(به‌شی یه‌که‌م)
نووسینی: پرۆفیسۆر یوهان گاڵتونگ
وه‌رگێڕانی: سه‌لاحه‌ددین عه‌بباسیی
کاتێك ئه‌مریکاییه‌کان باس له سیسته‌می نوێی جیهانیی ده‌که‌ن، ده‌بێ چیان گه‌ره‌ك بێ وه‌ده‌ستی خه‌ن؟! من پێموایه پێکهاته‌ی ئه‌و سیستمه نوێیه ئاشکرا و روونه، هه‌روه‌ك دڵنیاشم که هه‌رگیز ناتوانن پێکیبێنن. به واتایه‌کی دی، ئه‌مه هه‌م هه‌واڵێکی ناخۆشه و هه‌میش هه‌واڵێکی خۆش. هه‌واڵه ناخۆشه‌که ئه‌وه‌یه که: گه‌لۆ! وڵاته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا ده‌بێ سه‌رگه‌رمی چی بێ؟ هه‌واڵه خۆشه‌که‌ش ئه‌وه‌یه که ئه‌م به‌رنامه و ته‌مایه‌یان سه‌رناگرێ.
بیچمی سه‌ره‌کیی ئه‌م سیستمه نوێیه‌ی ئه‌مریکا له شێوه‌ی هه‌ڕه‌م دایه: له بنکه‌که‌یدا وڵاتانی پاشکه‌وتوو (LDC) هه‌ن، ئه‌وجار وڵاتانی پێشکه‌وتوو (MDC) دێن و له لوتکه‌که‌شی ”واشینگتۆن دی سی“ (WDC)ه. ئه‌مه وێنه‌ی جیهانی ئاسایی له روانگه‌ی ئه‌مریکاییه‌کانه‌وه‌یه، به‌ڵام پرسیاری گرنگ لێره‌دا ئه‌وه‌یه که ده‌بێ له سه‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکا چی و کێ هه‌بێ؟! مه‌رج نییه هه‌ڕه‌مه‌که لێره‌دا کۆتایی بێ، به‌ڵکو له بان وڵاته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکاش شتێك هه‌یه، بێگومان ئه‌ویش خودا(The God)یه.
هه‌ر منداڵێکی ئه‌مریکایی هه‌موو به‌یانییه‌ك ده‌ست له‌سه‌ر سینگ ئه‌م سرووده نیشتمانییه ده‌ڵێنه‌وه : (I pledge allegiance to the flag of the United States of America, and the republic fo wich it stands. One nation under God, indivisible and with liberty and justice for all)) واته: (په‌یمانی دڵسۆزیی به ئاڵای وڵاته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا و کۆماره‌که‌ی ده‌ده‌م. نه‌ته‌وه‌یه‌ك که له‌خوار خواوه‌یه، یه‌کگرتوو و لێكجیانه‌کراوه‌یه و خاوه‌نی ئازادیی و دادوه‌رییه بۆ هه‌موو جیهان) خاڵی جێی سه‌رنج لێره‌دا ده‌سته‌واژه‌ی (One nation under God) واته ” نه‌ته‌وه‌یه‌ك له خوار خواوه“یه. ره‌نگه لێره‌دا وشه‌یه‌ك که‌م بێ، ئه‌ویش وشه‌ی (directly under God) واته ” راسته‌وخۆ له خوار خواوه“یه.
ئه‌گه‌ر بیر له‌وه بکرێته‌وه که ده‌بێ له‌و نێوانه‌دا (نێوان خودا و وڵاته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا) کێ هه‌بێ، ده‌بێ بیر و هۆشمان بۆ کێ و چی بچێ؟! من پێموایه سێ به‌ربژار هه‌ن: یه‌کیان مرۆڤایه‌تیی (Humanity)یه که به بنه‌مایه‌کی گرنگ ده‌ژمێردرێ. دووه‌میان نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان(UN) و سێیه‌میشیان ”یاسای نێوده‌وڵه‌تیی“ه. لێره‌دا ده‌بێ سه‌رنجی ئه‌وه بده‌ین که وڵاته یه‌گرتووه‌کانی ئه‌مریکا چۆن ئه‌م سێ پێکهاته‌یه ئاوێته ده‌کا به‌وه‌ی خۆی به باشترین نوێنه‌ری مرۆڤایه‌تیی داده‌نێ، نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان وه‌ك ئامرازێك بۆ فراوانکردن و به‌ره‌وپێشبردنی سیاسه‌ته‌کانی خۆی به‌کاردێنێ و، یاسای نێوده‌وڵه‌تیشی کردۆته دوو به‌ش: به‌شێکیان له خزمه‌ت به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی ئه‌و دایه، بۆیه به راست و ره‌وا داده‌نرێ و، به‌شه‌که‌ی دیکه‌ش له به‌رژه‌وه‌ندیی ئه‌و نییه، بۆیه هه‌ڵه‌یه.
بۆوه‌ی له جۆری مامه‌ڵه‌ی وڵاته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا تێبگه‌ین، ده‌بێ بزانین ئه‌وان چۆن بیرده‌که‌نه‌وه. ئه‌وه‌ش ده‌مانگه‌یه‌نێته ئه‌م پرسیاره: ده‌بێ چ شتێك له لای ئه‌مریکاییه‌کان گرنگ و بنه‌ڕه‌تیی بێ؟! بێگومان وه‌ڵامه‌که‌ی رۆشنبیریی (که‌لتوور)ه. بێ گومان و دوودڵیی ده‌مه‌وێ ئه‌وه بڵێم که به‌ره‌ی چه‌پی ئوروپا ( واته مارکسیسته‌کان و زۆری دیکه‌ش) له خوێندنه‌وه و تێگه‌یشتنیان بۆ وڵاته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا هه‌ڵه‌یه‌کی زۆر گه‌وره‌یان کردووه که پێیان وابووه هه‌موو شته‌که ته‌نیا په‌یوه‌ندیی به به‌رژه‌وه‌ندیی (قازانجی ئابووریی)ه‌وه هه‌یه. راسته که به‌رژه‌وه‌ندیی ئابووریی له‌لای ئه‌مریکاییه‌کان گرنگه، به‌ڵام له‌وه‌ش گرنگتر ئه‌وه‌یه که خۆیان به ”گه‌لی هه‌ڵبژێراو“ی خودا ده‌زانن. ئه‌وه‌ش له بنه‌ڕه‌تدا بۆچوونێکی جووله‌کانه‌یه.
به‌پێی بۆچوونی جووله‌کان، خودا له به‌ڵێننامه‌که‌ی خۆیدا به روونیی و ئاشکرایی گفتی داونێ که: ” ئێوه گه‌لی هه‌ڵبژێراوی منن“ و، زێده‌که‌شتان ” وڵاتی به‌ڵێندراوه“.
ئه‌وانه‌ی ساڵانی ١٦٢٠-١٦٣٠ گه‌یشتنه ئه‌و شوێنه‌ی دواتر بوو به وڵاته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا (USA)، ئاوا بیریان ده‌کرده‌وه: ” ئه‌مڕۆ وڵاتێك به ناوی ئیسڕائیل یا (زایۆن– Zion) له رۆژهه‌ڵاتی ده‌ریای ناوه‌ڕاست بوونی نییه. جوو هه‌ن، به‌ڵام نه‌یانتوانیوه ئه‌و ” وڵاته به‌ڵێندراو“ه بکه‌نه راستیی. تاکه هۆیه‌كیش بۆ ئه‌م شکسته هه‌یه، ئه‌ویش ئه‌وه که گفته‌کانی خۆیان به‌پێی به‌ڵێننامه‌که نه‌بردۆته‌سه‌ر. ئێمه ئه‌و ئیسڕائیلییه تازانه‌ین گه‌ره‌کمانه به گوێره‌ی به‌ڵێننامه‌که کار بکه‌ین. بۆیه ئێمه ” گه‌لی هه‌ڵبژێردراو“ین و ” وڵاتی به‌ڵێندراو“یش ئه‌وه‌یه ئێمه لێره ( له ئه‌مریکا) ده‌یبینین“.
دامه‌زرێنه‌رانی وڵاته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا نه ( جۆرج واشینگتۆن) و نه ( تۆماس جێفرسۆن)ن، به‌ڵکو ( جۆن وینترۆپ)ه. زۆربه‌ی ئه‌مریکاییه‌کان ئه‌م راستییه تاڵه ده‌زانن، به‌ڵام حه‌زناکه‌ن بیدرکێنن، چونکه ئازاریان ده‌دا. ئه‌گه‌ر که‌مێك بگه‌ڕێینه‌وه بۆ پێش ( جۆن وینترۆپ) و ئه‌و خوتبه و راسپارده ئایینییه‌ی ناوبراو زۆر به گرنگی ده‌زانی و له‌به‌رچاوی ده‌گرت، ئه‌مه روون ده‌بێته‌وه: ” به چاوی خۆمان ده‌بینین که خودای ئیسڕائیل له‌ناو کۆمه‌ڵی ئێمه دایه. هه‌ر کات ده که‌س له ئێمه توانی به‌سه‌ر هه‌زار که‌س له دوژمنان‌دا سه‌رکه‌وێ، ئه‌و کات خه‌ڵات و ده‌ستخۆشانه‌ی خودا به‌سه‌رماندا ده‌بارێ، به‌وه‌ی که وه‌چه‌ی شوێنکه‌وتوانی درێژه‌ی ده‌بێ. ئاگاداربن! خه‌ڵك گشتی ته‌مای تێمانه و چاوی تێبڕیوین.“ ئه‌مه بڕگه‌یه‌ك له وته و ئامۆژگارییه‌ك بوو که (رۆناڵد رێگان)یش به‌رده‌وام به‌کاری دێنا، به‌ڵام (رێگان) وه‌ستا و مامۆستای هونه‌ری ده‌ربڕین بوو، هه‌رگیز هه‌موو مه‌به‌سته‌که‌ی نه‌درکاند.
ئه‌مریکاییه‌کان ئێستا دووسه‌د و په‌نجا ملوێنن، به‌ڵام با له روانگه‌یه‌کی تیۆرییه‌وه سه‌یری ئه‌م نه‌ته‌وه‌یه بکه‌ین که چۆن و له چی پێکهاتووه: (پوریتان)ه‌کان بنه‌ما و ناوه‌رۆکی ئه‌م ئه‌مریکا خۆسه‌پێنه پێکدێنن که ئه‌مڕۆ ئێمه ده‌یناسین. پرۆفیسۆر ( داڤید فیشه‌ر) شیکارییه‌کی به‌نێوبانگی له باره‌ی چۆنیه‌تیی پێکهاتن و درووستبوونی وڵاته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا هه‌یه. ناوبراو له لێکۆڵینه‌وه‌که‌یدا به پشتبه‌ستن به ئامار و زانیارییه مێژووییه‌کانی به‌رده‌ستی به‌و ئه‌نجامه گه‌یشتووه که ئه‌مریکای ئه‌مڕۆ له بنه‌ڕه‌تدا له چوار تیره (بنه‌چه)ی ئینگلیزه‌وه په‌یدابووه. ئه‌وانیش بریتین له:
١- تیره‌ی یه‌که‌م (پوریتان)ه‌کان (Puritans) بوون که له (ماسۆشێتس) جێگیر بوون و دواتر بوونه چه‌قی ئیدئۆلۆژیکیی وڵاته یه‌کرتووه‌کانی ئه‌مریکا، واته بوونه ”گه‌لی هه‌ڵبژێراو“. هه‌ر ئه‌وانیش بوون رێباز و ئامانجی تایبه‌تییان بریتیی بوو له کاری زۆر و زیره‌کیی له مامه‌ڵه و بازرگانییکردندا. ده‌گێڕنه‌وه، یه‌کێك له نیشانه‌کانیان ئه‌وه بووه له‌سه‌ر کورسی جۆلانه‌یی داده‌نیشتن، تا وا بنوێنن که هه‌روا بێ ده‌نگ و جووڵه دانانیشن، به‌ڵکو هه‌میشه له جووڵه و بزووتن دان.
٢- تیره‌ی دووه‌م (کوه‌یکر)ه‌کان(Quakers) بوون که ئه‌مڕۆ ئه‌و به‌شه زۆر که‌مه‌ی ئه‌مریکا پێکدێنن که به خاوه‌ن به‌زه‌یی و سۆز ناسراون و زۆربه‌ی ئێمه‌ش خۆشمان ده‌وێن. ئه‌مانه وه‌ك (پوریتان)ه‌کان له رۆژهه‌ڵاتی ئینگلستانه‌وه نه‌هاتبوون، به ڵکو خه‌ڵکی ناوه‌ندی ئینگلستان بوون و له‌وێڕا گه‌یشتبوونه ئه‌مریکا و له باشوور له ( پێنسێلڤانیا) نیشته‌جێ بوون.
هه‌ر دوو ئه‌و تیره‌یه گرفت وکێشه‌یان له‌گه‌ڵ ئینگلستان هه‌بوو. وه‌ك گوترا سه‌رکرده‌ی (پوریتان)ه‌کان (جۆن وینترۆپ) بوو، یه‌کێك له سه‌رقافڵه‌کانی (کوه‌یکر)ه‌کانیش ناوی ( رۆگر وێلیامز) بوو. له کۆتاییه‌کانی ساڵانی ١٦٠٠دا له ( ماسۆشێتس) چوار که‌س له (کوه‌یکر)ه‌کان به ده‌ستی (پوریتان)ه‌کان به داردا کران. یه‌کێك له وته و بیرۆکه‌کانی ( رۆگر وێلیامز)یش ئه‌وه بوو که ده‌یگوت: ” ئێمه ده‌توانین ته‌نانه‌ت له‌گه‌ڵ دڕنده و کێویییه‌کانیش بژین“.
جا ئێستا با بگه‌ڕێینه‌وه سه‌ر ئه‌و وته‌یه‌ی (پوریتان)ه‌کان که ده‌ڵێ: ”خودای ئیسڕائیل له‌ناو کۆمه‌ڵی ئێمه دایه. هه‌ر کات ده که‌س له ئێمه توانی به‌سه‌ر هه‌زار که‌س له دوژمنان‌دا سه‌رکه‌وێ، ئه‌و کات خه‌ڵات و ده‌ستخۆشانه‌ی خودا به‌سه‌رماندا ده‌بارێ.“ به‌ڵێ! ئه‌وان که‌م بوون، به‌ڵام خه‌ڵکێکی زۆریان کوشت و له‌ناوبرد. کاتێك ژماره‌یه‌کی که‌م بتوانن ئه‌و گشته خه‌ڵکه له‌ناوبه‌رن ئه‌وه نیشانه‌یه‌که بۆوه‌ی خودای ئیسڕائیل ”‘له‌گه‌ڵ ئێمه“یه. هه‌تا خراپتر و دڕندانه‌تر مامه‌ڵه‌یان کردبا، به‌ڵگه‌ی چاکتریان ده‌ستده‌که‌وت که خودایان له‌گه‌ڵه. ئه‌وان ده‌بوو هه‌میشه سه‌ربکه‌ون و زۆر به ده‌گمه‌ن شکست بخۆن، به‌ڵام به‌ره‌ی به‌رامبه‌ر زۆرتر هه‌ر ده‌شکا و ده‌یدۆڕاند. ئه‌م حاڵه‌ت و بارودۆخه ( ئێمه سه‌رده‌که‌وین و دوژمنانیش ده‌به‌زن) له‌و کاته‌وه هه‌ر ماوه و پارێزراوه. ئه‌م سه‌رکه‌وتنانه‌ش به ته‌نیا ئی ئه‌وه نین که خودا لاگیری سه‌رکه‌وتووه‌کانه، به‌ڵکو له‌به‌ر ئه‌وه‌شه که خودا ئامراز و که‌ره‌سته‌کانی شه‌ڕیشی قبووڵه. ئه‌گه‌ر به ئامرازه‌کان رازی نه‌با، ”ئێمه“ هه‌رگیز سه‌رنه‌ده‌که‌وتین.
تاقه جارێك ئه‌مه سه‌ری نه‌گرتبێ، شه‌ڕی (ڤێتنام) بوو. هه‌ر بۆیه شه‌ڕی ڤێتنام بۆ ئه‌مریکاییه‌کان ته‌نیا کێشه‌یه‌کی سیاسیی- سه‌ربازیی نه‌بوو، به‌ڵکو گرفتێکی ئایینداریی بوو که په‌یوه‌ندیی به مان (وجود) و نه‌مانی ئه‌وانه‌وه هه‌بوو. که ئه‌مریکاییه‌کان شه‌ڕی ڤێتنامیان دۆڕاند، ده‌بوو له‌وه تێبگه‌ن ئیدی خودایان له‌گه‌ڵ نه‌ماوه.
٣- تیره‌ی سێیه‌م که به‌ره‌و ئه‌مریکا کۆچیان کرد ئه‌وانه بوون که له (دێڤون) (Devon) ڕا هاتبوون. ئه‌وانه زۆر هه‌ژار نه‌بوون و دواتر زۆرێكیان بوونه ”پیاوه ماقووڵه‌کان“ی (ڤێرجینیا). ئه‌م ده‌سته‌یه لایان وابوو ئه‌گه‌ر مرۆڤ خاوه‌نی کۆشکی یۆنانیی و به‌رده و که‌نیزه‌ک و نۆکه‌ر بێ، ئیدی ده‌شبێته خاوه‌ن که‌لتوور. که‌چی دیتمان بوونه خودانی کۆشکی یۆنانیی و به‌رده و نۆکه‌ر، به‌ڵام شتێکی وایان له که‌لتوور چه‌نگ نه‌که‌وت. له‌نێو ئه‌و تیره‌یه‌دا که‌سانی وه‌ك ( تۆماس جێفێرسۆن) و چینی یه‌که‌می ده‌سه‌ڵاتدارانی دوای سه‌ربه‌خۆیی له ١٧٧٦دا ده‌بینین.
٤- تیره‌ی چواره‌م (ریف- راف The Riff-Raff)ه‌کانن که له سنووری نێوان ئیرله‌ند، سکۆتله‌ند و ئینگلیستانه‌وه هاتبوون. ئه‌وانه له‌و ده‌ڤه‌ره نزیکه‌ی هه‌شتسه‌د ساڵ شه‌ڕیان کردبوو، بۆیه تیره‌یه‌کی زۆر شه‌ڕانیی و هێرشبه‌ریان لێ دروست ببوو. ئه‌مانه کۆمه‌ڵێکی گه‌وره‌یان له که‌سانی زۆر دڕنده و توندوتیژ پێکهێنابوو که دواتر له ئه‌مریکا خرانه ریزی پۆلیس و سه‌ربازانه‌وه.
ئه‌گه‌ر ئێستا مرۆڤ گه‌ره‌کی بێ له وڵاته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا تێ‌بگا، پێویسته ئه‌وه بزانێ که ئه‌و وڵاته له هاوپه‌یمانییه‌کی نێوان تیره‌ی یه‌که‌م و تیره‌ی چواره‌م دروست بووه. یه‌که‌میان به‌رنامه داده‌ڕێژێ و چواره‌میشیان جێبه‌جێی ده‌کا. به هه‌ردووکیشیان بناغه‌ی بناژۆیی وڵاته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا پێکدێنن که تا ئه‌مڕۆ توانیویانه ٣٥ سه‌رۆك له ٤٢ سه‌رۆکی ئه‌و وڵاته دیاریی بکه‌ن.
ئه‌وانه هه‌ردووکیان ئه‌و هه‌موو خه‌ڵکه‌یان له مه‌نجه‌ڵێکدا تواندۆته‌وه که پێکهاتووه له: فیز و خۆپه‌رستیی (پوریتان)یی، که‌مێك ساده‌یی (کوه‌یکر)یی، توێژاڵێکی ته‌نك له که‌لتوور و بڕێکی زۆریش مرۆی کرچ و کاڵ. ئه‌وجار هاتوون نوروێژیی، سوئێدیی، دانمارکیی، ئاڵمانیی، ئیتالیایی، پۆڵۆنیی و ده‌سته و کۆمه‌ڵه خه‌ڵکی دیکه‌یان به‌سه‌ردا کردوون و ئه‌وانیشیان تواندوونه‌وه.
به بڕوای من ئه‌و خوێندنه‌وه کۆنه‌ی بۆ پێکهاته‌کانی ئه‌و مه‌نجه‌ڵه کراوه، هه‌ڵه‌یه. وڵاته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا له هه‌موو ئه‌وانه پێکنه‌هاتووه که کاتی خۆی کۆچیان بۆ ئه‌و وڵاته کردووه، به‌ڵکو له ده‌سته‌ی یه‌که‌م و چواره‌م دروست بووه و ئه‌وانی دیش خۆیان له‌گه‌ڵ ئه‌و دووانه گونجاندووه. ده‌سته‌ی دووه‌م ئێستاش هه‌ر وه‌ك ئۆپۆزیسیۆن ده‌ورده‌گێڕن، به‌ڵام ته‌نیا نزیکه‌ی ١٠%ی کۆمه‌ڵگه‌که پێکدێنن. ده‌سته‌ی سێیه‌میش کاتێك ویستیان جیاببنه‌وه و سه‌ربه‌خۆ بن له شه‌ڕی ناوخۆیی ساڵه‌کانی ١٨٦١-١٨٦٥دا قڕکران و له‌نێوبران.
درێژه‌ی هه‌یه
————————————
په‌راوێزه‌کان:
Zion: له بنه‌ڕه‌تدا ناوی کێوێکی نزیك شاری (قودس) “ئۆرشه‌لیم“ه، به‌ڵام دواتر بۆ ناوی شاری قودسیش به‌کارهاتووه. ئێستا به‌پێی ئایینیی جووله‌که‌کان به وڵاتی ئیسڕائیل ده‌گوترێ. (زایۆنیزم) و (زایۆنیست) هه‌ر له‌وه‌وه هاتووه.
Quakers: پێشیان ده‌گوترێ ”کۆمه‌ڵگه‌ی ئایینیی هاواڵان“. ره‌وتێکی ئایینیی گاورانه بوو که له سه‌ده‌ی حه‌ڤده‌هه‌مدا له‌گه‌ڵ مه‌سیحییه‌تی (ئینگلستان) له تێروانین و بۆچوونی دینییدا که‌وتنه کێشه. دواتر کۆچیان کرد بۆ ئه‌مریکای باکوور و له ( پێنسێلڤانیا) نیشته‌جێ بوون. زۆرتر لاگیری ئاشتیی و نه‌مانی شه‌ڕ بوون. پشتیوانیان له مافه‌کانی تاك و کۆی کۆمه‌ڵگه ده‌کرد و به دوای زانست و فێربووندا ده‌گه‌ڕان.
|