|
|
|
|
رێگای زیندانه‌کان له قوتابخانه‌وه ده‌ستپێده‌کات
نــاسـر ح.
زۆر جار هێز ده‌بێته پێوه‌ری ده‌سه‌ڵات و، بێهێز و لاوازه‌کان ده‌بنه خۆراکی حه‌زی بێجێی زلهێزه‌کان. له‌وه‌ش ناڕهواتر پۆلێن‌کردنی مرۆڤه‌کانه به‌پێی ره‌نگ و زمان و نه‌ته‌وه و...... با بزانین له زیندانه‌کانی وڵاته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکادا، چی رووده‌دا. له مانگی مارسی-2006-دا، "شاکواندا کۆتۆن"ی پازده‌ساڵه له ویلایه‌تی تێکساس، بۆ ماوه‌یه‌کی دیاریی نه‌کراو، حوکمدرا. هۆی زیندانییکردنی ئه‌م کچه ئه‌وه بووه که له کاتی چوونی بۆ قوتابخانه، که‌مێك زووتر له وه‌ختی خۆی، له‌لایه‌ن چاودێری قوتابخانه‌وه رێی پێده‌گیرێ و ئه‌ویش پاڵێك به چاودێره‌که‌وه ده‌نێت. له دانیشتنی دادگادا ده‌رکه‌وت که چاودێره‌که هیچ شوێنه‌وارێکی لێدانی پێوه دیار نییه، له کاتێکدا که ”شاکواندا“ ده‌ستێکی بریندار بووه و تووشی شڵه‌قانی ده‌ماغیش بووه. حوکمی دیارینه‌کراوی ئه‌م کچه ترسی ئه‌وه‌ی هه‌یه تا ته‌مه‌نی ده‌بێته-21-ساڵ، له زینداندا بمێنێته‌وه. ئه‌م پرسه خه‌ڵکێکی زۆر، به‌تایبه‌ت که‌سانی دیار و پله‌به‌رزی به‌خۆیه‌وه سه‌رقاڵ کردووه. ره‌خنه‌گران له‌م حوکمه پێیانوایه ئه‌مه نموونه‌یه‌کی ئاشکرایه له کرداری ره‌گه‌زپه‌رستانه و نامرۆڤانه دژ به منداڵه هه‌ژار و ره‌شپێسته‌کانی ئه‌مریکا.
ئه‌مریکا تاکه وڵاتی جیهانه که زۆرترین زیندانیی تێدایه. به‌پێی وته‌ی وه‌زاره‌تی دادی ئه‌و وڵاته، ساڵی-2005-، دوو ملوێن و دووسه‌د هه‌زار که‌س له زیندانه‌کانی ئه‌مریکادا هه‌بوون. ئه‌م ژماره‌یه له-33-ساڵی دواییدا به‌شێوه‌یه‌کی به‌رچاو زیادی کردووه. ئێستا له جیهاندا-9-ملوێن که‌س له زیندانه‌کاندا ده‌ناڵێنن که چواریه‌کیان له زیندانه‌کانی ئه‌مریکا دان. له‌ناو زیندانییه‌کانی ئه‌مریکادا، ژماره‌ی ره‌شپێسته‌کان، به به‌راورد له‌گه‌ڵ ئه‌وانیتر، زۆر زیاتره و ئه‌گه‌ری خرانه زیندانی ره‌شپێسته‌کان شه‌ش ئه‌وه‌نده‌ی سپیپێسته‌کانه. ئێستا ژماره‌ی زیندانییه ره‌شپێسته‌کان زیاد له-900000-که‌سه له‌کاتێکدا ساڵی-1954-ته‌نیا-98000-بووه. رێکخراوی ”لێبوردنی نێونه‌ته‌وه‌یی“ یه‌کێك له‌و رێکخراوانهیه که دژی (به‌توندیی ره‌فتارکردن)ه له‌گه‌ڵ ئه‌و مێرمنداڵانه‌ی تووشی زیندانییکردن ده‌بن. ساڵی-2005-نزیکه‌ی-2225-که‌س حوکمی زیندانیی هه‌میشه‌ییان به‌سه‌ردا سه‌پا، له‌کاتێکدا زۆربه‌یان ته‌مه‌نیان له‌ژێر-18-ساڵه‌وه بوو. تا ئێستا ته‌نیا-13-ویلایه‌ت له ئه‌مریکا (ته‌مه‌نی یاسایی تاوان)ی جێگیریان بۆ تاوانکردن هه‌یه. به‌پێی رێکخراوی ”یونیسێف“، ئه‌و ته‌مه‌نه به‌پێی یاسای ویلایه‌ته‌کان جیاوازه و له نێوان-6-و-12-ساڵیی دایه. له زۆرێك له‌و ویلایه‌تانه‌دا (ته‌مه‌نی یاسایی تاوان) له نێوان-7-و-14-ساڵیی دایه و ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌و ویلایه‌تانه پێیانوایه منداڵان له‌و ته‌مه‌نه‌دا ده‌توانن به‌رپرسی کاره‌کانی خۆیان بن. له باکووری ئه‌م وڵاته و، له‌و شوێنه‌ی (ته‌مه‌نی یاسایی تاوان)-15-ساڵه، ئه‌و بۆچوونه هه‌یه که پێیوایه یاسا پێشێلکردن له‌لایه‌ن گه‌نجانه‌وه نیشانه‌یه‌کی دیاره بۆ گرفتی گه‌شه‌ی منداڵ. هه‌ر له‌به‌رئه‌وه له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتداران پێویسته خه‌م له کۆمه‌ڵگه بخۆن و سزادانی منداڵان وه‌ك کارێکی بێبه‌زه‌یی و وه‌حشیگه‌رانه، بناسێنن. له‌لایه‌کی دیکه‌وه رێکخراوی (ناوه‌ندی یاسایی بۆ هه‌ژاریی له باشوور) پێیوایه هه‌ژاریی و بارودۆخی ناله‌باری خێزانیی دوو له هۆکاره سه‌ره‌کییه‌کانن که واده‌که‌ن منداڵان ماوه‌یه‌کی زۆری ژیانیان له زیندانه‌کاندا به‌سه‌ربه‌رن. وه‌زاره‌تی دادی ئه‌مریکا درکاندی که-32%-ی ئه‌و لاوانه‌ی له ساڵی-1999-دا ده‌ستگیرکراون، ته‌مه‌نیان له‌ژێر-15-ساڵییدا بوو. به‌و پێیه ساڵانه ده‌یان هه‌زار منداڵی ژێر ته‌مه‌نی-15-ساڵ ده‌خرێنه زیندانه‌وه. له‌باره‌ی ئه‌و زیندانییکراوانهدا، که وه‌ك تاوانکار مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌کرێ، رێکخراوی (ناوه‌ندی یاسایی بۆ هه‌ژاریی له باشوور) چه‌ند نموونه ده‌ناسێنن:
داوود: زۆر جار له (لویزیانا) رووبه‌ڕووی دادگا بۆته‌وه. کێشه‌ی سه‌ره‌کیی ئه‌و، که بووه هۆی شه‌رمێکی زۆر له ناخیدا، ئه‌وه بوو نه‌یتوانی فێری خوێندنه‌وه و نووسین بێ، بۆیه ببووه گاڵته‌جاڕی مامۆستا و هاوڕێکانی. رێکخراوی ناوبراو به‌توندیی ره‌خنه‌ی له قوتابخانه‌که گرت که یارمه‌تیی پێویست بۆ ئه‌و قوتابییانه دابین ناکه‌ن که ئاتاجیان به خوێندنی زیاتره. گابی: له ته‌مه‌نی-9-ساڵییدا و له ویلایه‌تی ئالاباما، به بیانووی پاڵنانی مامۆستایه‌ك، بۆ ماوه‌ی ساڵێك له قوتابخانه دوورخرایه‌وه. ئه‌میش وه‌ك داوود گرفتی فێربوونی هه‌یه، بۆیه رێکخراوی ناوبراو، پاش پهیوهندییگرتن به دایکیه‌وه، پێیوابوو ده‌بێ ”گابی“ خوێندنی تایبه‌تی هه‌بێ تا چاکترکارهکانی به‌ڕێوه‌به‌رێ. زووری: ته‌مه‌نی-12-ساڵان بوو که خانوو و ماڵیان به‌هۆی زریانی "کاترینا"وه له‌ده‌ستدا. هه‌ر له ته‌مه‌نی-5-ساڵییه‌وه ئازار و ناڕه‌حه‌تییه‌کانی زووری له دوو لاوه ده‌رکه‌وتن بێ ئه‌وه‌ی له هیچ لایه‌که‌وه، بۆ که‌مکردنه‌وه‌ی کێشه‌کانی، یارمه‌تیی بدرێ. ئه‌و له‌لایه‌ن قوتابییه‌کانی دیکه‌وه گاڵته‌ی پێ ده‌کرا، ئه‌وه‌ش وایکرد هه‌ڵسوکه‌وتی به شێوه‌یه‌کی خراپ بگۆڕدرێ.
ئه‌مه بارودۆخی ئینسانه‌کانی نێو ده‌زگا و ناوه‌نده فێرخوازه‌کانی ئه‌مریکان. رێکخراوی (ناوه‌ندی یاسایی بۆ هه‌ژاریی) پێی وایه که رێگای زیندانه‌کانی ئه‌مریکا له ژووری قوتابخانه‌وه ده‌ستپێده‌کا و، له‌وێشدا به‌تایبه‌ت ره‌شپێسته‌کانی تێدا ده‌چه‌وسێنرێنه‌وه. ئێستا، هه‌زاران منداڵی هه‌ژار له زیندانه‌کاندا، چاوه‌ڕوانن نووری به‌زه‌یی ده‌سه‌ڵاتداران له ده‌لاقه‌ی زیندانه‌وه بێته ژوور و هیوایه‌کی دیکه‌ی ژیان بگه‌ڕێننه‌وه نێو دڵه‌کانیان.
|
| ||||||||||||||||||||||||||||||||||
|
|
|
|
All rights reserved khabat.org © 2002 - 2008