راگه‌یه‌ندراوی رێکخراوی خه‌بات،ی شۆرشگێڕی کو‌ردستان سه‌باره‌ت به رفاندنی (عه‌بدولمالیك ریگیی) رێبه‌ری رێکخراوی "بزووتنه‌وه‌ی به‌رگریی خه‌ڵکی ئێران"
به نێوی خودای به‌خشنده‌ی میهره‌بان
جه‌ماوه‌ری سته‌مدیده و گه‌لانی به‌شخوراوی ئێران!
تێکۆشه‌رانی رێگای ئازادیی!
رۆژی سێشه‌ممه، چواری ڕه‌شه‌مه، (حه‌یده‌ر موسلیحیی)، وه‌زیری ئیتتلاعاتی رژیمی کۆماری به‌نێو ئیسلامیی ئێران، به له‌خۆباییبوونێکی زۆره‌وه هه‌واڵی ده‌ستگیرکردنی (عه‌بدولمالیك ریگیی)، رێبه‌ری رێکخراوی "بزووتنه‌وه‌ی به‌رگریی خه‌ڵکی ئێران" ناسراو به (جندالله)ی راگه‌یاند و به ده‌سکه‌وت و سه‌رکه‌وتنێکی گه‌وره‌ی سه‌ربازه‌کانی ئیمامی زه‌مان! و کۆماری به‌نێو ئیسلامیی له‌قه‌ڵه‌مدا.
بێگومان پرسی نه‌ته‌وه‌یی و ئایینیی گه‌لی به‌لووچستان که هاوشێوه‌ی پرسی گه‌لی کوردستانه و وێکچوونێکی زۆر له‌نێوانیاندا هه‌یه، پرسی ره‌وای نه‌ته‌وه‌یه‌کی ژێرده‌ست و مافخوراوه. هه‌ر بۆیه خه‌بات له پێناوی ئه‌و پرسه ئایینیی و نه‌ته‌وه‌ییه و تێکۆشان بۆ وه‌ده‌ستهێنانی مافه زه‌وتکراوه‌کانی ئه‌و گه‌له، خه‌باتێکی ره‌وایه. "بزووتنه‌وه‌ی به‌رگریی خه‌ڵکیی ئێران" که (عه‌بدولمالیك ریگیی) سه‌رکردایه‌تیی کردووه، هه‌میشه خۆی وه‌ك رێکخراوێکی سیاسیی و چه‌کداریی خاوه‌ن بیروباوه‌ڕی نه‌ته‌وایه‌تیی و ئیسلامیی پێناسه کردووه که بۆ ئازادیی نه‌ته‌وه‌ی به‌لووچ و رزگاریی خاکی به‌لوچستان خه‌بات ده‌کا و، رایگه‌یاندووه که بزووتنه‌وه‌که‌یان کاردانه‌وه‌یه‌ك بووه له دژی سته‌می چه‌ندقاتی مه‌زهه‌بیی و نه‌ته‌وه‌یی که ده‌سه‌ڵاتی دیکتاتۆریی کۆماری به‌نێو ئیسلامیی به‌سه‌ریدا سه‌پاندوون.
وه‌ك ده‌زانین رژیمی خومه‌ینیی له مه‌ودای ته‌مه‌نی سی ساڵه‌ی ده‌سه‌ڵاتی خۆیدا به کرده‌وه نیشانیداوه که نه‌ك هه‌ر باوه‌ڕی به ئازادیی و دادگه‌ریی و مافی گه‌لان نیه، به‌ڵکو رۆژ به‌رۆژ بازنه‌ی ئازادییه‌کانی ته‌نگترکردوونه‌وه و سته‌مه جۆراوجۆره‌کانی له‌سه‌ر نه‌ته‌وه‌کانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی خۆی زیاترکردوون و، وێڕای داگیرکردنی نیشتمان و به‌تاڵانبردنی ماڵ و سامانیان، له زه‌بروزه‌نگ و راوه‌دوونان و گرتن و شکه‌نجه‌کردن و ئازاردان و کوشتن و ئیعدامکردنیان و، به کورتیی له هیچ جۆره تاوانێك سڵی نه‌کردۆته‌وه و، بایه‌خی بۆ هیچ پێوه‌ر و به‌هایه‌کی ئاسمانیی و زه‌وینیی دانه‌ناوه و، ته‌نها مه‌یلی ره‌گه‌زپه‌رستانه و حه‌زی داگیرکه‌رانه‌ی خۆی کردۆته ئه‌یاره‌ی کاره‌کانی.
بزووتنه‌وه‌ی رزگارییخوازیی خه‌ڵکی به‌لووچستان، که " بزووتنه‌وه‌ی به‌رگریی خه‌ڵکیی ئێران" یه‌کێك له رێکخراوه‌کانیه‌تی، وه‌ك بزاڤی رزگارییخوازیی کورد، به پێی بارودۆخ و بۆلوان که‌ڵکی له شێوازه جیاوازه‌کانی خه‌بات وه‌رگرتووه و هه‌ر شێوه تێکۆشانێك خزمه‌تی به پێشڤه‌چوونی پرسه‌که‌یان کردبێ و له ده‌سته‌به‌رکردنی مافه‌کانیان نزیکی کردبنه‌وه، به ره‌وایان زانیوه. بۆیه کاتێك به رواڵه‌ت ده‌رفه‌تی دیالۆگ و چاره‌سه‌ری ئاشتییانه له‌نێوان "بزووتنه‌وه‌ی به‌رگریی خه‌ڵکیی ئێران" و رژیم دا دێته‌ئارا، هه‌رچه‌ند بزووتنه‌وه‌ی ناوبراو ده‌زانێ که له ماهییه‌تی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌دا نییه مافی ره‌وای گه‌لی به‌لووچ بسه‌لمێنێ و ده‌ست له چه‌وساندنه‌وه‌یان هه‌ڵگرێ، به‌ڵام وه‌ك خۆیان رایانگه‌یاندووه، بۆ رێزگرتن له بیروڕا و داوای که‌س و لایه‌نی نێوبژیکار وه‌ڵامی ئه‌رێنیی ده‌ده‌نه‌وه. به‌ڵام کاتێك ده‌رده‌که‌وێ که رژیم ته‌نانه‌ت یه‌ك هه‌نگاویش له سیاسه‌تی چه‌وسێنه‌رانه‌ی خۆی پاشه‌کشه ناکا، رێکخراوی ناوبراو له به‌یاننامه‌یه‌کدا ئه‌و راستییه راده‌گه‌یه‌نن و له بانگه‌وازێکدا بۆ هه‌موو گه‌لانی چه‌وساوه‌ی ژێر ده‌سه‌ڵاتی رژیم، بڕیاری ده‌ستپێکردنه‌وه‌ی چالاکییه سه‌ربازییه‌کانیان ده‌ده‌نه‌وه.
"بزووتنه‌وه‌ی به‌رگریی خه‌ڵکیی ئێران" له راگه‌یه‌ندراوێکدا راده‌گه‌یه‌نێ که شاندی سیخوڕیی رژیم، وه‌ك سیفه‌تی هه‌میشه‌ییان، به ناڕه‌وا که‌ڵك له ده‌رفه‌تی وتووێژه‌کان وه‌رده‌گرن و به رێکخستنی ساتوسه‌ودایه‌کی قێزه‌ونی نێوده‌وڵه‌تیی پیلانی ده‌ستگیرکردنی رێبه‌ره‌که‌یان داده‌ڕێژن و سه‌ره‌نجام به‌ره‌به‌یانی رۆژی سێشه‌ممه به کرده‌وه پیلانه‌که پیاده‌ده‌که‌ن. به‌م شێوه‌یه رژیم جارێکی‌تریش رووی راسته‌قینه‌ی خۆی بۆ خه‌ڵکی ئێران و جیهان ئاشکرا کرد و نیشانیدایه‌وه که ته‌نیا یه‌ك رێگه‌چاره‌ی بۆ دۆزی گه‌لانی چه‌وساوه‌ی ئێران پێبووه و پێیه که ئه‌ویش وێڕای درێژه‌دان به سیاسه‌تی دژه‌مرۆڤانه‌ی سه‌رکوت و زه‌بروزه‌نگ له دژی ئه‌و گه‌لانه، له سیاسه‌تی تیرۆریستانه و دانانی داوی دووڕووانه‌ش ده‌ست هه‌ڵناگرێ و، هه‌ر وه‌ك له رابردوودا له‌و رێگایه‌وه زه‌بری له بزووتنه‌وه‌ی کوردیش دا و به ئه‌زموونێکی سه‌رکه‌وتووانه‌ی خۆی له‌قه‌ڵه‌مداوه، جارێکی تریش له‌و پیلانه که‌ڵکی وه‌رگرت.
دوای ئه‌و رووداوه سه‌ران و ده‌زگا رایه‌گه‌یه‌نه‌کانی رژیم هه‌راوهۆریا و ده‌نگودۆرێکی زۆریان وه‌ڕێخست تا به خه‌یاڵی خۆیان بتوانن کێشه و قه‌یرانه گه‌وره نێوخۆییه‌کانی ئێرانی پێ بخه‌نه په‌راوێزه‌وه و، سه‌ر له خه‌ڵك بشێوێنن و، ویستیان له‌و رێگایه‌وه توانا و ده‌سه‌ڵاتی خۆیان زیاتر و زلتر بنوێنن تا گه‌لانی ناڕازیی و جه‌ماوه‌ری راپه‌ڕیوی پێ چاوترسێن بکه‌ن، به‌ڵام ئه‌و هه‌موو چاووڕاو و ده‌نگ و هه‌ڵڵایه له لایه‌کی تره‌وه نیشانده‌ری ئه‌و راستییه‌یه که رژیم له به‌رامبه‌ر ته‌نگژه و گرفته نێوخۆییه‌کاندا زۆر لاواز و بێتوانایه. به‌پێچه‌وانه‌ی ویست و حه‌زی رژیم، گرتن و رفاندنی (عه‌بدولمالیك ریگیی) نه‌ك هه‌ر کۆتایی به خه‌بات و سه‌رهه‌ڵدانی رزگارییخوازیی به‌لووچه‌کان و ته‌نانه‌ت ئه‌و رێکخراوه‌ی ناوبراویش رێبه‌رایه‌تیی ده‌کرد ناهێنێ و "ئارامیی" و "هێمنایه‌تیی" بۆ ده‌سه‌ڵاتی رژیم له‌و ناوچه‌یه ده‌سته‌به‌ر ناکا، به‌ڵکو ده‌بێته هۆی به‌رده‌وامیی تێکۆشان و خه‌باتی خه‌ڵکی به‌لوچستان و رێکخراوی ناوبراو.
ئێمه له رێکخراوی خه‌بات،ی شۆرشگێڕی کو‌ردستان وێڕای پاڵپشتییکردن له پرسی ره‌وای خه‌ڵکی به‌لووچستان و بزووتنه‌وه مافخوازانه‌که‌ی، ئه‌و پیلانه تیرۆریستییه‌ی رژیمی کۆماری به‌نێو ئیسلامیی ئێران مه‌حکووم و ریسوا ده‌که‌ین و هه‌ر حوکم و بڕیارێکیش له چوارچێوه‌ی سیستمی قه‌زایی نادادگه‌رانه‌ی ئه‌و رژیمه‌دا بۆ ئه‌و که‌سایه‌تییه و هاوباوه‌ڕانی بدرێ به ناڕه‌وا ده‌زانین.
رێکخراوی خه‌بات،ی شۆرشگێڕی کو‌ردستان
کومیته‌ی ناوه‌ندیی
٥ ی ره‌شه‌مه‌ی ١٣٨٨ی هه‌تاویی
٢٤⁄٢⁄٢٠١٠ی زایینیی
.
|