ماته‌مێك دایگرت نیشتمانی کورد
کاتێك پێنج گیانیان به داره‌وه کرد
له هه‌موو جیهان کوردی خرۆشاند
ته‌وژمی کوردان دوژمنی تۆقاند
ویستی ئه‌هریمه‌ن چاوترسێنیی بوو
سه‌رهه‌ڵنه‌دانی هاوبهڵێنیی بوو
هه‌رچه‌ند ده‌توانی دڵان وه‌ژان بێنی
زۆر به نامه‌ردیی چوارمان بخنکێنی
هه‌ر له‌و ساته‌وه تیشکی رووناکیی
بوو به چه‌که‌ره‌ی قین و بێباکیی
ته‌نیا پێنج جه‌سته ده‌نگیان خامۆش بوو
په‌یامیان بۆ گه‌ل بێداریی و هۆش بوو
خه‌بات و شۆرش هه‌ڵگیرسایه‌وه
تۆزی بێده‌نگیی ڕاته‌کایه‌وه
ته‌وژمی ماته‌م بوو به ڕاپه‌ڕین
یه‌ك پارچه وڵات بوو به گڕ و قین
شه‌هید بۆ ئێمه پێناسه‌ی گه‌له
رزگاری نابێ دوژمن ئه‌م هه‌له
چیت پێ بڕا دوژمن؟ تۆ هه‌ر زه‌بوونی
هێمای ئه‌هریمه‌ن له‌سه‌ر گه‌ردوونی
(عه‌له‌م هولی)ه‌که‌ی شێره کچی کورد
ناوت ده‌مێنێ له بیر درشت و ورد
(فه‌رزاد که‌مانگه‌ر) مامۆستای لاوان
وانه‌کانت بوون به هه‌وێنی ژیان
(فه‌رهاد وه‌کیلی) ئازا و به‌هه‌یبه‌ت
هه‌زاران رێبوار گرتیان رێگاگه‌ت
(عه‌لی حه‌یده‌ری) جوانمێر و ئازا
ئێوه سه‌رقافڵه‌ن بۆ شۆرشی تازه
(میهدی ئیسلامی) ترپ سه‌ر دڵانی
تۆش چالاكوانی ئازادی ژیانی
ئێوه نه‌مرن به‌رزن وه‌کو شاخ
بوونه به‌ڵێنی هه‌ڵکردنی به‌یداخ
ڕۆڵه‌ی کوردی گوردین ده‌ست هه‌ڵنابڕین
دژ به ئه‌هریمه‌ن پۆڵا و ئاگرین
خۆفی هه‌ڵپڕوکا که‌له‌پچه‌کردن
نا بۆ زه‌بوونی هه‌م کڕنۆشبردن
عه‌بدوڵڵا عومه‌رنه‌ژاد
هه‌ولێر
28\5\2010
|