ماڵپه‌ڕی خه‌بات
هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ك کۆمه‌ڵێك تایبه‌تمه‌ندیی و داب و نه‌ریت و کلتووری تایبه‌ت به خۆی هه‌یه که ده‌بنه نێو و نیشان و ناسنامه‌ی ئه‌و نه‌ته‌وه و له نێو گه‌ل و نه‌ته‌وه‌کانی تر دا به‌و ئاماژانه ده‌ناسرێته‌وه. زمانی ئاخاوتن و نه‌ریتی کۆمه‌ڵایه‌تیی و جلوبه‌رگی نه‌ته‌وه‌یی له دیارترین تایبه‌تمه‌ندیی و بنه‌ماکانی پێناسه‌ی هه‌ر گه‌لێکن. دیاره جیاوازیی نه‌ته‌وه‌یی شاکاری ده‌ستی په‌روه‌دگاری بوونه‌وه‌ره و نیشانه و ئایه‌تی خودایه و، خۆی فه‌رموویه‌تی: " ئێوه‌م کردۆته گه‌ل و هۆزی جیاواز تا مافی یه‌کتر بناسن". قورئان سه‌باره‌ت به زمانیش فه‌رموویه‌تی " جیاوازیی ره‌نگ و زمانی نه‌ته‌وه‌کان ئایه‌تێکه له ئایه‌ته‌کانی خودا". هه‌ر بۆیه له روانگه‌ی ئیسلامه‌وه هیچ نه‌ته‌وه‌یه‌ك، به هیچ بڕوبیانوویه، بۆی نییه خۆی به به‌رزتر و پیرۆزتر له نه‌ته‌وه‌کانی تر دابنێ، یا به چاوی سووك سه‌یری گه‌لانی تر بکا و، خۆی بکاته ئاغا و کوێخا و، نه‌ته‌وه که‌مهێز و بێده‌ره‌تانه‌کانیش بکاته خزمه‌تکاری خۆی و له‌پێناو ئامانجی مه‌زنییخوازانه‌ی خۆیدا که‌ڵکیان لێوه‌رگرێ. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به داخه‌وه ئه‌مڕۆ ده‌بینین که هێندێك نه‌ته‌وه ئه‌و سنووره‌یان به‌زاندووه و ئه‌و پیرۆزییه‌یان شکاندووه و پله و پایه‌ی خۆیان به‌رز نرخاندووه و، خۆیان له کار و ژیانی گه‌لانی تر هه‌ڵقورتاندووه و، به هێندێك بڕوبیانووی وه‌ك هاوزمانیی و هاوئایینیی، نیشتمانیان لێ داگیرکردوون و که‌رامه‌تی خاك و زمان و کلتووری نه‌ته‌وه‌ییان پێشێلکردوون.
گه‌لی کوردستان یه‌کێك له‌و گه‌لانه‌یه که که‌وتۆته به‌ر شاڵاوی مه‌زنییخوازانی ره‌گه‌زپه‌رست و، نیشتمانی داگیر و دابه‌ش کراوه و، زمان و جلوبه‌رگ و نه‌ریتی نه‌ته‌وه‌یی خۆی لێ قه‌ده‌غه‌کراوه و له به‌رامبه‌ردا زمان و فه‌رهه‌نگی نه‌ته‌وه‌ی زاڵ و داگیرکه‌ری به‌سه‌ردا سه‌پێنراوه. داگیرکه‌رانی کوردستان هه‌ر به‌وه‌نده وازیان نه‌هێناوه که کان و سامانی نیشتمانی کورد به تاڵان ببه‌ن و شار و گوندی وێران بکه‌ن، به‌ڵکو به بیانووی ئه‌وه که زمانی خۆیان زمانی ده‌وڵه‌ت و یاسایه و ده‌بێ وه‌ك زمانی فه‌رمیی له سه‌رانسه‌ری وڵات‌دا کاری پێ‌بکرێ رێگه‌یان له گه‌شه و پێشکه‌وتنی زمانی کوردیی گرتووه و له به‌شه جیاجیاکانی کوردستاندا به شێوه‌ی جۆراوجۆر که‌ند و گرێیان له رێی خزمه‌تکردنی زمانی کوردیی داناوه. له کوردستانی بنده‌ستی ده‌وڵه‌تی تورکییه‌دا نه‌ك هه‌ر رێگه‌ی خوێندن و نووسینیان به کوردی نه‌داوه، به‌ڵکوو قسه‌پێکردنیشی قه‌ده‌غه بووه و تا ئه‌م دواییانه‌ش کوردیان هه‌ر به تورکی کێویی ناو ده‌برد. له رۆژاوای کوردستان ده‌وڵه‌تی سووریه مۆڵه‌تی نه‌داوه کورده‌کان ناسنامه‌ی هاووڵاتیبوونیان هه‌بێ و به وارشێکی عه‌ره‌بیی زێداریش چوارده‌وره‌یان داون و له‌و رێگایه‌وه هه‌وڵی سڕینه‌وه‌ی پێناسه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و بنبڕکردنی زمانی کوردیی ده‌ده‌ن. له ئێرانیش هه‌م له سه‌رده‌می رژیمی پاشایه‌تیی و هه‌م دوای هاتنه‌سه‌رکاری کۆماری به‌نێو ئیسلامیی سیاسه‌تی دژه‌کورد و پاکتاوی ره‌گه‌زیی له‌بره‌ودابووه. له سه‌رده‌می ره‌زاشادا جلوبه‌رگی کوردیی ته‌نانه‌ت، له گوندنشینانیش، قه‌ده‌غه‌کرابوو. رژیمی ئێستاش هه‌رچه‌نده رێگه‌ی داوه هێندێك رۆژنامه و رادیۆ و گۆڤار و ته‌له‌فزیۆن به زمانی کوردیی بڵاوببنه‌وه، به‌ڵام له پرۆسه‌ی په‌روه‌رده و خوێندندا له‌و ئاسته‌شدا مۆڵه‌تی نه‌داون و سه‌ره‌ڕای ئه‌وه که له یاسا بنه‌ڕه‌تییه‌که‌شی دا باسی کردووه، به کرده‌وه ئاماده نه‌بووه ئه‌و یاسایه‌ی خۆشی پیاده بکا.
به کورتیی داگیرکه‌رانی کوردستان له هه‌موو چاخ و قۆناغێکدا ته‌واوی توانای خۆیان بۆ لاوازکردن و نه‌هێشتنی زمانی کوردیی خستۆته گه‌ڕ و چه‌ندی بۆیان لوابێ له به‌ربه‌ره‌کانییکردنی زمانه‌که‌مان درێغییان نه‌کردووه. ئه‌و هه‌وڵ و دژایه‌تییه به‌رامبه‌ر زمانی کوردیی له پێناوی سڕینه‌وه‌ی ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی کورد دایه و، ئه‌وان ئه‌و راستییه ده‌زانن که مرۆڤ بریتییه له زمان و جه‌سته و پێوه‌ندیی راسته‌وخۆش له نێوان ئه‌و دووانه‌دا هه‌یه. هه‌روه‌ك چۆن جه‌سته به‌شی ماددیی بوونی ئێمه‌ی هه‌ڵگرتووه هه‌ر به‌و چه‌شنه زمانیش کلتوور و فه‌رهه‌نگ و په‌ند و ئه‌ده‌ب و مێژووی دێرینی ئێمه‌ی پاراستووه. دیاره ئه‌و سیاسه‌ته‌ی داگیرکه‌ر کاریگه‌ریی زۆری هه‌بووه له سه‌ر زمانه‌که‌مان و به‌ربه‌ستی له‌به‌رده‌م گه‌شه و گوڵکردنی داناوه، به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌و هه‌موو پیلانانه گه‌لی کورد خۆڕاگرانه توانیویه‌تی له هه‌ر سه‌رده‌م و بارودۆخێکدا به‌ربه‌ره‌کانیی بکا و ره‌سه‌نایه‌تیی و زیندوویی زمانه‌که‌ی خۆی پاراستووه و له هه‌ر هه‌ل و ده‌رفه‌تێکیش بۆی ره‌خسابێ درێغیی نه‌کردووه و خزمه‌تی کردووه.
حاشا له‌و راستییه‌ش ناکرێ که زمانی کوردیی زمانێکی ئه‌وه‌نده دێرین و ره‌سه‌نه که به‌و هه‌وڵانه و له‌ژێر کاریگه‌ریی ئه‌و پیلانانه‌دا ناسڕیته‌وه و ناتوێته‌وه. له سه‌رچاوه مێژووییه‌کاندا وا باسکراوه که سۆمه‌رییه‌کان نووسینیان داهێناوه، به‌ڵام جێی سه‌رنجه که به‌م دواییانه له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان له شارۆچکه‌ی (ره‌به‌ت) شوێنه‌وارێکی مێژوویی دۆزرایه‌وه که ده‌یسه‌لمێنێ ٣٥٠٠ ساڵ پێش ئێستا نووسین به کوردیی هه‌بووه، واته ٣٠٠ ساڵ به‌ر له نووسینی سۆمه‌رییه‌کان. زمانێك ئه‌وه‌نده له‌مێژینه بێ و هێنده گرینگ بێ چۆن ده‌کرێ هه‌وڵی سڕینه‌وه و فه‌وتاندنی بدرێ. ئه‌مه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی له‌م سه‌رده‌مه‌شدا زمانی کوردیی یه‌کێك له‌و چل زمانه‌یه که له جیهاندا به فه‌رمیی ناسراون.
داگیرکه‌ران له رێگه‌ی دژایه‌تییکردنی زمانه‌که‌مانه‌وه ویستوویانه ده‌رگای بیرکردنه‌وه‌مان دابخه‌ن و ده‌یانه‌وێ به لاوازکردنی زمانه‌که‌مان بیر و فکریشمان لاواز بکه‌ن، تا به‌ره به‌ره کارێك بکه‌ن خودی کوردیش وا بیربکاته‌وه که کوردیی زمانێکی که‌مه و زمانی ده‌ربڕینی زانست و فه‌لسه‌فه و داهێنان نیه. به‌داخه‌وه زه‌مه‌ن و زاڵم زیانێکی وایان له زمانی کوردیی داوه که کورد که‌سی وای لێ هه‌ڵنه‌که‌وێ داهێنانی فه‌لسه‌فه‌ی به کوردی هه‌بێ. هه‌ر چه‌ند که‌م نین ئه‌و زانا شاره‌زا و پسپۆڕه کوردانه‌ی به زمانه‌کانی عه‌ره‌بیی و فارسیی و تورکیی و... خزمه‌تیان به بواره جیاجیاکانی زانیاریی به‌ره‌ی مرۆ کردووه.
ئامانجێکی تری داگیرکه‌ران له‌و جۆره دوژمنایه‌تییه‌ی زمانی کوردیی ئه‌وه بووه که وا نیشان بده‌ن زمانێکی سووك و په‌ست و که‌مه و له ئاستی زمانه‌کانی تردا نیه. به داخه‌وه به‌شێکی کوردانیش که‌وتوونه ژێر کاریگه‌ریی ئه‌و هه‌وڵانه و زمان و فه‌رهه‌نگ و جلوبه‌رگی کوردی‌یان پێ که‌منرخ و هیچه و، شانازیی به زمان و جلوبه‌رگی بێگانه‌وه ده‌که‌ن و به پۆزه‌وه قسه‌ی پێده‌که‌ن و ده‌یانه‌وێ به‌و شێوه ئاخاوتنه خۆبنوێنن.
ئێستا که به‌خۆشییه‌وه سه‌رده‌م سه‌رده‌می ئازادیی گه‌لانه و دروشمی رێزگرتن له مافی مرۆڤ له هه‌موو قوژبنێکی جیهان له ئارادایه و کوردیش هه‌نگاوی گه‌وره‌ی ناوه و به‌شێکی که‌می گه‌ل و نیشتمانه‌که‌ی ئازاد و رزگارکراوه و پرسی کورد له چوارچێوه‌ی ته‌سکی نێوخۆیی چۆته ده‌ر و وه‌ك پرسێکی گرینگی ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست سه‌یر ده‌کرێ، ئه‌رکی سه‌رشانی هه‌موومان به تایبه‌ت خه‌مخۆران و ده‌سته‌بژێران و رۆشنبیر و خه‌باتگێڕانی کوردستانه له خه‌می ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی خۆمان دابین و به له‌به‌رچاوگرتنی رووداوه مێژووییه‌کان و هه‌وڵ و پیلانی نه‌یارانی کورد چاوکراوه‌تر بین و کار بۆ زیندووکردنه‌وه و گه‌شه‌پێدانی هه‌موو ئه‌و هێما و هۆکارانه‌ی پێناسه‌ی کوردبوونمان دیاری ده‌که‌ن، بکه‌ین. با وردبینانه و هۆشیارانه و به به‌رنامه و له‌ژێر رۆشنایی ئه‌زموون و زانایی زانا کورده پێشینه‌کان و پسپۆڕانی ئه‌مڕۆی نه‌ته‌وه‌که‌مان خزمه‌ت به زمان و تایبه‌تمه‌ندییه نه‌ته‌وه‌ییه‌کانمان بکه‌ین. ده‌بێ وریا بین له دژکرده‌وه‌ی هه‌وڵی داگیرکه‌راندا تووشی هه‌ڵه نه‌بین و به ناوی هه‌وڵدان بۆ دروستکردنی زمانی یه‌کگرتوو و کاری تری له‌و جۆره زیان به زمان و ده‌سکه‌وت و به‌رهه‌م و داهێنانی مێژووی کورد نه‌گه‌یه‌نین و له ره‌وتی ئه‌و جۆره خزمه‌تانه‌دا ده‌وڵه‌مه‌ندیی زمانه‌که‌مان خه‌وشدار نه‌که‌ین و لق و پۆپ و بنه‌ماکانی ره‌سه‌نایه‌تیی کوردیی نه‌خه‌ینه په‌راوێز و سه‌ره‌نجام له جیاتی خزمه‌تکردن و گه‌شه‌پێدانی زمانه‌که‌مان به‌ری ره‌نجی پێشینانیش به فیڕۆ نه‌ده‌ین.
ئێستا که سوپاس بۆ خودا ده‌رووی خێرمان لێکراوه‌ته‌وه و به‌شێکی کوردستان ئازاده و وێڕای خوێندن و په‌روه‌رده به زمانی کوردیی، سه‌دان رۆژنامه و گۆڤار و رادیۆ و ته‌له‌فزیۆنی کوردیی له‌و به‌شه‌دا چالاکییان هه‌یه، له به‌شه‌کانی تری کوردستانیشدا داگیرکه‌ران ناچار بوون دان به هێندێك له راستییه‌کان دابنێن و، با بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی خۆشیان بێ، که‌لێنێك بۆ زمانی کوردیی بکه‌نه‌وه، ده‌بێ به شێوه‌یه‌کی کاراتر تێ‌بکۆشین و هه‌موو هه‌وڵ و توانای خۆمان بخه‌ینه گه‌ڕ و به هه‌ر شێوه‌یه‌ك و له هه‌ر مه‌ودایه‌کدا بۆمان ده‌لوێ خزمه‌تی زمانه‌که‌مان بکه‌ین و ئه‌و هه‌له له‌ده‌ست نه‌ده‌ین.
یه‌کێك له تایبه‌تمه‌ندییه دیاره‌کانی هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ك جلوبه‌رگی ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه. گرنگیی جلوبه‌رگی کوردیی بۆ کورد له گرنگیی زمانه‌که‌ی که‌متر نیه. هه‌ربۆیه‌ش داگیرکه‌ران وێڕای دژایه‌تییکردنی زمانه‌که‌مان، له زۆر قۆناغی جیاواز و له زۆربه‌ی به‌شه جیاجیاکانی کوردستاندا ئه‌ویشیان لێ یاساغ کردووین. جلوبه‌رگی کوردیی نیشانه‌یه‌که، به‌ر له زمانیش، کوردبوونی ئه‌و که‌سه ده‌گه‌یه‌نێ که ئه‌و به‌رگه‌ی پۆشیوه، چونکه زمان ئاماژه‌یه‌که تا مرۆڤ قسه نه‌کا ده‌رناکه‌وێ که له چ نه‌ته‌وه‌یه‌که، به‌ڵام جلوبه‌رگ به روونیی ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی دیاریی ده‌کا. جێگه‌ی داخه ئێستا له‌نێو کورده‌کاندا گرینگییه‌کی ئه‌وتۆ به به‌رگی کوردیی نادرێ. له به‌رامبه‌ردا پۆشینی به‌رگی بیانیی بۆته دیارده‌یه‌کی ئاسایی و، نووسه‌ر و سیاسه‌تمه‌دار و رۆشنبیر و ده‌وڵه‌تدارانی کورد له پێشه‌وه‌ی ئه‌و که‌سانه‌ن که له‌و رووه‌وه خه‌مساردییان کردووه و به‌رگی بێگانه‌یان پۆشیوه. ئه‌وانه له‌نێو ئه‌و به‌رگه‌دا به کوردیی ده‌نووسن و قسه‌ده‌که‌ن و شه‌ڕی ستاندنه‌وه‌ی ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی کورد ده‌که‌ن. ناکرێ ئاگاشیان له‌و راستییه نه‌بێ که په‌راوێزخستنی به‌رگی کوردیی و گرینگییدان به‌و به‌رگه بیانییانه پێچه‌وانه‌ی ئامانج و کاره‌کانی خۆیانه و ناڕاسته‌وخۆ خزمه‌ت به ویست و به‌رژه‌وه‌ندیی نه‌یارانی کورد و کوردستان ده‌کا. ئه‌وه‌ی زیاتر جێی نیگه‌رانییه ئه‌وه‌یه که ئه‌و دیارده‌یه له باشووری کوردستان، که ته‌نیا به‌شی ئازادی کوردستانه، له هه‌موو به‌شه‌کانیتر به‌رچاوتره. له‌م به‌شه‌ی کوردستان حکومه‌تی کوردیی له جیاتی ئه‌وه هه‌وڵبدات به‌رگی کوردیی بکاته پۆشاکی فه‌رمیی فه‌رمانبه‌ر و کاربه‌ده‌ستانی فه‌رمانگه ده‌وڵه‌تییه‌کان، به‌رنامه و فۆرم و شێوازی تایبه‌تی جلوبه‌رگی بێگانه‌ی له ناوه‌نده‌کانی خوێندندا کردۆته تۆبزیی. هه‌ر بۆیه ئه‌گه‌ر مامۆستا یان فه‌رمانبه‌رێك به به‌رگی کوردییه‌وه بچێته سه‌ر کاره‌که‌ی سه‌رکۆنه ده‌کرێ و سزا ده‌درێ. ئه‌و دیارده و بره‌وپێدان و به ئاسایی له‌قه‌ڵه‌مدانه زیانی زۆر به ناسنامه‌ی کوردییمان ده‌گه‌یه‌نێ.
به‌و هیوایه که له رۆژی جیهانیی زمانی دایکییدا وشیاربینه‌وه و چاوێك به‌و هه‌ڵانه‌دا بخشێنینه‌وه و وێڕای هه‌وڵه نێوخۆیی و نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کانمان له پێناوی خزمه‌تکردن و گه‌شه‌پێدانی زمانی کوردییدا، نیشانه دیاره نه‌ته‌وه‌ییه‌کانمان دیارتر و به‌رچاوتر بکه‌ین و به‌رگی کوردیی بپۆشین و به کوردیی قسه بکه‌ین و بنووسین و وه‌خوێنین و، به کوردیی خۆمان به دۆست و نه‌یار بناسێنین.
|