌ت کورد بپارێزن.
که‌وابوو ئێمه له رێکخراوی خه‌بات،ی شۆرشگێڕی کوردستان که له‌سه‌ر بنه‌مای ئیدئۆلۆژیی ئیسلامیی دامه‌زراوین و خه‌باتی نه‌ته‌وایه‌تییش وه‌ک یه‌کێک له ئه‌رکه پیرۆزه ئایینییه‌کانمان سه‌یر ده‌که‌ین، به رێباز و شێواز و دیدێکی دروست و سه‌رکه‌وتووی ده‌زانین و نه‌ک هه‌ر زیانی به بزووتنه‌وه‌ی کوردستان نه‌گه‌یاندووه، به‌ڵکو ئه‌گه‌ر ئه‌و واقعبینییه‌ی ئێمه هه‌مانه و ئه‌و رێبازه ره‌سه‌نه‌ی ئێمه په‌یڕه‌وییمان لێکردووه له بازنه‌ی به‌رینتردا با و تێکۆشه‌رانیتری نێو ریزی بزووتنه‌وه‌ی رزگارییخوازیی کوردستانیش له ئه‌وه‌ڵه‌وه گرینگی‌یان پێدابا و لانیکه‌م دژایه‌تییان نه‌کردبا، ئێستا خه‌باتی ئێمه له ئاستێکی تر و خه‌باتگێڕانی کورد لێبڕاوانه‌تر تێده‌کۆشان و متمانه‌به‌خۆبوون و دڵسۆزیی و ته‌باییش له لووتکه‌دا ده‌بوو.
بێستان: ئێوه له کۆنگره‌ی چواره‌می رێکخراوی خه‌بات،دا، که له هاوینی ساڵی ٢٠٠٨ دا به‌سترا، دروشمی (دابینکردنی مافی بڕیاردان له‌سه‌ر چاره‌نووسی گه‌لی کوردستان بۆ نه‌ته‌وه‌که‌مان) تان به‌رزکرده‌وه. ئه‌مه له کاتێکدا که زۆربه‌ی حیزبه‌کانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان (فیدڕاڵی)یان کردۆته دروشمی سه‌ره‌کییان. خوێندنه‌وه‌تان بۆ دروشمی نوێی خه‌بات و بۆچوونتان سه‌باره‌ت به دروشمی فیدڕاڵیی چییه؟ ئایا باشتر نه‌بوو ئێوه‌ش، وه‌ک زۆربه‌ی لایه‌نه‌کانی دیکه، دروشمی فیدراڵی بکه‌نه ئامانج؟
عبدالرحیم مه‌عریفه‌تیی: له وه‌ڵامی پرسیاری پێنجه‌مدا ئاماژه‌مان به مافی نه‌ته‌وایه‌تیی و جیاوازیی نه‌ته‌وه‌یی کرد و گوتمان له روانگه‌ی ئیسلامه‌وه گه‌لان یه‌کسانن. که‌وابوو هه‌موو ئه‌و مافانه‌ی بۆ هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ک ده‌بێ له‌به‌رچاو بگیرێن و ده‌سته‌به‌ر بکرێن، بۆ تێکڕای نه‌ته‌وه جیاوازه‌کان ره‌وا و به‌رحه‌قن و کوردیش وه‌ک هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌کی دیکه مافی خۆیه‌تی سه‌روه‌ریی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانیی پارێزراو بێ و خۆبه‌ڕێوه‌بردن و سیستمی به‌ڕێوه‌به‌ریی خۆی هه‌بێ. به‌ڵام به له‌به‌رچاوگرتنی باری هه‌ستیاری ئه‌و ناوچه‌ی کوردستانی تێدا هه‌ڵكه‌وتووه و مێژووی دوورودرێژی سه‌رکوتی گه‌له‌که‌مان له‌لایه‌ن داگیرکه‌رانه‌وه و ره‌گه‌زپه‌رستیی و شۆوێنیستیی ئه‌و گه‌ل و نه‌ته‌وانه‌ی ده‌سه‌ڵاتیان زاڵه به‌سه‌ر کورد و نیشتمانه‌که‌یدا، ناچارین رێگا و دروشم و شێوازی گونجاو له‌گه‌ڵ ئه‌و واقیعه بگرینه به‌ر و کارێک نه‌که‌ین هه‌ستی ره‌گه‌زپه‌رستانه‌یان زیاتر بوورووژێنین و به‌هانه‌یان نه‌ده‌ینه ده‌ست ئه‌و تۆمه‌تانه‌ی ده‌یانده‌نه پاڵ کورد و بزووتنه‌وه‌که‌ی، بیسه‌لمێنن و به‌ربه‌ستی گه‌وره‌تر له‌به‌رده‌م بزاڤی رزگارییخوازیی گه‌له‌که‌مان دانه‌نێین. دانان و دیاریکردنی ده‌ق و داڕشتنێک بۆ دروشمی ستراتیژیی به شێوه‌یه‌ک که ره‌وایی تێکڕای مافه نه‌ته‌وه‌ییه‌کانی تێدا ره‌نگ بداته‌وه، کار و سیاسه‌تێکی حه‌کیمانه‌یه و سووربوون و پێداگریی هه‌ڵگرانی ئه‌و دروشمه له‌سه‌ر خواسته نه‌ته‌وه‌ییه‌کان ده‌گه‌یه‌نێ.
(دابینکردنی مافی بڕیاردان له‌سه‌ر چاره‌نووسی گه‌لی کوردستان بۆ نه‌ته‌وه‌که‌مان) ئه‌و دروشمه‌یه که مافی چۆنیه‌تیی و شێوازی ویست و داوا نه‌ته‌وه‌ییه‌کانی گه‌لی کورد و بڕیاردان له‌سه‌ر جۆری ده‌سه‌ڵاتی دڵخوازی گه‌ل، ده‌داته تاک و کۆمه‌ڵی کورد و خه‌بات،ی شۆرشگێڕ له ئێستاوه نابێته نوێنه‌ر و وه‌کیلی ته‌واوی خه‌ڵکی کوردستان و مافی ده‌نگ و خواستی خه‌ڵک بۆخۆی پاوان ناکا و ئه‌و بژار و بڕیاره به مافی بێ ئه‌ملا و ئه‌ولای تێکڕای جه‌ماوه‌ری کوردستان ده‌زانێ. هه‌روه‌ها له نێوه‌رۆکی دروشمه‌که‌شدا ئه‌و گشتگیرییه به روونیی دیاره که ده‌کرێ هه‌ر کام له شێواز و جۆره‌کانی سیستمی فه‌رمانڕه‌وایی وڵات دیاریی بکرێ و به‌ند و مه‌رج و گرێ و گۆڵی له‌به‌رده‌م هیچ کام له شێواز و جۆره‌کانی ده‌سه‌ڵات دانه‌ناوه و گه‌ل سه‌ربه‌سته له دیارییکردن و ده‌ربڕینی خواستی نه‌ته‌وه‌یی خۆیدا. به‌ڵام (فیدڕاڵیی) به روونیی شێوازێکی سیستمی فه‌رمانڕه‌وایی تێدا ده‌رده‌که‌وێ و وه‌ک دروشمه‌که‌ی ئێمه گشتگیر نییه و بازنه‌ی راڤه و واتاکه‌ی سنوورداره. دیاره ئه‌گه‌ر ئێمه‌ی کورد له کوردستانی ئێران بتوانین له‌م قۆناغه‌دا فیدڕاڵیی ده‌سته‌به‌ر بکه‌ین، بێگومان سه‌رکه‌وتن و ده‌سکه‌وتێکی گه‌وره‌یه و له لووتکه‌ی ئاوات و ئامانج و خواسته نه‌ته‌وه‌ییه‌کانمان نزیک ده‌کاته‌وه. هه‌ر بۆیه وێڕای ئه‌وه که دروشمی ئێمه له رووی به‌رینایی مه‌ودای شێوازه‌کانی ده‌سه‌ڵاته‌وه به‌رینتره و فیدڕااڵییش یه‌کێک له‌و جۆره سیستمانه‌یه، ئه‌وپه‌ڕی رێز بۆ هه‌ڵگرانی دروشمی فیدڕاڵییش داده‌نێین و به خاڵی هاوبه‌شی نێوان خۆمان و ئه‌وانی ده‌زانین.
بێستان: سه‌باره‌ت به پێکهێنانی به‌ره‌یه‌ك له نێوان پارته‌کانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان، هه‌ر حیزب و رێکخراوێك به شێوه‌ی جیاواز و به‌پێی توانای خۆی له‌سه‌ری دواوه و بۆچوونی خۆی ده‌رباره‌ی به‌ره راگه‌یاندووه. ئێوه وه‌ك خه‌بات،ی شۆڕشگێڕ تا چه‌ند هه‌وڵتان بۆ پێکهێنانی وه‌ها به‌ره‌یه‌ك داوه؟ به‌گشتیی سه‌باره‌ت به به‌ره بۆچوونتان چییه؟
عبدالرحیم مه‌عریفه‌تیی: بێگومان ته‌بایی و هاوکاریی و یه‌کهه‌ڵوێستیی و به تایبه‌ت ئه‌گه‌ر بگاته راده‌ی کۆبوونه‌وه له چوارچێوه‌ی به‌ره‌یه‌کی یه‌کگرتوودا، وزه و هێز ده‌به‌خشێته بزووتنه‌وه‌ی کورد و گوڕوتینێکی زیاتر ده‌داته به‌ر تێکۆشه‌رانی رێگای رزگاریی کورد و کوردستان و رێگای دوورودرێژ و پڕ که‌ند و له‌ندی خه‌بات و تێکۆشان نزیک و ئاسان ده‌کاته‌وه و راده‌ی به‌شداریی له شۆرشدا په‌ره‌ده‌سێنێ و متمانه‌ی جه‌ماوه‌ری کورد به بزووتنه‌وه زیاتر ده‌بێ. به‌ڵام به‌داخه‌وه سه‌ره‌ڕای زانینی ئه‌و راستییه حاشاهه‌ڵنه‌گرانه ده‌بینین به کرده‌وه هه‌وڵی جیددیی و کارای ئه‌وتۆ نه‌بوون له‌لایه‌ن هیچ کام له لایه‌نه‌کان که ئه‌و یه‌کڕیزییه دروست بێ و نه‌ک هه‌ر نه‌مانتوانیوه به‌ره پێک‌بێنین به‌ڵکوو به ئاراسته‌ی پێچه‌وانه‌دا رێگه‌مان بڕیوه و ئێستا که وه‌ڵامی ئێوه ده‌ده‌مه‌وه ده‌ردی دابڕان و ناته‌بایی زۆر زه‌ق و به‌رچاوه و ده‌بێ هه‌مووشمان بزانین که له به‌رامبه‌ر ئه‌و که‌موکورتییه‌دا به‌رپرسیارین و ئۆباڵی گه‌ل و مێژوو و شۆرشمان ده‌که‌وێته ئه‌ستۆ.
دیاره ئێمه وه‌ک رێکخراوی خه‌بات،ی شۆرشگێڕ به گه‌رمیی پێشوازیی و ده‌ستخۆشیی له تێکڕای ئه‌و هه‌وڵ و ده‌سپێشخه‌رییانه ده‌که‌ین که له‌و پێناوه‌دا له ئارادان و به کرده‌وه‌ش کارمان بۆ کردووه و هه‌وڵمان بۆ داوه و له زۆربه‌ی راگه‌یه‌نراوه فه‌رمییه‌کانی خۆمان له بۆنه جیاجیاکاندا بانگه‌شه و بانگه‌وازمان بۆ کردووه و داوای هیچ کۆمه‌ڵ و گرووپ و لایه‌نێکی سیاسییشمان ره‌ت نه‌کردۆته‌وه له‌و بواره‌دا و له چه‌ندین کۆبوونه‌وه و کۆنفرانسیشدا به‌شدارییمان کردووه که بۆ ئه‌م مه‌به‌سته رێکخراون.
بێستان: له دوای هه‌ڵبژاردنی خولی ده‌یه‌می سه‌رۆککۆماریی له ئێران زنجیره‌یه‌ك خۆپیشاندان، به‌مه‌به‌ستی ناڕه‌زایه‌تیی له ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌کان، له دژی رێژیمی ئێران سه‌ریان هه‌ڵدا و تا ئێستاش به‌رده‌وامن. پێتانوایه تا چه‌ند ئه‌م خۆپیشاندانانه ده‌توانن بارودۆخی ئێستای ئێران به قازانجی گه‌لانی ئێران بگۆڕن؟
عبدالرحیم مه‌عریفه‌تیی: ئه‌و ناته‌باییانه‌ی ده‌مێک بوو و له پێشتریشدا له‌نێو سه‌رانی کۆماری به‌نێو ئیسلامییدا هه‌بوون و له ئاکامی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆککۆماریی ئه‌مساڵ له ئێران‌دا زه‌ق بوونه‌وه و ده‌رکه‌وتن و سه‌ره‌نجام به‌ربژاره ناڕازییه‌کان لایه‌نگرانی خۆیان هاندا بێنه سه‌ر شه‌قام و رێپێوان بکه‌ن و بێزاریی خۆیان له‌و ساخته‌کاریی و فرت و فێڵه‌ی خامنه‌یی و ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد ده‌ربڕن، ده‌رووی بۆ تێکڕای کۆمه‌ڵانی ناڕازیی کرده‌وه و زۆربه‌ی ئه‌و که‌سانه‌ی له‌و رژیمه و ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی بێزاربوون هاتنه نێو ئاپۆڕه‌ی خۆپێشانده‌ران و وێڕای دروشم و خواستی لایه‌نگرانی ره‌وتی ناڕازیی له ئاکامی هه‌ڵبژاردن، به‌ره به‌ره دروشم و داوای زبر و زه‌قتر له‌سه‌ر شه‌قام ده‌نگیان دایه‌وه و کار گه‌یشته جێگایه‌ک به قه‌ولی رێبه‌ری نیزام! هیچ پیرۆزییه‌ک بۆ کۆماری به‌نێو ئیسلامیی و رێبه‌ره‌کانی نه‌ما و لووتکه‌ی ئه‌و پیرۆزییانه (خومه‌ینیی)ش که‌وته ژێر پێی ئاپۆره‌ی حه‌شیمه‌تی ناڕازیی و سه‌ره‌نجام رژیم که‌وته قه‌یرانێکی ئه‌وه‌نده قووڵه‌وه که له مه‌ودای ته‌مه‌نی نه‌گبه‌تی سی ساڵه‌ی خۆیدا نه‌یدیبوو. تا ئه‌م ساته‌ش ئه‌و حه‌ره‌که‌ته هه‌ر به‌رده‌وامه و هه‌موو ئه‌و بۆنه و یادانه‌ی که پێشتر رژیم به مه‌به‌ستی نیشاندانی هێز که‌ڵکی لێوه‌ر‌ده‌گرتن، بوونه رۆژی سه‌نگه‌ر گرتن له ده‌سه‌ڵاتی دیکتاتۆریی رژیم و لێیان بوونه ژاری مار و رۆژ به‌رۆژ زیاتر ده‌که‌ونه ته‌نگانه و هه‌ست به مه‌ترسیی زیاتر ده‌که‌ن. بێگومان ته‌نگژه و قه‌یرانێکی ئاوا گه‌وره پایه‌کانی ده‌سه‌ڵاتی رژیمی وه‌له‌رزه خستووه و هه‌ر چه‌شنه لاوازیی و له‌رزۆکیی و مه‌ترسییه‌کیش که بۆ کۆماری به‌نێو ئیسلامیی دروست بێ، به‌رژه‌وه‌ندیی گه‌لانی چه‌وساوه‌ی ئێرانی تێدایه و هیوا به نه‌مانی دیکتاتۆریی زیاتر ده‌بێ و خۆری ئازادیی له ئاسۆ سه‌ر وه‌سوێ ده‌نێ و گه‌لانی ئێران ئومێدیان به سه‌رکه‌وتن زیاتر ده‌بێ و به پله‌ی یه‌که‌م نیزامی ئێستا لاواز ده‌بێ و که‌لێن بۆ خه‌ڵک ده‌کرێته‌وه داواکانیان به شێوه‌ی یاسایی بخه‌نه به‌رده‌م لایه‌نی به‌رامبه‌ر.
بێستان: رێکخراوی خه‌بات یه‌ك له‌و لایه‌نه سیاسییانه‌ی کوردستان بوو که هه‌ڵبژراردنی خولی ده‌یه‌می سه‌رۆککۆماریی له ئێران بایکۆت کرد. له چ روانگه‌یه‌که‌وه ئه‌و هه‌ڵوێسته‌تان گرت؟ ئه‌م بایکۆتکردنه چ کاریگه‌رییه‌کی له‌سه‌ر بارودۆخی ئێران هه‌بوو؟ چه‌ند حیزبی کوردستانیی لایه‌نگری به‌شدارییکردن له هه‌ڵبژاردندا بوون. له‌م باره‌وه نه‌زه‌رتان چییه؟
عبدالرحیم مه‌عریفه‌تیی: کارنامه‌ی سی ساڵه‌ی ده‌سه‌ڵاتی کۆماری به‌نێو ئیسلامیی نیشانی داوه که دژی ئازادییه فه‌ردیی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانه و هه‌ڵبژاردنیش که پرۆسه‌یه‌کی ئازادانه‌ی ئاڵوگۆڕی ده‌سه‌ڵاته، له ماوه‌ی ئه‌و سی ساڵه‌دا قه‌ت ئه‌و که‌شه ئازادییه‌ی تێدا نه‌ڕه‌خساوه خه‌ڵک بتوانن ئازادانه خۆیان بپاڵێون و ده‌نگ به پاڵێوراوی دڵخوازی خۆیان بده‌ن. هه‌ر بۆ خۆپاڵاوتن ئه‌وه‌نده‌یان قه‌یدوبه‌ند و مه‌رج و پێوه‌ر داناون که ناشێ که‌سێکی غه‌یری دڵخوازی رژیم بۆ پۆسته گرینگ و سه‌ره‌کییه‌کانی ده‌سه‌ڵاتی وڵات پاڵێوراو بێت، ئه‌وه له لایه‌ک، له لایه‌کی تریشه‌وه سه‌ره‌ڕای ئه‌و هه‌موو کۆسپ و گرێیانه‌ی به‌رده‌م خۆپاڵاوتن، به‌شداریی جه‌ماوه‌ر و رێژه‌ی ده‌نگه‌کانی خه‌ڵک هه‌رچه‌ند و بۆ هه‌رکه‌س بێت، نابێته پێوه‌ری دۆڕان یان سه‌رکه‌وتنی که‌سێکی پاڵێوراو. به‌ڵکوو ئه‌وه زار و سیاسه‌تی رێبه‌ری رژیم و مۆره سه‌ره‌کییه‌کانیه‌تی ده‌بێته پێوه‌ر و براوه ده‌ناسێنێ و ده‌سه‌ڵاتی ده‌داته ده‌ست. ئاکامی هه‌ڵبژاردنه‌کانی ئه‌مساڵی سه‌رۆککۆماریی ئه‌و راستییه‌ی ئاشکراتر کرد.
له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه بوو که ئێمه هه‌م له هه‌ڵبژاردنه جیاجیاکانی ساڵانی پێشووتر و هه‌م هه‌ڵبژاردنی ئه‌مساڵیشمان بایکۆت کرد و له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه بووین که زۆریی رێژه‌ی به‌شداریی خه‌ڵک له‌و شانۆگه‌رییه‌دا خزمه‌ت به رژیم ده‌کا هه‌ر وه‌ک خامنه‌یی قۆزتیه‌وه و کردیه به‌ڵگه‌ی خۆشه‌ویستیی خه‌ڵک بۆخۆی و نیزامه‌که‌ی و له‌وێوه ده‌توانێ دیسان بانگه‌شه‌ی ئه‌وه بکا که ده‌سه‌ڵاتێکی خه‌ڵکیی و ئازادییخوازه و ره‌وایی سه‌ره‌ڕۆییه‌کانی خۆی له‌وێوه وه‌رده‌گرێ.
دیاره حیزب و لایه‌نی واش هه‌بوون که تێڕوانینیان بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌مساڵ جیاواز بووه له روانگه و خوێندنه‌وه‌ی ئێمه و له‌سه‌ر بنه‌مای تێگه‌یشتنی خۆیان له‌وباره‌وه هه‌ڵوێستیان گرتووه و ئه‌وه‌ش مافی هه‌موو حیزب و رێکخراوێکه که به گوێره‌ی سیاسه‌تی خۆی له‌مه‌ڕ پرسه جیاجیاکان هه‌ڵوێست بگرێ و هه‌ر لایه‌نه‌ش له به‌رامبه‌ر هه‌ڵوێست و بڕیاره‌کانی خۆیدا به‌رپرسیاره.
بێستان: بزووتنه‌وه‌ی سه‌وز، وه‌ك ڕه‌وتێکی دیار و سه‌ره‌کیی ئۆپۆزیسیۆن له ئێران، رۆڵی کارای له خۆپیشاندانه‌کانی ئێران‌دا هه‌یه. وه‌ك دیاریشه رێبه‌رانی ئه‌م بزووتنه‌وه له کۆنه ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌م رێژیمه بوون. خه‌ڵکی کوردستان تا چه‌ند ده‌توانێ هاوکاری ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه (بزووتنه‌وه‌ی سه‌وز) بێ؟ پێتانوانییه ئامانجه‌کانی ئه‌م بزووتنه‌وه ته‌نها قۆرغکردنی ده‌سه‌ڵاته به‌بێ گۆڕینی سیسته‌می وڵات؟
عبدالرحیم مه‌عریفه‌تیی: له وه‌ڵامی پرسیاری هه‌شته‌مدا باسم کرد که له ئاکامی ئه‌و رێپێوان و ناڕه‌زایه‌تیی ده‌ربڕینانه‌دا رژیم که‌وتۆته قه‌یران و گێژاوێکی قووڵ و هه‌ست به مه‌ترسیی نه‌مان و رووخان ده‌کا. بێگومان هه‌ر جووڵانه‌وه‌یه‌ک به ئاراسته‌ی لاوازکردن و رووخاندنی رژیمدا حه‌ره‌که‌ت بکا، خزمه‌ت به گه‌لانی چه‌وساوه‌ی ئێران ده‌کا و به‌رژه‌وه‌ندیی خه‌ڵکی مافخوراوی ئه‌و وڵاته‌ی تێدایه. گه‌لی کوردیش که له هه‌موویان زیاتر باری چه‌وسانه‌وه‌ی له‌سه‌ر بووه و لێبڕاوانه خه‌باتی کردووه بۆ رزگاربوون له‌و سته‌مه و به‌گژ کۆماری به‌نێو ئیسلامییدا چۆته‌وه، دڵخۆشه به هه‌موو هه‌ڵوێست و رووداو و راپه‌ڕینێک که هه‌وڵی کۆتاییهێنان به سایه‌ی نه‌گبه‌تی دیکتاتۆریی رژیم بدات و پێمانوایه ده‌بێ له ره‌وتی ئه‌و هه‌وڵانه‌دا پاڵپشت و هانده‌ر بێ و ده‌بێ ئه‌و راستییه‌ش بزانین ئێمه به درێژایی ماوه‌ی ته‌مه‌نی رژیم له خه‌بات و تێکۆشان‌دا بووین دژی سه‌ره‌ڕۆیی و سته‌مه‌کانی و ئێستا که له‌م قۆناغه‌دا گه‌ل و هێز و جه‌ماوه‌رێکی به‌رینتر دێته نێو ئه‌و سه‌نگه‌ره و به‌ره‌ی داگیرکه‌ر به‌جێ دێڵێ و ده‌که‌وێته به‌ره‌ی موخالیفانی چالاکی رژیم، جێی خۆیه‌تی پاڵپشتیی بکه‌ین. وه‌ک پێشتریش ئاماژه‌م بۆ کرد ئه‌و بزووتنه‌وه‌ی که به (سه‌وز) ناوت هێنا، دروشمه‌کانی هێڵی سه‌وزیان تێپه‌ڕاند و هه‌ڕه‌شه‌ی رووخاندن و گۆڕینی ده‌سه‌ڵات و سیستمی زاڵ به‌سه‌ر ئێران‌دا ده‌که‌ن. هه‌ر بۆیه‌ش به توندیی سه‌رکوت ده‌کرێن. ئێستا که ده‌بینین و ده‌زانین جڵه‌وی جه‌ماوه‌ری ناڕازیی له‌ده‌ست سه‌رانی سه‌وزدا نه‌بووه و نییه، ناکرێ بڵێین بۆ ئامانجی چه‌ند که‌سایه‌تییه‌کی دیار تێده‌کۆشێ، تا پێمانوابێ هه‌ر کێشه‌ی ده‌سه‌ڵاتی که‌سه‌کانه و ئامانجی دیکه له ئارادا نین.
بێستان: په‌تای که‌رتبوون و ئینشیعاب زۆرێك له حیزبه‌کانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستانی گرتۆته‌وه. ئه‌م بارودۆخه‌ی ئێستا حیزبه‌کانی ئێمه‌ی تێکه‌وتووه، دۆزی ئاڵۆزی گه‌له‌که‌مان به چ ئاقارێکدا ده‌با؟ به کورتیی لایه‌نه خراپ و پۆسه‌تیڤه‌کانی ئه‌م جیابوونه‌وانه له چیدا ده‌بینن؟
عبدالرحیم مه‌عریفه‌تیی: کاتێک ئێمه باسی ته‌بایی و هاوکاریی و هاوهه‌ڵوێستیی ده‌که‌ین، ئامانجمان به‌هێزکردنی بزووتنه‌وه‌ی گه‌له‌که‌مان و پته‌وکردنی سه‌نگه‌ری تێکۆشانه. هه‌ر به‌و پێوه‌ره‌ش ناته‌بایی و لێک‌دابڕان و دووبه‌ره‌کیی و دژایه‌تیی ده‌بێته هۆی لاوازکردنی بزاڤی رزگاریخوازی کوردی رۆژهه‌ڵات و بێگومان کاریگه‌ریی نه‌رێنیی ده‌بێ له‌سه‌ر دۆزی نه‌ته‌وه‌ییش و ئه‌و جۆره ململانێ و که‌ڵه‌وه‌کێشییانه سیمای شۆرش و بزووتنه‌وه‌ی کوردستان لای گه‌له‌که‌مان و دۆسته نێوخۆیی و ده‌ره‌کییه‌کان ده‌شێوێنێ و هێز و وزه‌ی شۆرش به‌فیڕۆ ده‌دا و ئامانجه گرینگ و نه‌ته‌وه‌ییه‌کانی ده‌که‌ونه په‌راوێز و ململانێی ناله‌باری باڵباڵێنه و حیزب حیزبێنه ده‌بێته مه‌به‌ست و ئامانجی دیار و دیارده‌ی ده‌سه‌ڵاتویستیی ده‌بێته باو و به‌رژه‌وه‌ندیی حیزبیی به‌ر له به‌رژه‌وه‌ندیی گشتیی و نه‌ته‌وه‌یی ده‌گرێ. که‌وابوو ناکرێ بڵێین خاڵی ئه‌رێنیی و باش له‌و دیارده نه‌خوازراوه‌دا هه‌یه.
بێستان: ئێمه پرسیارێکیترمان نه‌ماوه. دوا وته‌تان بۆ ئێمه و خوێنه‌رانی بێستان.
عبدالرحیم مه‌عریفه‌تیی: دووباره سوپاستان ده‌که‌م که توانیم له رێگه‌ی ئێوه و پرسیاره‌کانتانه‌وه به‌شێک له بۆچوون و هه‌ڵوێسته‌کانی رێکخراوه‌که‌مان بۆ خوێنه‌رانی ماڵپه‌ڕه‌که‌تان روون بکه‌مه‌وه.
رێبه‌ندانی ١٣٨٨
فێوریه‌ی ٢٠١٠
|