عه‌بدوڵڵا عومه‌رنه‌ژاد
په‌یامێك هات له‌و به‌رزه، رێبازى ژیانى سه‌ر ئه‌رزه. له‌ژێر سێبه‌رى قورئاندا، له زه‌ین و فكر و ده‌روونت، خه‌ون و خه‌یاڵ و بۆچوونت، لێڵى شك و گومان راماڵه و تۆوى دڵنیایى بڕوێنه. وه‌كوو خۆر و مانگى منه‌ووه‌ر، په‌رده‌ى تاریكیی شه‌ق بكه و شه‌وقى شه‌به‌ق هه‌ڵایسێنه. له‌و سۆنگه‌وه به‌ره‌و په‌نا و په‌ناگه‌یه‌ك هه‌نگاو بنێ و، له ستایشى ئه‌و ناسراوه نه‌بینراوه دامه‌مێنه. به خشڵ و زێرى قه‌ناعه‌ت ده‌روونى خۆت وه‌ڕازێنه.
پاش هه‌موو ده‌رد و ره‌نجان، هه‌ر یادى خواى میهره‌بان، سوكنایى ده‌دا به دڵان. مه‌رگ گه‌یشتن به‌وه، له‌و سه‌فه‌ره سڵ مه‌كه‌وه، شه‌وێ به زیكرى خوا بخه‌وه، رۆژیش به‌و یاده هه‌سته‌وه. فه‌رمانه‌كانى هه‌موو به چێژن، به‌س له تاریكیی ئه‌و یاده بنێژن. خۆ لێمان روونه رۆژێك له رۆژان، دوا مه‌سیرى ژیان، بۆ هه‌ر هه‌موومان، گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ حوزوور یه‌زدان. ده‌ى با تكا كه‌ین، له ژێر رۆشنایى شه‌به‌قى قورئان، به ره‌واییدان به به‌ندایه‌تیی هه‌موو به‌نده‌كان. بپارێینه‌وه له ده‌رگاى یه‌زدان، دڵمان رۆشن كا به نوورى قورئان. گوێدان به قورئان عه‌یاره بۆ ژیان، عه‌یارى خۆت ده په‌له‌ى لێ بكه، هه‌موو ئاڵۆزییه‌ك به‌پێى ئه‌و شر بكه.
قورئان باشترین پێڕه‌و و فۆرماته بۆ ئینسان. هه‌ر ئه‌و ده‌توانێ بۆشاییه‌كانى هاردى ته‌مه‌ن و هزرت به پارتیشێنێكى كامل چاكسازیی بكات. پارتیشێن و خۆ فۆرماتكردن به قورئان باشترین له‌مپه‌ره دژ به ڤایرۆسى شه‌یتان. مرۆڤ ئه‌مین و راست ئه‌و كه‌سه‌یه بێ فیز و گه‌وره‌یى بنوێنێ، له‌گه‌ڵ نه‌زانان سه‌لامخواز و ئاشتییپارێز بێت. كرده‌وه‌ى په‌سند و ره‌وشتبه‌رزیی رێبازى قوتابیانى قورئانه. ئه‌گه‌ر خه‌ڵكانى كاڵفام خراپ دوان. به ساخله‌مىی به‌رسڤى نه‌رم و نیانیان بده‌نه‌وه. به‌بێ ئینكاریی و تاوانباریی، به رووخۆشیی و ئارامیی به لایاندا گوزه‌ر كه‌ن.
قورئان په‌ڕاوى بێژه‌ى هه‌ڵاواردنى راستییه له ناڕاستیی، پاكیی له ناپاكیی، حه‌ق له ناهه‌ق...، به‌ره‌و قورئان چوون واڵابوونى ده‌رگاى به‌خته‌وه‌رییه. قورئان به ته‌نێ بۆ خه‌ڵكانى موسڵمان دانه‌به‌زیوه! به‌ڵكو تایبه‌ته به هه‌موو مرۆڤایه‌تیی و ته‌نانه‌ت گشت بوونه‌وه‌ران. قورئان ده‌ریاى خۆشه‌یستیی و به‌زه‌یى و زانست و په‌روه‌رده‌یه. قورئان به‌ڵگه‌ى سه‌لماندنى قیامه‌ت و داكۆكیكارى گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ خزمه‌ت خواى گه‌وره. ئاماژه ده‌كات به ژیانه‌وه‌ى زه‌ویه وشكبووه‌كان به‌هۆى باران و ژیانه‌وه‌ى گوڵ و گیا و رووه‌كه سروشتییه‌كان. ژیانه‌وه‌ى سروشت و زه‌وى وشك و برینگ به با و باران و خۆر و ئاڵ و واڵاكردن و رازاندنه‌وه‌ى فه‌رشى زه‌وییه به به‌روبووم و گوڵ و سه‌وزایى، سه‌نگى مه‌حه‌كى راستیی ژیانه‌وه‌ى دواى مردنه. ئه‌و قورئانه بۆ هه‌مووان مایه‌ى تێگه‌یشتنه و پاڵاوگه‌ى پاڵوتنى چاكه‌یه له خه‌راپه و بێژه‌ى خوداى وه‌دیهێنه‌ر و به‌دیهێنه‌ره. په‌یامى زیندووبوونه‌وه و قیامه‌تى دووره له شك و گومان و به‌بێ دوودڵیی راستییه‌كى حاشاهه‌ڵنه‌گره. قورئان چاكترین و باشترین پڕۆگرامى یاسایه، به‌ند به به‌ند و ماده به ماده‌ى بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى مرۆڤایه‌تیی و حوكمڕانیی و ده‌سه‌لاتدارى عادیلانه و چاندنى تۆوى خۆشه‌ویستیی و ته‌بایى و یه‌كتر قبووڵكردن و رزگاربوونه له زوڵم و چه‌وسانه‌وه و جیاوازییدانان و نه‌زانیی و باشترین فێرگه‌ى ئیسڵاح و داهات و وه‌كارخستنى توانا و وزه‌یه. هه‌ر له‌و سۆنگه‌وه حیكمه‌تى دروستكردنى بوونه‌وه‌رانیش ئاماژه پێده‌كات و ده‌فه‌رموێ:(بۆ نه‌تبینیوه په‌روه‌ره‌نده درێژه به سێبه‌ر ده‌دا؟ ئه‌گه‌ر خۆى حه‌زى كردبا، واى ده‌كرد كه له جێ نه‌بزوێ، خۆریشمان كردۆته به‌ڵگه له ئاكامدا _كه‌مه‌كه‌مه_به‌ره‌و خونى ده‌به‌ینه‌وه.) س فرقان/46 و 45.
ئه‌م دوو ئایه‌ته وێكچوونێكن سه‌باره‌ت به‌و نه‌زانیی و لاوازییه‌ى مرۆڤ ده‌گرێته‌وه، كه‌چى هه‌ر خوایه له رێگه‌ى نێردراوه‌كانى خۆى كۆتایى به‌و دۆخه دێنێت. لێكدانه‌وه‌یه‌كى دى ئه‌وه‌یه كه نه‌مانى بوونه‌وه‌ران نابێته گرنتى و به‌ڵگه‌ى فه‌وتانى به یه‌كجارییان، چونكه هه‌ر شتێك كه له دیدى ئێمه‌دا به نه‌ماو و فه‌وتاو بێته حساو، له راستییدا گه‌ڕاوه‌ته‌وه بۆ لاى خوداوه‌ند. هه‌بوونى رۆژیش بۆ بوونى سێبه‌ر به‌ڵگه‌یه له نوورى خودا و له سایه‌ى پڕشنگدانه‌وه‌ى ئه‌و نووره ئومێد و په‌نایه‌ك به‌دیده‌كرێت.
رامان له دروستكراوه‌كانى خوداوه‌ند:
(سا تۆ ناوى په‌روه‌ره‌نده‌ى مه‌زنى خۆت هه‌ر به پاكیی و دووره كه‌مایه‌سیی بێنه.)س واقعه/74. ئه‌ى مرۆڤ له چاكه‌ى ئه‌و هه‌موو ناز و نیعمه‌ته كه له خواى میهره‌بانه‌وه به سه‌رتدا باریوه، وێڕاى سپاس و ستایش به پاكیی زكر و وێردى تایبه‌تمه‌ندیی و ناوه پیرۆزه‌كانى خوا بكه. ئه‌و خودایه كه دروستكه‌رى هه‌مووانه و ناز و نیعمه‌ت و بژێویی بۆ دیاریی كردووین و به زوویى ده‌كه‌وینه‌وه به‌ر ده‌ستى تا به گوێره‌ى كرده‌وه سزا و پاداشتمان بۆ دیاریی بكا. جا هه‌ڵگه‌ڕاوه و لاده‌ره‌كان سه‌ره‌ڕاى بیستنى ئه‌و هه‌موو ئاگادارییانه سه‌رله‌نوێ تێهه‌ڵچوونه‌وه‌كانیان دێننه‌وه گۆڕێ. خودا هوشیاریی دا به پێغه‌مبه‌ر (سڵاوى خوداى لێ‌بیت)، كه ئه‌و هاوبه‌شیی و بێباوه‌ڕییه‌ى لاده‌ره‌كان باسى ده‌كه‌ن، به پاكیی هه‌ڵیسه‌نگێنێ. ئه‌و هوشیارییه هه‌موو باوه‌ڕداران ده‌گرێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ى كه ته‌سبیحاتى ناو و واتاى ناوه پیرۆزه‌كانى خودا، مه‌به‌سته‌وه به خه‌ڵكانى دیكه! رێز و گه‌وره‌یى خودا نه‌شوبهێنى به هیچ شتێكى دى. سه‌باره‌ت به زیندووبوونه‌وه له قورئاندا هاتووه كه: (هه‌موو كه‌س(تاڵاوی) مه‌رگ ده‌چێژێ؛ له پاشانا ده‌تان هێننه‌وه لاى خۆمان) س عنكبوت/57.
مه‌رگ حه‌قیقه‌ته بۆ هه‌مووان و هه‌موو كه‌س به‌ره‌و خۆى په‌لكێش ده‌كات، كه‌وایه ژیانى دونیا چه‌ند رۆژێ به‌ولا چىتر نییه. دوا ئاكامى ژیانى مرۆ مه‌رگ و گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ لاى خوداى گه‌وره، له‌وێ خوداى گه‌وره له‌گه‌ڵ به‌نده‌كانى خۆى حسابات ده‌كات، كه‌وایه ده‌بێ بزانین كه زینه‌ت و مادیات و جوانییه‌كانى دنیایى نابێ غافڵمان بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى سه‌ربه‌رز بین له پارلمانى كرده‌وه‌كانمان. با به عیباده‌ت و به‌ندایه‌تیی خوا به دروستیی غه‌سلێكى كاملى خۆمان بكه‌ین و به ئومێدى رزگاریی له تاریكیی و گه‌یشتن به لێبورده‌یى خوداى به‌به‌زه‌یى هه‌نگاو به‌ره‌و ئه‌و هه‌زه‌یه‌ش بنێینه‌وه چونكه هه‌ر له سۆنگه‌ى قورئانه‌وه سه‌باره‌ت به پاڕانه‌وه و عیباده‌ت هاتووه كه: (هێندێكیش له عه‌بده‌كانم هه‌ر ده‌یانگوت: په‌روه‌رێنمان! ئێمه باوه‌ڕییمان هێنا، تۆش به‌زه‌ییت پێمان‌دا بێ و له گوناهه‌كانمان ببووره، تۆ له گش كه‌س دڵسۆزترى) س. الموئمنون 109. دۆزه‌خییه‌كان داوا له خوا ده‌كه‌ن به‌هۆى تۆبه له ئاگر ده‌ریان فرتێنێت (ئه‌ى په‌روه‌ره‌نده‌ى گلامان! لێره‌مان بهێنه ده‌رێ، ئه‌گه‌ر ئه‌مجاره‌ش هه‌ر وا بووین، دیاره له ناهه‌قان ده‌بین)س الموئمنون 107. خوداى گه‌وره لێیان وه‌جواب دێت: (ئه‌و تۆبه‌یه‌ى كه ئێوه‌ى دۆزه‌خیی ده‌یكه‌ن جێگاى ئێره نییه! به‌و چه‌شنه‌یه كه باوه‌ڕداران تۆبه‌یان كرد و گه‌ڕانه‌وه لاى خودا و داواى رزگاریی و به‌خته‌وه‌رییان كرد به‌ڵكوو به‌هۆى كرده‌وه‌ى په‌سند بچنه ناو به‌هه‌شت، هه‌ر بۆیه په‌نایان بۆ ناوى پیرۆزى (خیرالرحمن) برد. ئێوه‌ش گاڵته‌و پێ ده‌كردن و پێیان پێده‌كه‌نین، ئه‌و پێكه‌نینه‌تان بوو به هۆكارى فه‌رامۆشیی و یادى منتان به ته‌واویی له‌بیر كرد).
له كۆتایىدا هه‌ر له سۆنگه‌ى قورئانه‌وه ده‌بێژین: (پایه‌به‌رزیی بۆ خودایه، كه پاشاى راسته‌قینه‌یه، هیچ په‌رستراوێكى تر جگه له‌و نییه، هه‌ر خۆیه‌تى په‌روه‌رێنى ته‌ختى هێژا) س. الموئمنون 116. په‌ڕاوه‌كه‌شى كه قورئانى پیرۆزه سه‌رچاوه‌ى په‌روه‌رده و ته‌بایى و لێبورده‌یى و برایه‌تیی و یه‌كسانیی و دادپه‌روه‌رییه. با به‌گوێره‌ى رێنوێنییه‌كانى قورئان بۆشایى ته‌مه‌ن و شێوازى هه‌ڵسوكه‌وت و كردارمان بگۆڕین، به دڵنییاییه‌وه ئارامگرتوو ده‌بین و زه‌وى ویستى هه‌ر دوو دنیامان پاراو ده‌بێت.
|